پارتی دیموکرات چیتر متمانەی بە قوباد تاڵەبانیی نەماوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت کە پارتی متمانەی پێیان نەماوە و ئامادە نییە لەگەڵیاندا کۆ بێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسنیووز بڵاوی کردەوە "لە دوایین لێدوانیدا، قوباد تاڵەبانی بانگەشەی ئەوەی کرد گوایە ئەوان وەک یەکێتی نایانەوێ لەبارەی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی کۆ ببنەوە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی داوای کۆبوونەوەی لە یەکێتی نەکردووە!.

لەمبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "نازانین قوباد تاڵەبانی ئەم قسەیەی لە کوێ هێنا، تۆ کە داوای کۆبوونەوەت لێ نەکراوە، هاتووی دەڵێی کۆ نابمەوە، مانای وایە لە ئەسڵدا زۆر دەمێکە تامەزرۆی کۆبوونەوەیت و حیسابت بۆ نەکراوە، بۆیە هاتووی بەم قسانە دڵی خۆت دەدەیتەوە".

ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە وەک کادیرانی پارتی، لەوە تێدەگەین کە پارتی لەگەڵ حزبێک کۆ نابێتەوە کە سەرکردەکانی خۆیان نەزانن چیان دەوێ و لە شوێنی ترەوە فەرمانیان بۆ بێت، یەکێتی ئێستا ڕێک لەم دۆخەدایە، لە لایەکەوە مەمنوونی مەرحەبایەکی پارتییە، لە لایەکی ترەوە دۆستی دوژمنانی کوردستانە و پیلانگێڕی دەکات، پارتییش ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پێ خۆش نییە! بە کورتییەکەی، یەکێتی لەو کاتەوەی کەوتۆتە ژێر دەستی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و سیاسەتێکی هەڵبژاردووە کە سەرکردەکانی خۆیان بە هەرزە و کاڵفامی سیاسی وەسفی ئەم جۆرە سیاسەتە دەکەن، چیتر حزبێک نەماوە کە خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، کۆبوونەوەش لەگەڵ ئەم جۆرە حزبانە بێ سوودە، با هەر لەگەڵ رەیان کلدانی و میلیشیا هاوشێوەکانیان کۆ ببنەوە و پیرۆزی یەکتر بن".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسیدا متمانەی لەدەست داوە، هەموو حزبەکانی کوردستان تێگەیشتوون کە ئەگەر دەیان کۆبوونەوەش لەگەڵ یەکێتی بکەن و چەندان ڕێککەوتنیش مۆر بکەن، "لەبەر ئەوەی یەکێتی خیانەت لە ڕێککەوتنەکانی خۆی دەکات و بە قەولی خۆیان گوتەنی، هاوڕێی نیوەی ڕێگەیە، ئیتر متمانەی پێ ناکرێت، بۆیە کۆبوونەوەش لەگەڵ حزبێک کە متمانەت پێی نەبێت، کارێکی بێسوود و زیادەیە".

لە کۆتاییشدا داوای لە قوباد تاڵەبانی کرد، بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و بەڵێن بدەن کە هەر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، پێیەوە پابەند دەبن و لە پشتەوە پیلانگێڕی لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمەکەمان ناکەن، "ئەوکات پارتییش لەگەڵیان کۆ دەبێتەوە".

News Code 223651

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha