ناکۆکیی نوێی پارتی‌ و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانە

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق یەکێتیی بە دوو باڵەوە لە هەوڵی دروست‌کردنی هاوپەیمانێتیدایە لەگەڵ گۆڕان- کۆمەڵ- یەکگرتوو؛ پارتیش سۆسیال دیموکرات- شیوعی- زەحمەتکێشان ‌و چەند لایەنێکی تری کۆ کردەوە بۆ هەمان مەبەست، پارتی دەڵێت "لە   لەگەڵ خیانەتکارانی ۱۶ی ئۆکتۆبەر هاوپەیمانێتی ناکەین"، هەردوو حزب هێشتا کێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەلادا نەخستووە، چونەتە ناو کێشمەکشێی هەڵبژاردن لە کەرکووک.

دراو میدیا وردەکاری زیاتر لەمبارەوە لەم راپۆرتەدا دەخاتە ڕوو

 

پارتیش دەستیپێکرد !

کەمال کەرکووکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک- گەرمیان، نوێنەری ژمارەیەک لە حزبە کوردییەکانی کەرکووکی بانگهێشتی هەولێر کرد، لە نوسینگەکەی خۆی لەگەڵیاندا کۆ بووەوە.

کەرکووکی لەم کۆبونەوەیەدا بۆچوونی لایەنەکانی وەرگرت سەبارەت بە دروست‌کردنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

ئەو لایەنانەی کە نوێنەری خۆیان بۆ کۆبوونەوەکەی کەمال کەرکووکی ناردبوو بریتی بوون لە:

    پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

    حزبی شیوعی کوردستان

    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

    بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان‌ و چەند لایەنێکی تر

دوای کۆبونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کەمال کەرکووکی رایگەیاند" ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێک هاوپەیمانێتی بکەین بۆ هەڵبژاردن جگە لە خیانەتکارانی ۱۶ی ئۆکتۆبەر".

 

ئاڵۆزیی دوای کۆبوونەوە

لە فەرهەنگی پارتیدا مەبەست لە خیانەتکارانی ۱۶ی ئۆکتۆبەر، یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، قسەکانی کەمال کەرکووکی لەبارەی یەکێتییەوە دوای رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حزب لە هەولێر، کۆبونەوەیەک کە بێ ئەنجام بووە، چونکە هەردوولا لەسەر پرسی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان‌و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد ناکۆک بوون، سەرەڕای ناکۆکییەکانی دیکە.

یەکێتی لەگەڵ ئەوەبووە کۆی کێشەکانی نێوان هەردوو حزب بەیەک پاکێج گفتوگۆی لەسەر بکرێت‌و هەوڵی چارەسەری بدرێت، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەبووە لەم دۆخەی ئێستادا کێشەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان‌و پرسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکرێن، واتا بەبێ دەستبردن بۆ چارەسەری کێشەی ئەمنیی نێوان هەردوولا.

هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی‌و یەکێتیدا، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی کۆتایهاتنی کارکردنی خۆی لە پەرلەمان راگەیاند، ئەمە دانپێدانانی فەرمی پارتی بوو بە بڕیاری رۆژی ۳۰ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی ‌و یەکێتیی هێشتا لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتوەتە رێککەوتن، لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چونە ناو ناکۆکییەکی نوێوە، ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مەکتەبی سیاسی هەردوو حزب جارێکی تر کۆ ببنەوە.

 

دەنگی کەرکووک لەبەردەم دوو لیستی یەکێتیدا

بڕیارە رۆژی ۱۸ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاربوو لە ساڵی ۲۰۱۸دا هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەکراو دواخرا.

دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەر لە ۱۰ ساڵ بەڕێوەچووە کە هەڵبژاردنەکەی نیسانی ۲۰۱۳ بوو، ساڵی ۲۰۱۹ یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی تشرینی عێراق هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو، خۆپیشاندەران ئەنجومەنەکانیان بە گەندەڵ ناودەبرد، ئەوکات وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستنی شەقام‌و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر خۆی، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێک ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندنەوەو کاری چاودێکردنی پارێزگارەکانی دایە دەست پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی پارێزگاکانیاندا.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەمساڵدا، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن لەناوچە جێناکۆکەکان، بەدیاریکراویش پارێزگای کەرکووک.

لاهور شێخ جەنگی نامەی بۆ ژمارەیەک لە حزبەکان ناردووە، داوای دروستکردنی هاوپەیمانێتییان لێدەکات بۆ هەڵبژاردن‌ و هاوپەیمانێتییەکەی ناو لێناوە "لیستی گەل".

لاهور شێخ جەنگی دوای تەقینەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ کوڕەکانی مام جەلال لەناوخۆی یەکێتیدا، سەرباری ئەوەی هێشتا خۆی بە یەکێتیی دەزانێت، بەڵام دەیەوێت بۆ یەکەمجارو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا چانسی خۆی لەناو هەڵبژاردن‌و لەبەردەم خەڵکدا تاقی بکاتەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەزمونەکە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆپی بکاتەوە.

هێشتا لاهور شێخ جەنگی وەڵامی دەستپێخەرییەکەی لە حزبەکان وەرنەگرتەوە،  بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی لە سلێمانی سەردانی (بزوتنەوەی گۆڕان- کۆمەڵی دادگەریی- یەکگرتووی ئیسلامی) کرد.

بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەڕێگەی هاوپەیمانێتییەکەوە زۆرینەی کەرکووک لەبەرژەوەندی یەکێتیی یەکلابکاتەوەو پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، کە یەکێتیی لەدوای رووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷وە لەدەستی داوە.

لەدواین هەڵبژاردندا (واتا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱)، لە سنوری پارێزگای کەرکووک، لەکۆی ۱۲ کورسی پەرلەمان، کورد بەتێکڕا ۶ کورسی پارێزگاکەی بردەوە، لەم رێژەیە یەکێتیی (۳) کورسی بردو پارتی (۲) کورسی‌ و جووڵانەوەی نەوەی نوێش (۱) کورسی. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەریخست یەکێتیی چیتر پێگە بەهێزەکەی لە کەرکووک نەماوە، وەرنەگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە ۲۰۱۷وە تائێستا، کاریگەری لەسەر پێگەی یەکێتیی لە کەرکووک داناوە، سەرباری ئەمەش ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لیستی هەبێت بۆ هەڵبژاردن لەو پارێزگایە، کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی یەکێتیی دەبێت.

 

هەوڵە بێ ئاکامەکانی یەکێتیی !

رووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ لێکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان‌و کەوتنی داعش بوون لە ناوچەکە، ئەم رووداوانە دەستی هێزە عێراقییەکان‌و حەشدی شەعبییان کردەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشترو بەر لە هاتنی داعش تێیدا جێگیربوو بوون، لەم رووداوانەدا پارتی، یەکێتیی بەوە تۆمەتبار دەکات خیانەتی کردووەو بەرەکانی شەڕی بۆ هێزی حەشدی شەعبی چۆڵکردووە، پارتی بەبەردەوامی کار لەسەر ئەم گوتارە دەکات، دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگەی مێژوویی یەکێتیی بدات لە کەرکووک.

ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ لەگەڵ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکاندا، پارێزگای کەرکووک (نەجمەدین کەریم) کە سەربە یەکێتیی بوو، کەرکووکی بەرەو هەولێر بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی عێراق پارێزگارێکی بەوەکالەت (راکان جبوری)یان دانا.

لەوکاتەوە تائێستا یەکێتیی چەندین هەوڵی خستوەتەگەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئاکام بوون، لە دیارترینی ئەو هەوڵانە:

    لەرێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا لە تەموزی ۲۰۱۹دا، یەکێتیی پڕکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بەستەوە بە پێکهێنانی حکومەتەوە، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتەوە بە یەکێتیی‌ و ئەم کارە لەرێگەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە جێبەجێ بکرێت کە کورد تێیدا زۆرینە بوو، بەڵام دواتر ناکۆکی لەبارەی کاندیدەکانی پۆستەکە سەیرهەڵدا‌و پارتی رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد. ساڵی ۲۰۱۹ پەرلەمانی عێراق بەبڕیارێک ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە، ئیتر یەکێتیی هیچ ئومێدێکی نەما بتوانێت بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێکی نوێ لە شوێنەکەی کۆچکردووە (د. نەجمەدین کەریم) بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دابنێت.

    سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێتیی هێشتا چاوی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەڵنەگرت، بۆیە سەرەتای ساڵی رابردوو کاتێک راکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوت، لەناو یەکێتیدا خێرا ئامادەکاری کرا بۆ دانانی کاندیدی شوێنگرەوە، ئەوکات باس لە دانانی (خالید شوانی یاخود رێبوار تەها) دەکرا، بەڵام جبوری ئەمجارەش مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەڵبژارد و نەچوو بۆ پەرلەمانی عێراق.

    ئۆکتۆبەری ۲۰۲۲ کاتێک پارتی‌ و یەکێتیی چوونە ناو دانوستانەوە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، جارێکی تر یەکێتیی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆکان، بەڵام پارتی لەمبارەیەوە هیچ گرەنتییەکی پێ نەدا.

لەدوای رووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیتر پۆستی پارێزگاری کەرکووک تەنیا وەکوو پۆستێکی جێناکۆک لەنێوان پارتی‌ و یەکێتیدا نەماوەتەوە، جگە لە حکوومەتی عێراق، تورکیاش دەیەوێت قسەی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە پڕکردنەوەی ئەم پۆستەدا.

ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی ئێستای یەکێتیی لەگەڵ تورکیا‌ و ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە، ئەگەر تا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چارەسەر نەکرێت، کاریگەری لەسەر پێگەی یەکێتیی لە کەرکووک دەبێت، مەگەر ئێرانییەکان لەرێگەی لایەنە عێراقییەکانەوە پاڵپشتی بکەن.

News Code 221770

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha