ئامانجەکانی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی و بەرنامەکانی ئەم حزبە بۆ چالاکییە سیاسییەکانی داهاتووی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لە ئامانجەکان و ئاستی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانی و بەرنامەکانی ئەم حزبە بۆ داهاتوو کرد و ڕایگەیاند: ئێمە یەکێتیی نیشتمانی بە حزبی داهاتوو ئەزانین و لەبارەی گەنجان، خوێندنی باڵا و کاروباری فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و چەندین بابەتێکی تر پڕۆژەی گرینگمان لەبەردەستە.

کوردپرێس

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە هەم ئەم حزبە و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی چەندین کێشەی سیاسی و ئابووری و هەروەها ناکۆکیی ناوخۆیی لە دۆخێکی نالەباردان. بۆشایی یاسایی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتیی هەرێمی کوردستان دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گۆڕینی حکوومەتی هەرێم بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەروەها کێشەی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان سێ کێشە سەرەکیی هەرێمی کوردستانن کە حزبە دەسەڵاتدارەکانیشی نیگەران کردووە. لە لایەکی دیکەوە ناکۆکی ناوخۆیی ڕەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری، پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی؛ کێشەکانی هەرێمی کوردستانی دووئەوندە زیاترکردووە. لەم بارودۆخەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا بەر لە وادەی ئاسایی خۆی کۆنگرە ببەستێت و سەرەڕای بەشداری‌نەکردنی بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حزبەکە ئەم کۆنگرەی پێنجەم بەسترا.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی پێشوو و ئێستای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئاستی بەڕێوەچوون و ئامانجەکانی یەکێتی لە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبە لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بە کوردپرێسی وت: من وا تەسەور دەکەم کە کۆنگرەی پێنجی یەکێتی لەو ئاستە زیاتر بوو کە ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد، نەک تەنها ئێمە زۆربەی دۆستەکانیشمان و نەیارەکانیشمان ئەو ئیعتیرافە دەکەن. ئەو کۆنگرەیە بۆ دوو مەبەست دەستمان پێکرد؛ یەکەمیان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانە بوو کە لە کۆنگرەکانی ۲ و ۳ و بە تایبەتی ۴ بە هەڵواسراوی مانەوە و چارسەر نەکران و بۆ ئەوەی یەکێتیی لەو دۆخە نەجاتی بوێت و یەکدەست و یەکڕەنگ و یەک هەڵوێست بێت کە ئەمە تەحیق کرا. دووهەمیش خۆئامادە کردن بوو بۆ ئەوەی بە یەکڕیزی بچینە ناو کۆنگرە و بە یەکەوەیش لە کۆنگرە دەرچین کە ئەمەش تەحقیق کرا. هەروەها مەبەستمان خۆ ئامادە کردن بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە هەڵبژرادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. زیاتریش لەوە ئێمە یەکێتیی نیشتمانی بە حزبی داهاتوو ئەزانین گەنجە بۆ ئێمە پڕۆژەیە واتا پڕۆژەی ژیانی داهاتووە. ئێمە خوێنمان لەبەردەڕوا کە دەبینین لەم ڕۆژانەدا گەنجەکانمان بەرەو دەرەوە دەڕۆن، پێویستە هەموو تواناکانمان بەکار بێنین بۆ چارەسەر کردنی کێشەی گەنجان. ئەو کێشانەی کە لە ئەنجامیدا گەنجان کۆچ ئەکەن. هەروەها دەبێت ئێمە هەوڵ بدەین ئەو ڕێگایانە بگرینەبەر کە پێوەندی لەگەڵ کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دروست ببێت بەمەبەستی فەراهەمهێنانی هەلی کار بۆ گەنجان. هەروەها بیر کردنەوە لە سلفە زەواج و لە سلفەی عەقاد بۆ ئەوەی کە مەسەلەی پێکهێنانی خێزان مومکین بێت. هەروەها چیتر ئەولەویەتە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی گەنجان دەبێت بیکەین.

مەسەلەی دیکە کە مەسەلەیەکی زۆر گرینگە بریتییە لە مەسەلەی ئەمنیەتی مەنتیقە و پێوەندی لەگەڵ جیرانەکانمانە و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان. ئەمەش مومکین نابێت مەگەر ئەوەی کە ئێمە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان واتا یەکێتی و پارتی کێشەکانی نێوان خۆمان چارەسەر بکەین پاشان ئێمە و پارتی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کێشەکانمان بە تەواوی چارەسەر بکەین و ئینجا هەموومان بەیەکەوە لەگەڵ عێراق ئەم دۆخە کە هەیە چارەسەری بکەین. ئەمەش لە وتاری گرینگی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە وتاری سەید عەمار حەکیم و وتاری حەیدەر عەبادی و هەروەها قەیس خەزعەلی دەرکەوتووە کە هەموویان بڕوایان وایە پێکەوەژیان لە عێراق گەرەنتی بۆ داهاتوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی بەرنامەکانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ دۆخی ئێستاکەی هەرێمی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشە هەنووکەییەکان لە ئاستی حیزبی و ئاستی حکوومیدا، ڕایگەیاند: بەشێک لە دامەزراوەکانی یەکێتی کەم کراونەتەوە، ئەو دامەزراوانەی کە لەناو حکوومەتدان. بۆ نموونە ئێمە لە پڕۆگرامی یەکێتی زۆر بە خەفیفی باسی کشت و کاڵ دەکەین ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە کشت و کاڵ بە گرینگ وەرناگرین ئێمە یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانین و وەزیری کشت و کاڵیش لە پشکی یەکێتییە و ئەویش لەناو پڕۆگرامی حکوومەت بە تەفسیل باسی زەراعەت دەکات، کە واتا ئەمانە لەناو بەرنامە حکوومەت هەیە و پێویست ناکات کە لەناو بەرنامەی حزبدا تیکراری بکەیتەوە. چوونکە ئەو بەرنامەی لە حکوومەتدا هەیە هەمان بەرنامەی حزبە کە چۆتە ئەوێ. هەروەها لە بابەتەکانی خوێندنی باڵا و مەسەلەی زانست ئەگەر سەیر بکەن لە دروشمەکەی ئەم کۆنگرەیە دەبینیت کە یەکێتی زۆر گرینگی بە مەسەلەی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری دەدات و لەسەر ئەم دوو بابەتە و هەروەها بابەتی ڕاگەیاندن موناقیشەیەکی دوور و درێژمان کردووە چوونکە ئێمە پێمان وایە ڕاگەیاندن بەمشێوە نابێت کە بە زمانێکی زبر باسی کێشەکانمان بکەین.

بەشێک لەو سەرکردانە ئەندامی سەرکردایەتی پێشوو نەبوون. ئەوان لە دامەزراوەێکی تر ئەندام بوون کە پێی دەوترا ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیارە شێوەکەی لەدوای کۆنگرەی چوارەوە غەدری لێکراوە بەڵام چارەسەر کردنی غەدر لێکردن لە غەدر ناکرێت. پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەم تێکۆشەرانەی کە دەیانگرێتەوە کە ئەندام بن لەو دامەزراوەدا پسپۆڕڕیی جیاجیایان هەبێت چوونکە لە هەر کاتێک ببینن کە یەکێتی بەلاڕێدا دەڕوات پێویستە ئەمان بێن و لە دەرگا بدەن و بڵێن بەم شێوە نابێت. ئەمانە ئەم دەسەڵاتەیان هەیە و دەشتوانن ئەمە یەک بابەت؛ بابەتی دووهەم ئەوەیە کە کۆنگرە کۆتایی دونیا نییە ڕەنگە ئەوانەی کە نەهاتوون دەیان کۆنگرەیان بینی بێت، یەک لە ئیشەکانی ئەو کۆنگرە ئەوەیە کە دوای لێبوونەوە لەو دامەزراوانەی کە دەستنیشان دەکرێت لە گەڵ ئەو برادەرانە هەموویان قسە دەکرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت کە بارودۆخەکە ڕێکبخرێتەوە؛ لەگەڵ هەندێکیان پێوەندییەکان بەردەوامە و من پێموایە کە ئەم بابەتەش قابیلی چارەسەر کردنە.

News Code 222246

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha