پەیامی بافڵ تاڵەبانی لە یادی ۴۹ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردسان- بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی دامەزراندنی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "دەمانەوێت ناکۆکییە ناوخۆییەکان پێکەوە چارەسەر بکەین و بەهێزێکی زیاترەوە لە دەرەوە دەربکەوین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەمشێوەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

یەکێتییە سەربەرز و تێکۆشەرەکان

لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی یادی ۴۹ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ۴۸ـەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێتان لێدەکەم.

ئەمڕۆ یادی هەزاران شەهیدی قارەمان و رووبارێک خوێنی رژاو دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لە رۆژانی سەختی خەباتدا بە خەونی گەورە و بڕوایەکی پتەوەوە، بەگژ شەوەزەنگدا دەچوونەوە و خەباتیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەرفراز دەکرد. هەروەها دروود و سڵاو بۆ رۆحی سەرکردە کۆچکردووەکان دەنێرین و سوپاسی ئەو میراتە پڕ ئەزموونە دەکەین کە بۆیان بەجێهێشتووین.

هەمووان دەزانن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە، چەند بەربەست هاتنە رێ و رووبەڕووی چەند ئاڵنگاری بووەوە، قوربانیی زۆری دا و سەرکردە و شۆڕشگێڕی مەزنی لەدەستدا. بەڵام وەک چیاکان خۆڕاگر و پتەو مایەوە و هەرگیز پشتی لە بەها باڵاکانی نەکرد، مێژووی پڕ لە سەروەری و شانازیی خۆی نەکردە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتەکان، بێگومان ئەمەش بە پشتیوانیی خەڵکە دڵسۆز و قارەمانەکەی بوو کە بە خوێن و خۆڕاگریی خۆیان یەکێتییان پاراست، بۆیە یەکێتی چەند هی ئێمەیە، هەزار ئەوەندە هی خەڵکە و ئێمەش خزمەتکاریانین.

ئێمە ئاوڕ لەو مێژووە درەوشاوەیە دەدەینەوە و پەندی لێوەردەگرین، لە حیکمەتی سەرکردە دێرین و شۆڕشگێڕەکانمانەوە فێردەبین و دەیکەینە چرای رێ و بناغەی کاری داهاتوومان دادەنێین. مێژوومان دەخەینە خزمەت داهاتووەوە و بەهیواوە هەنگاو بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەنێین. دەمانەوێت قۆناغێکی نوێ بهێنینە کایەوە کە تێیدا مافەکانی خەڵک پارێزراوبن و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیان و سەقامگیرییان نەبێت، لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکارنەهێنرێن و جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نەکرێت. ئەو پەیوەندییە فراوانەی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ لایەنەکانی عیراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بونیادینابوو، لەسەر بنەمای متمانە گەشەمان پێدا و لەهەماهەنگیی بەردەوامداین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکان.

ئەوەی لە رابردوودا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان کردوومانە، بە هەمان رۆحییەتەوە بەردەوامیی پێدەدەین و دەمانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی و دوور لە ململانێی نابەجێ ناوچەکە بگرێتەوە. لەکەرکوکی قەڵای سەوزی یەکێتی و ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەنگدەران سەلماندیان ئەوە یەکێتییە خەمی ناوچەکەی لە شان ناوە و حزبەکەی خۆیانە کە هەرگیز پشتی لە کەرکوک و کەرکوکییە سەربەرزەکان نەکردووە. ئێمە دڵسۆزیی ئەو خەڵکە خۆڕاگر و پێشوازییە بێوێنەکەیان لەیادناکەین و بەڵێنی وەفاداری و خزمەتکردنیان دووپاتدەکەینەوە.

هەڤاڵە سەربەرزەکانم..

دەزانین ئەو بۆشاییە گەورەیەی کۆچی سەرکردە و رابەرمان سەرۆک مام جەلال لەناو یەکێتی، پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق دروستیکرد هەرگیز پڕ نابێتەوە، بەڵام هەوڵی تەواوماندا خوێندکارێکی دڵسۆز و سەرڕاستی رێگەکەی بین، ئەوەی کردوومانە و هەوڵمان بۆ داوە تەنیا و تەنیا لەپێناو ژیانی خەڵک، پاراستنی کوردستان، بەهێزترکردنی یەکێتیدا بوو. ئاستەنگیی زۆر دروستبوون، بەڵام کۆڵمان نەدا و بەپشتیوانیی هەڤاڵانی دڵسۆز و خەڵکەکەمان بەردەوامبووین، ئێستاش کە هێز و سەنگی یەکێتی دەبینین و چەپکە گوڵەکەمان گەش و درەوشاوەیە، ویژدانمان لەبەرامبەر ئەو مێژووە زێڕینەی حزبەکەمان و خوێنی شەهیداندا ئاسوودەیە.

لەم رۆژە مەزن و پیرۆزەدا بڕوای تەواومان بە ئازادیی کاری سیاسی، گەشەپێدانی دیموکراسی و رێزگرتن لە دەنگ و رەنگە جیاوازەکان دووپاتدەکەینەوە. پارێزەری وێنای گەش و فرەڕەنگی کوردستان دەبین و جەخت لە قووڵکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەینەوە. دەرگای کاری پێکەوەییمان کراوە بووە و هەروا دەمێنینەوە، رێزی تەواو لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان دەگرین و دەمانەوێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجەکانەوە. ناکۆکییە ناوخۆییەکان پێکەوە چارەسەر بکەین و بە ئیرادە و هێزێکی زیاترەوە لە دەرەوە دەربکەوین. کوردستان پێویستی بەهەموومانە و دەنگمان پێکەوە زوڵاڵترە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافەکانمان دەکات و ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندوویەتی دووبەرەکی خزمەتی هیچ لایەک ناکات. پێویستە بە خەونێکی گەورەتر و نیشتمانیترەوە هەنگاوبنێین و چاومان لە خۆشگوزەرانیی خەڵک و داهاتووی گەشی کوردستان بێت.

کەسوکاری خۆشەویست و سەربەرزی شەهیدان

هیچ سوپاس و پێزانینێکی ئێمە ناتوانێت قەرەبووی ئەو قوربانییانە بکاتەوە کە ئێوە بەخشیووتانە، ئەگەر لە رابردوودا خزمەتێکی بچووکمان کردبێت، ناگاتە گەورەیی ئێوە. ئێمە قەرزاری هەمیشەیی ئێوەین و دەستی ماندووتان دەگووشین و سەری بەرزتان ماچ دەکەین. ئێوە پایە و پارێزەری یەکێتی بوون و ئێمە وانەکانی خۆڕاگری و کۆڵنەدان لەئێوەوە فێردەبین.

یەکێتییە سەربەرزەکان

هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ هەنگاودەنێت، ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە بە رۆحێکی یەکێتییانەوە بچینە ناو پرۆسەکە و سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆماربکەین و شانازییەکی گەورە بۆ خۆمان بنووسینەوە. ئێوەن دەتوانن لەڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسی و بە ئیرادەی بەرزی خۆتانەوە رێڕەوی حوکمڕانی راستبکەنەوە و بەگژ جیاکاریدا بچنەوە، نەهێڵن چیتر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکرێنە قوربانیی ململانێ نادروست و کەسییەکان. نەهێڵن بەناوی نیشتمانپەروەری و گوتاری کوردایەتییەوە مافەکانتان زەوت بکرێت و یاریی بە چارەنووستانەوە بکرێت. نیشانی بدەن ئەوەی لە هەناوی خەڵکدایە و هێزی رۆژە سەختەکانە، ئەوەی پارێزەری راستەقینەی خاکی کوردستان و ژیانی هاونیشتمانییانە، تەنیا و تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

ژنان و لاوانی خۆشەویست

ئێوە ئەو خوێنەن کە بەشادەماری یەکێتیدا دەگەڕێت و ئەو وزە لە بننەهاتووەن کە هێزی بەردەوامیمان پێدەبەخشێت، شانازییەکی گەورەیە کە هاوشانی ئێوە کار دەکەین و هەوڵ بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار دەدەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ماڵی ئێوەیە و دەرگای هەموو ناوەند و ئۆرگانەکان بەڕووتاندا کراوەیە، خۆتان بسەلمێنن و تواناکانتان بخەنەگەڕ، بەدڵنیاییەوە ئێمەش پشتیوانتان دەبین.

جارێکیتر ئەم یادە مەزنە پیرۆزبێت

دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان.. سەربەرزی و سەرفرازی بۆ کوردستان

News Code 223596

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha