بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو بارەیەوە هەڵگورد ساڵەیی، ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمشەو شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئەحمەد حەسەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەگەنە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت.
هەڵگورد ساڵەیی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکە بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی میرنشینی قەتەر لەگەڵ هەرێم و چەند دیدارێکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم، هاوکات بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی دەوڵەتی قەتەرە بە شێوەیەکی فەرمی.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر لە سەرجەم بوارەکاندا گرنگیی خۆی دەبێت.
تاکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 41 کونسوڵگەری، نووسینگەی کونسوڵگەری، نوسینگەی باڵیۆزخانە، ئاژانس و کونسوڵگەریی فەخری هەن و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
Your Comment