ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌ر له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ کران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

شاندى قه‌ته‌رى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى متمانه‌ى به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و خوازياره‌ له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا زياتر بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ فه‌رمى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاماده‌يى نيشان دا كه‌ له‌ بواره‌كانى وزه‌، گه‌شتيارى، كشتوكاڵ، خوێندن و په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و چه‌ندين بوارى ديكه‌دا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى بكه‌ن.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى، خۆشحاڵيى خۆى بۆ‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ زه‌مينه‌ى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ به‌تايبه‌تى له‌ پرۆژه‌كانى ژێرخاندا.

سەرۆكی هەرێم هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى قه‌ته‌ر بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان زۆر هاوبه‌شييان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌يه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

News Code 223575

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha