سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان په‌یامێکى ماته‌مینى ئاراسته‌ى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان په‌یامێکى ماته‌مینى ئاراسته‌ى کۆمارى ئیسلامدى ئێران کردوه‌و ده‌ڵێت: ئەو هەواڵە بەئازارە خەمباری کردین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دواى که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ى هێلیکۆپته‌ره‌که‌ى سه‌رۆک کۆمارى ئێران ‌و شەهید بوونیان، که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێم په‌یامێکى بڵاو کردە‌وه‌ و نووسیویه‌تى: "هه‌واڵى به‌ئازارى گیانله‌ده‌ستدانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆک ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆکى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و خوالێخۆشبوو حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ یاوه‌رانیان له‌ ڕووداوى تێکشکانى هێلیکۆپته‌ره‌که‌یاندا، له‌ ناخه‌وه‌ دڵته‌نگ و خه‌مبارى کردین".

بارزانی ده‌شڵێت: "له‌مکاته‌ سه‌خت ‌و دژواره‌دا له‌ دڵه‌وه‌ هاوخه‌مى ‌و هاوسۆزیى قووڵمان له‌گه‌ڵ ڕابه‌رى کۆمارى ئیسلامى جه‌نابى سه‌ید عه‌لى خامه‌نه‌یى‌ و سه‌رکردایه‌تى ‌و حکوومه‌ت ‌و گه‌لى ئێرانى دۆست ‌و دراوسێ‌ و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌کانیاندا ده‌رده‌بڕین، له‌خواى مه‌زن داواکارین گیانى خوالێخۆشبووان به ‌به‌زه‌یى‌ و میهره‌بانیى خۆى شاد بکات ‌و ئارامى ‌و دڵنه‌وایى به ‌هه‌مووان ببه‌خشێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جه‌ختیکردوه‌ته‌وه‌: "گیانله‌ده‌ستدانى خوالێخۆشبوو سه‌رۆک ڕه‌ئیسى، خه‌مێکى به‌ئازار و زیانێکى گه‌وره‌یه‌ بۆ کۆمارى ئیسلامى ‌و گه‌لى موسڵمانى ئێران ‌و دۆستانى، به‌ڵام دڵنیاین گه‌لى جوامێرى ئێران‌ و کۆمارى ئیسلامى ئه‌م کۆسته‌ش تێده‌په‌ڕێنن، خواى مه‌زن یارمه‌تیده‌ر و پارێزه‌رى هه‌مووان بێت ‌و یادى خوالێخۆشبووان به‌خێر".

News Code 223523

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha