بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پێنجشەممەی ڕابردوو ۱۶-۰۵-۲۰۲۴ بەهۆی دۆسیەی کۆبانێ، لەلایەن دادگەی ئەنقەرەوە سزای ۴۲ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا. ئەو دەڵێت تەواوی ئەو تۆمەتانە پشتیان بە یەک تویت و چەند گوتارێکم بەستووە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا.
دەقی پەیامەکەی دەمیرتاش:
بە بڕیارەکەی دادگە شۆک نەبووم
لە زیندانەوە سەیری پرۆسەی دادگەییکردنەکەمان دەکرد و هەر لەوێش بڕیارەکەمان بیست. شۆک نەبووم، بە ئاسایی وەرمگرت و کاریگەریی بەسەر ورە و مۆڕاڵم نەبوو.
تەواوی ئەو تۆمەتانە پشتیان بە یەک تویت و چەند گوتارێکم بەستووە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا. بە کورتی، تەنیا لە رێگەی درۆ و تۆمەتی نابەجێ لە هەوڵی دروستکردنی کەشێکی وەهادا بوون. ئەو سزایانە هیچ پەیوەندییان بەو تووندوتیژییانەوە نییە کە ئەوان وەکو تۆمەت هۆنیویانەتەوە.
دەمیرتاش سزادانەکەی بە "سیاسی" دەزانێت و دەڵێت، "بۆ هەمووان دەرکەوت بڕیارەکە سیاسی بووە و پرۆسەکەش لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی بە سیاسی کراوە."
بەپێی بڕیارەکانی دادگە، بە تۆمەتی هاندان بۆ کردنی تاوان لە نیسانی ۲۰۱۶، دەمیرتاش بە ۴ ساڵ و ۶ مانگ زیندانی سزادراوە. دەمیرتاش لەبارەی ئەو تۆمەتەوە دەڵێت، "نەک تەنیا مرۆڤم نەکوشتووە، تەنانەت ئازاری مێروولەیەکیشم نەداوە. ئەم راستییە؛ دەوڵەت، حکومەت و دەستەی دادوەرانیش دەیزانن. دەسەڵات چەندین ساڵە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا بە بکوژ و تیرۆریست ئێمەیان ناساند و بەردەوام ئەمەیان بەگوێی خەڵکدا چرپاند بۆئەوەی رەوایی بدەنە کارەکەیان."
دەمیرتاش پێیوایە رای گشتی چەواشە کراوە و دەڵێت، "چەندین ساڵە دەڵێن بەڵگەمان هەیە، بەڵام ئەم بەڵگانەیان نە لە دادگە نە لە راگەیاندنەکاندا بڵاونەکردەوە، تەنیا بۆ فریودانی رای گشتی بەکاریانهێنا."
رۆژێک دێت ئازاد دەکرێم
سەلاحەدین دەمیرتاش جەخت لەوە دەکاتەوە، سزادانی تەنیا بەهۆی بیروبۆچوونەکانی بووە و دەڵێت، "تەواوی ئەو گوتارانەی پێی تۆمەتبار کراوم، لەلایەن دەستەی دادوەرانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا بە ئازادیی رادەربڕین ناسێندراون."
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار داوای لە تورکیا کردووە دەمیرتاش تاوانی نییە و دەبێت ئازاد بکرێت. دەمیرتاش دەڵێت، "ئەگەر بڕیارەکانی دادگەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا جێبەجێ بکرایە، من بێتاوان و بێبەری دەبووم و ئەمڕۆ ئازاد دەکرام."
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە گەشبینییەوە دەڵێت، "هیچ گومانم لەوەدا نییە، رۆژێک هەموومان بێبەری دەبین و ئازاد دەکرێین."
دەوڵەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانێت
هەر لەو دادگەیەدا ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بە ۱۰ مانگ بەندکردن سزادرا، بۆیە گومان دەکرێت قەیوم لە شوێنەکەی دابنرێت. دەمیرتاش دەڵێت، "دادگەی دەستوورییش یەکێکە لەو دامەزراوانەی ئاو دەڕێژنە ئاشی دەسەڵات و سیاسەتەکانی دەسەڵات جێبەجێ دەکەن. بۆیە ئەگەر بڕیارەکە دەربکەن نامۆ نابێت بەهۆی ئەوەی بێ یاسایی و نادادپەروەری تایبەتمەندیی ئەو دەسەڵاتەیە."
سەبارەت بە سزادانی هاوڕێکانی، دەمیرتاش گوتی، "زۆر خەمبارم بە بڕیاری سزادانی هەموو هاوڕێیەکانم. هەموویان ئاشتیخواز بوون. هەمیشە پشتیوانییان لە سیاسەتی دیموکراسی کردووە و بۆ ئاشتی کاریان کردووە. ئامانجی هەموومان بەو هاوڕێیانەشمانەوە کە لە دەرەوەی زیندانەکان سیاسەت دەکەن، چارەسەری پرسی کوردە بەبێ چەک و بەبێ تووندوتیژی."
دەمیرتاش دەڵێت، "دەوڵەتی کۆماری تورکیا ئەو سیاسەتڤانانەی خەباتی دیموکراسی و ئاشتی دەکەن زۆر لەو کەسانە بە مەترسیدارتر دەزانن کە چەک هەڵدەگرن و روو لە شاخ دەکەن. دەوڵەت هەمیشە لایەنگری بەکارهێنانی چەک و شەڕ و تووندوتیژی بووە. پێیانوایە دەتوانن بە خوێنڕشتن کورد لەناو ببەن، بەڵام ناتوانن رووبەڕووی سیاسەتڤانان ببنەوە. دەوڵەت دەخوازێت هەموومان چەک هەڵبگرین و روو بکەینە شاخەکان بۆ ئەوەی بجەنگن و بمانکوژن. کەچی ئێمە باوەڕمان بە چەک و تووندوتیژی نییە و لایەنگری سیاسەت و خەباتی مەدەنی و دیموکراسین."
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەشڵێت، "با پێتان بڵێم دەوڵەت چۆن سەیری کورد دەکات؟ نەک تەنیا سیاسەتڤانان و ئەوانەی روو دەکەنە شاخ و چەک هەڵدەگرن بە تیرۆریست دەزانێت، تەنانەت پشیلە و مریشکی کوردیش بە تیرۆریست دەزانن و دەبێ هەمووان بە یەکسانی قڕ بکرێن و لەناویان ببەن. بۆیە ئەگەر ئەم هزرە نەگۆڕدرێت، هیچ کاتێک کێشەی کورد چارەسەر نابێت."
سیاسەتی نەرمی نواندن کورد ناگرێتەوە
ئاکپارتی هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەو هەوڵەش ناونراوە "سەردەمی نەرمی نواندن"، بەڵام دەمیرتاش پێیوایە ئەو سیاسەتی نەرمی نواندنە کورد ناگرێتەوە.
دەمیرتاش دەڵێت، "ئەگەر خودی سیاسەتڤانان نەرم و نیان و ئاسایی ببنەوە، کارێکی باشە. ئێمە لە زیندانین رۆژێک لە رۆژان بۆ چرکەیەکیش بێت نەرمی نواندن و ئاساییبوونەوەمان نەبینی. بەدڵنیاییەوە دیالۆگ لە دەرەوە زۆر گرنگە و گفتوگۆکردنیش مایەی بایەخە. ئێمەش نوێنەری گەلین بەڵام هیچ کاتێک داوای گفتوگۆیان نەکرد، بەپێچەوانەوە سزایان داوین. ئەگەر ئێمە سزا بدرێین، کەواتە نەرمی نواندن و ئاساییبوونەوە کورد و دۆستەکانیشی ناگرێتەوە."
ئەردۆغان و ئۆجەلان دەتوانن کێشەی کورد چارەسەر بکەن
پێشتر لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دەمیرتاش گوتبووی ئەگەر دانوستاندنی ئاشتی دەستپێبکاتوە، پێویستە بەڕێز ئەردۆغان وەک دەسەڵاتداری یەکەمی حکومەت و دەوڵەت بەشدار بێت. لە بەرامبەریشدا پێویستە ئۆجەلان ئامادەیی هەبێت.
دەمیرتاش لەبارەی ئەو پەیامەی پێشووی گوتی، "ئێستاش ئەردۆغان و ئۆجەلان دەتوانن دەستپێشخەر بن بۆ راگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن. پشتیوانی لە هەر جۆرە چالاکییەک دەکەم. من ئەو کەسە نیم بڵێم: ئیدی سزا درام چی دەبێت با ببێت. ئەگەر نیازپاکی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە دیموکراسی و گرتنەبەری هەنگاوەکانی ئاشتی، هەمیشە پشتیوان دەبم."
لەبارەی پەیامی لەیلا زانا کە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، داوای لە ئەردۆغان کردبوو پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد کارا بکاتەوە. هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوتی: "پێویستە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد کارا بکرێتەوە. ئێمەش چاوەڕێی هەنگاوەکانی سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەبین، ئایا لەمەش زیاتر تووند دەبێت؟ یان کۆتایی بەم نادادپەروەرییە دەهێنێت و ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکان رادەگرێت؟ ئێمەش هەڵوێستمان روونە کە پاڵپشتی لە سیاسەتی دیموکراسی و ئاشتی دەکەین و بۆ دیالۆگ کراوەین."
سیاسەتڤانە بازرگانەکان پێیان باشە لە زیندان بمێنمەوە
دەمیرتاش پێشتر رایگەیاندبوو چیدی سیاسەت ناکات، ماوەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیش بێدەنگ بوو؟ سەبارەت بە چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکەی، دەمیرتاش گوتی، "دەستبەرداری سیاسەت بووم و ناگەڕێمەوە. تەنانەت پۆستەکانیشم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یان بە هەڵە لێکدانەوەیان بۆ دەکرا، یاخود بە ئاقارێکی دیکە دەبردران. هەندێکجار بۆ مەرامی دیکە بەکاردەهێندران. بۆیە بڕیارمدا ماوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دووربکەومەوە."
دەمیرتاش دەڵێت، "بەشێک لە سیاسەتڤانە گەنیووەکان بە سیاسەتکردنم لەنێو زیندان زۆر نارەحەت ببوون. بەتایبەتی هەندێکیان کە بوێری ناکەن رووبەڕوو دوو وشەم پێ بڵێن، کەچی بەهۆی ئەوەی لە زیندانم و ئەوانیش لە دەرەوە، زماندرێژی دەکەن و درۆ بە ناوی منەوە هەڵدەبەستن و قسەی نەشیاو دەکەن. یەکێک لە هۆکارەکانی سزا قورسەکانیشم بۆ سیاسەتڤانە بازرگانەکان دەگەڕێتەوە. ئەوان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و درێژەدان بە بازرگانیکردن و دووڕووییەکانیانەوە، پێیان باشە لە زیندان بمێنمەوە."
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە جەخت لەوە دەکاتەوە، جارێ بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە نێو کایەی سیاسەت، بەڵام دەڵێت، "رەنگە بەمنزیکانە دەست بە نووسینی گوتار بکەم لە رۆژنامە و سایتەکاندا. ئەگەر دەست بە نووسینیش بکەم، هیچ پەیوەندییەکی بە دەم پارتییەوە نییە، بەڵکو را و بۆچوونی کەسی خۆم دەبێت. هەر سیاسەتڤانێکیش پشت لە گەلی خۆی بکات و خەڵک فریو بدات و بە ئاراستەی هەڵە هەنگاو بنێت، رەخنەی تووندی لێدەگرم."
دوای ۸۳ دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی ۲۲ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی ۱۶ـی ئایاری ۲۰۲۴، سەلاحەدین دەمیرتاش بە ۴۲ ساڵ زیندانیکردن، سزادا.
حکومەتی تورکیا رۆژی ۴ـی کانوونی دووەمی ۲۰۱۶ ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی ۲۶ـی نیسانی ۲۰۲۱ لە ۲۲ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
Your Comment