من سیاسەتمەدارێکی کوردم هەر بۆیە دادگایی دەکرێم

بەشی تورکیا- سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان ڕایگه‌یاند، بەهۆی ئەوەی سیاسەتمەدارێکی کوردە دادگایی کراوە و وتی کەس ناتوانێت وامان لێبکات کڕنۆش ببەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش لەمیانی دانیشتنێکی دیکه‌ی دادگایی‌کردنیدا کە لە زیندانی ئەدرنە به‌ڕێوه‌چوو، وتیشی: ساڵانێکە بەهۆی قسەکانیەوە لە ڕووبەرێکی ۱۲ مەتر چوارگۆشەدا زیندانی کراوه‌، بەڵام "دڵنیام کە ڕاست دەکەین، کەس ناتوانێت ملکەچمان بکات، خەباتی سیاسیمان بەردەوام دەبێت تا گەلی کوردستان یەکسان و ئازاد بێت".

ناوبراو ده‌شڵێت، ئەگەر ۱۰۰  هەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی ڕاستییەکان و کەس ناتوانێت وامان لێبکات کڕنۆش ببەین.

 لەکاتێکدا سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕێگەی سیستەمی زانیاری دەنگی و ڤیدیۆیی لە زیندانی ئەدیرنە کە لەوێ دەستبەسەرە، بەشداری دانیشتنەکەی کرد، پارێزەرەکانیشی هەر لە دانیشتنەکەدا هەر لە ڕێگەی سیستەمی زانیاری دەنگی و ڤیدیۆیی لە دادگاکانی ئیستانبوڵ، ئەنتالیا و دیاربەکرەوە ئامادە بوون.

دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا ڕاشیگەیاند، "لەم دادگایی‌کردنەدا دەبینین کە جیاکارییەکی ڕوون لە دژی ناسنامەی من وەک سیاسەتمەدارێکی کورد هەیە، بەپێی مادەکانی ۱۴ و ۱۸ی ده‌ستوور، لەکاتێکدا داوای سزای ۳۰ ساڵ زیندانی بۆ هاوسەرۆکی سێیەمین گەورەترین پارتی تورکیا ده‌کرێت، نەک هەر هیچ شتێک لە بەرژەوەندی من نەبوو، بەڵکوو بەڵگەکان لەسەرم بە ئەنقەست شێوێندرابوون".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "داواکاری گشتی وتارەکانی منی لە چوارچێوەی دادگای دەستووری و دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە کەشوهەوای سیاسی ئەو قۆناغە بداتەوە".

دەمیرتاش وتیشی: "ئەوەی پێویستە بیپارێزین ئەو چەقۆکێشانە نییە، بەڵکوو کەرامەتی مرۆڤایەتییە، من کوردم، سیاسەتمەدارێکی کوردم، هەر بۆیە دادگایی دەکرێم، ئەگەر من کەسێکی وەک سەدات پێکەری ناسیۆنالیستی تورک بومایە دادگایی نەدەکرام، ئەمڕۆ دادگایی دەکرێم، چوونکە سەرۆکی باندێکی ڕەگەزپەرست و فاشیست نیم، ئەو قسانە وەرناگرمەوە کە بوونە هۆی دادگایی‌کردنم".

دوای وته‌کانی دەمیرتاش دادگا دانیشتنەکەی دواخست و بڕیاره‌ له‌ ۱۵ی (ئایار/۵)ی ساڵی داهاتوودا دانیشتنێکی دیکه‌ی دادگا به‌ڕێوه‌بچێت.

شایانی باسە سەلاحەدین دەمیرتاش لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۵ بۆ ۲۰۱۷ بە تۆمەتی "سووکایەتی‌کردن بە بەرپرسێکی گشتی" تۆمه‌تبار کرا، لەوانە ئەو قسانەی کە بەرامبەر بە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا کردبووی، ۱۰ دۆسیەی جیاوازی له‌سه‌ر کۆ کرانەوە.

News Code 222630

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha