دادگای فیدراڵ جێبەجێکردنی بڕگەی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگرت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق فه‌رمانێکی کاتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سکاڵاکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگای فیدڕاڵی عێراق فەرمانێکی تایبه‌ت سەبارەت بە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە ۷ی ساڵی ۲۰۲۴ ده‌رکرد، کە تێیدا هاتووە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ۱۰۰ کورسی پێکدێت و بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە، بڕیاری داوه‌ به‌ ڕاگرتنی بڕگەی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان.

به‌پێی بڕیاره‌که‌ی پێشووی دادگای باڵای فیدڕاڵی، ژماره‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان لە ۱۰۰ کورسی پێکدێت که‌ پارێزگای هەولێر ۳۴ کورسی، پارێزگای سلێمانی ۳۸ کورسی، پارێزگای دهۆک ۲۵ کورسی، پارێزگای هەڵەبجە ۳ کورسی ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی بڕیاره‌که‌ی دادگا، ڕاگرتنەکە تاوەکوو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

به‌گوێره‌ی نووسراوێکی سکاڵاکه‌ی مه‌سروور بارزانی که‌ له‌لایه‌ن ئه‌یاد ئیسماعیل پارێزه‌ری ناوبراو ئاڕاسته‌ی دادگای فیدڕاڵی کراوه‌، سکاڵا له‌سه‌ر کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان تۆمارکراوه‌ و داوایکردووه‌، دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی به‌په‌له‌ ده‌ربکات بۆ ڕاگرتنی کاره‌کانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان تاوه‌کوو کاتی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی سکاڵاکه‌ی.

هه‌ر له‌ سکاڵاکه‌یدا مه‌سروور بارزانی ده‌ڵێت، کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ دابه‌شکردنی هه‌رێمی کوردستان بۆ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌رپێچی ده‌ستوور و بڕیاره‌کانی دادگای فیدڕاڵی کردووه‌، چوونکه‌ کۆمسیۆن له‌ دابه‌شکردنی ژماره‌ی کورسیی بازنه‌کان، پشتی به‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌ستووه‌ نه‌ک ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌کانی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌قی مادده‌ی ۴۹ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقه‌".

مه‌سروور بارزانی داواشی له‌ دادگای فیدڕاڵی کردووه‌، بڕیارێکی به‌په‌له‌ ده‌ربکات بۆ ڕاگرتنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان و ڕاگرتنی ڕێکاره‌کانی کۆمسیۆن تایبه‌ت به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تاوه‌کوو سکاڵاکه‌ی یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌.

News Code 223465

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha