هێرشە دڕندانەکەی سەر مۆسکۆ شەرمەزار دەکەین/دەوڵەتی تورکیا داعش لەدژی هەر کەسێک بەکار دێنێت

بەشی تورکیا- کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان هێرشەکەی مۆسکۆی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئەوەی کە داعش لە دژی هەر کەسێک بەکار دەهێنێت دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) لە بارەی هێڕشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر مۆڵێک لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، خەمبارین بۆ ئەو هێرشەی کە لە مۆسکۆ ڕوویدا و بە هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەوانە دەکەین کە گیانیان لەدەست داوە و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، تێدەگەین لە ئازاری گەلانی ڕووسیا، بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی چەتەکانى داعش دەکەین.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەوەی کە چارەسەری چەتەکانی داعش دەکات، دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەیە، هەروەها لە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و گەلی کورد و عێراق و سووریا و هەموو ناوچەیەک بەکاری دەهێنن، بە داعش هەڕەشە دەکات و دەیەوێت سیاسەتی چەوت و قڕکردنی بەزۆر بەسەر گەلاندا فەرز بکات.

دەشڵێن، دەوڵەتی تورکیا بە زهنییەتی عوسمانی نوێ سیاسەتی خۆی بە داعش لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبات، بۆیە دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت و هەموو کەسێک لە دژی ئەو سیاسەتە هەڵوێست بنوێنێت.

ڕاشیانگەیاندووە، ئاشکرایە، کە هێرشەکەی مۆسکۆ لەسەر ئەو بنەمایە پێکهاتووە، کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت داخوازییەکانی لە ڕووسیا بەدەستبهێنێت، پێشتریش لە ئێران ئەم کردەوەیەی ئەنجامدا، لە ڕاستییدا ئەو هێرشانە دەوڵەتی تورکیا بە داعش ئەنجامیدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند شەوی ڕابردوو کۆمەڵێک چەکدار بە جلی گولـلەنەبڕەوە هەڵیانکوتایە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و دەستڕێژی گولـلەیان لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد و بەهۆیەوە تا ئەم کاتە 152 کەس کوژراون و سەدانى دیکەش برینداربوون.

جێگەى ئاماژەیە، لە دوای ڕووداوەکە چەتەکانی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لقی خۆراسانی چەتەکانی داعش لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەوە بوون.

News Code 223258

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha