ئەندامی دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌پشکی پارتی کشانه‌وه‌ی خۆی له‌ دادگاکه‌ ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری، ئەندامی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر پشکی پارتی، دەڵێت: بریاره‌کانی دادگای فیدڕاڵی و لێکدانه‌وه‌کانی بۆ ده‌ستوور ئارِاسته‌یه‌کن به‌ره‌و گۆڕانکاری و هه‌موار له ‌ده‌ستوور، بۆیه‌ ده‌ستوور به‌های خۆی له‌ده‌ستدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری له ‌کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: "نزیکه‌ی سێ ساڵه‌ وه‌کوو دادوه‌ر له ‌دادگای باڵای فیدڕاڵی کار ده‌که‌م، پسپۆڕیه‌که‌م بریتیه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ سیستمی فیدڕاڵیدا و ۳۰ ساڵ خزمه‌تم له‌ بواری دادوه‌ری هه‌یه‌، به‌پێی مادده‌ی ۱ی ساڵی ۲۰۲۱ی هه‌موارکراوی تایبه‌ت به ‌دادگای فیدڕاڵیش وه‌ک نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان به‌شداریم کردووه‌".

ناوبراو وتیشی، "سوور بووم له‌سه‌ر کارکردن بۆ به‌شداریکردن بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌کان و سیستمی فیدڕاڵی، ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش به‌شێکه‌ له ‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکوومه‌تی فیدڕاڵی، چوونکه‌ پێش ده‌ستووریش حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوونی هه‌بووه‌، مێژوه‌که‌ی بۆ ساڵی ۱۹۹۱ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

عەبدولڕەحمان زێباری ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، "هه‌میشه‌ هیوام وابووه‌ ببمه‌ نوێنه‌رێکی باش بۆ هه‌رێمی کوردستان و به‌رگریکارێکی باش له‌ سیستمی فیدڕاڵیه‌ت و به‌رگریکردن له ‌مافه‌کانی هه‌رێم له ‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، به‌ڵام دوای سێ ساڵ له‌ تێپه‌ڕبوون له‌ کاره‌که‌م، کۆمه‌ڵێکی زۆر بڕیار ده‌رکران و به‌وهۆیه‌وه‌ ناتوانم به‌رده‌وام بم له ‌کاره‌کانم له‌ دادگا، چوونکه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵمداوه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کان".

ناوبراو ده‌شڵێت، "هه‌رێمی کوردستان تاکه‌ هه‌رێمێکی دانپێدانراوی سیستمی فیدڕاڵی بووه‌، گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌ چوارچێوه‌ی کاره‌کانمدا وه‌کوو دادوه‌ر هه‌ستم به‌ کۆمه‌ڵێک گه‌ڕانه‌وه‌ کرد بۆ سیستمی مه‌رکه‌زیه‌ت له ‌بریاره‌کانی دادگای فیدڕاڵی و سه‌نته‌ربوون و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ پایته‌ختدا، ئه‌مه‌ش به‌پێی ده‌ستوور نیه‌، به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ی عێراق هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌کان که‌متر ده‌کرێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌نته‌ر زیاتر ده‌کرێت، له‌کاتێکدا دادگای فیدڕاڵی ئه‌رکی پاراستنی هاوسه‌نگیه‌ له‌نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌کان و ڕێگه‌نادات هیچ لایه‌نێک ده‌ستدرێژی بکاته‌سه‌ر لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌".

دادوه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان زێباری له‌باره‌ی مانه‌وه‌شی له‌ دادگای فیدڕاڵی ئاشکرایکرد، "ناتوانم چیتر له‌ دادگای فیدڕاڵی به‌رده‌وام بم و ئه‌ندامێتی خۆم له ‌دادگاکه‌ ده‌کشێنمه‌وه‌، بریاره‌کانی دادگای فیدڕاڵی و لێکدانه‌وه‌کانیشی بۆ ده‌ستوور به‌ره‌و گۆڕانکاری و هه‌موار له ‌ده‌ستوور ده‌ڕۆن، بۆیه‌ ده‌ستوور به‌های خۆی له‌ده‌ستدا".

News Code 223202

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha