ئامانج لە هێرشەکانی سەر هەرێم بچووک‌کردنەوەی قەوارەکەیەتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکێتی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بەشە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت هەموو هێرشەکان ئامانج لێی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هەڕەشانەی کە هەن؛ چی بۆردوومانەکانی هەولێر، چی مەتاری عەربەت، چی هێرشە درۆنیەکان، هەوڵی کەم‌کردنەوەی ستافی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆتایی‌هێنان بە مانەوەی تیمی ڕاهێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان هەمووی بە یەکەوە هەوڵێکە ئامانج لێی بچووک‌کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەن لەسەر هەرێم."

ناوبراو وتیشی: "ئیتر دەبێت ئێمەش هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسیەکان بخەینە گەڕ بۆ بە گژداچوونەوەی ئەم هەوڵ و تەقەللا نەزۆکانە وە هەوڵوێستی یەکگرتومان هەبێت."

لە دوای هێرشەکەی ۱۵ی ئەم مانگەی ئێران بۆسەر هەولێر و بەردەوامی هێرشە درۆنیەکان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان، شەوی ۲۶ی مانگی ۱یش هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و هێرشەکەش ڕاستەوخۆ بە هێرش بۆسەر کەرتی کارەبا و وزەی هەرێم لێکدرایەوە.

لەمبارەوە وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "هەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێم پێی وابێت جیاوازی شارێک و شارێک هەیە، بۆ نموونە پارتی پێی وابێت سلێمانی پەیوەندی بە ئەوەوە نییە و حکوومەت حەقی نییە، وە یەکێتی پێی وابیت هەولێر پەیوەندی بە ئەوەوە نییە ئەمە هەم خۆ بچووکردنەوەیە و هەم قەوارەی هەرێمیش بچووک دەبێتەوە".

سەعدی پیرە وتیشی: "دەبێت ئەوە بزانین هەموو لایەکمان بەرپرسین و بەیەکەوە دەبێت بەرگری لە قەوارەکە بکەین و داوا لە دۆستەکانیشمان بکەین لە هەرکوێ بن هاوکاریمان بکەن".

ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان، گەشتۆتە ئاستی تۆمەتبارکردنی یەکتری، بەشیک لە چاودێران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان یەکێتی و پارتی بە دابەشبوون بەسەر سیاسەتی ناوچەیی تۆمەتبار دەکەن، دوێنێش مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان، لە بەیاننامەیەکدا هێڕشی کردە سەر "خائین و خۆفرۆشان و کۆیلەی ناحەزان "بە بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێکی دیاریکراو بهێنێت.

سەعدی پیرە، پێی وایە لە هەرێمی کوردستان سیستەمی سیاسی فرەیی هەیە و دەبێت ڕێز لەو فرەیی و کاری پێکەوەیی بگیرێت.

سەعدی پیرە وتیشی: "ئێمە هەموو هێزی جیاجیاین هەموومان هەوڵ دەدەین سیستەمێکی پەرلەمانی فرەحزبی فیدرال پیادە بکەین، لە هەرێم لە چوارچێوەی عێراق کە باسی فرەیی دەکەین واتە فرە حزبی واتە بەرنامەی سیاسی و ئابووری و کەلتوری جیا جیا و هەر کەس بەرنامەی خۆی هەیە، هەر کەس کێ بڕکێیەتی لەسەر زۆرترین دەنگ و کورسی و هەبوونی زۆرترین دەسەڵات".

ناوبراو وتیشی،" ئەگەر یەکتری تۆمەتبار بکەین بە ناپاک و خائین پێم وایە خۆمان بچووک دەکەینەوە، بەم نەفەسە کورتە ناتوانین باسی فرە حزبی بکەین، فرەیی ئەو کاتە واتای هەیە کە مەجالێکمان بۆ کاریی فرەیی و یەکتر قبووڵکردن هێشتەوە بۆ یەکتر".

News Code 222952

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha