مەکتەبى سیاسیى پارتى بۆ حکوومەتى عێراق: وەکوو پێشوو لە ئاست هێرشەکان بێ‌هەڵوێست مەبن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان داوا لە نەتەوە‌یەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهان و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرامبەر "دەستدرێژییەکان"ـی ئێران بووەستنەوە و چیدیکە هاونیشتمانییان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات و لە راگەیێندراوێكدا داوا لە حکوومەتى عێراق دەکات "ئەرکى یاسایى و دەستووریی خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەرى عێراق بەجێبهێنێت و چیدیکە وەکوو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بێ هەڵوێست نەبێت".

درەنگانی شەوی ڕابردوو، (۱۵-۱-۲۰۲۴) سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی هەولێر کرد، کە نیوەیان واتا پێنجیان بە ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر بەناوی پێشڕەو دزەیی کەوتن، لەکاتێکدا لە ماڵەکەیدا ئاهەنگی خێزانی هەبوو، بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی، کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووتە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.

لە ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە "بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامیی ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگەى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوە. ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بەتووندى ئیدانەى ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکەین، کە بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتیى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و، پێشێل‌کردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە".

لە هێرشەکەدا جگە لە کوژرانی چوار کەس، ۱۶ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێکدێن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە "دژى ئیرهاب و توندوتیژین"، بەرامبەر "ئەم دەستدرێژییەى کۆمارى ئیسلامیی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بووەستنەوە و رێگە لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاووڵاتییانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دەستوپێوەندەکانی، هەروەها حکوومەتى فیدراڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەریى عێراق جێبەجێ بکات و چیتر وەکوو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بێ هەڵوێست نەبێت".

News Code 222882

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha