هەرێمی کوردستان پێویستی به‌ ده‌ستووره‌ بۆ خۆی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند وەکوو کوردێک هەست دەکەم کە سزای سیاسی دەدرێین، چوونکە لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەرانمان چەند مانگێکە دواکەوتووە و بایکۆت لە بەشێک لە کوردستان بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵه‌بانی له‌میانی به‌شداری کردنی له‌ کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "MEPS"، رایگه‌یاند: "پێویسته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بده‌ینه‌ کاره‌کانی ناوخۆی خۆمان و کوردستان پێویستی به‌ ده‌ستووره‌ بۆ خۆی له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانین حکوومه‌تێکی باشمان هه‌بێت و هه‌مو شتێک بکه‌وێته‌ سه‌رپێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناکرێت ئێمه‌ عێراق پشتگوێ بخه‌ین و په‌یوه‌ندیه‌کانمان ده‌بێت هاوته‌ریب بچنه‌ پێشه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "ئه‌گه‌ر پرسیاری فیدڕاڵیزم وه‌ڵام نه‌درێته‌وه‌ له ‌عێراقدا تائێستا ئێمه‌ ناتوانین به‌ڕاستی ده‌ستورێکی باشیشمان هه‌بێت له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر هێشتا ئێمه‌ مافه‌کانی خۆمان وه‌رنه‌گرتبێت، ئه‌و نادپه‌روه‌رییه‌ی له‌ به‌غداوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ ده‌کرێت له‌ کێشه‌ی بوودجه‌ له‌ مووچه‌ له‌ بابه‌تی نه‌وت و غاز، ئه‌م کێشانه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌رده‌وامن ده‌بێت پێکه‌وه‌ کاربکه‌ین، ده‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێین که‌ رێکخستنه‌وه‌که‌ زۆر گرنگه‌ بۆ عێراق و کوردستان بۆ سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی".

قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌ش کرد: "ده‌کرێت فیدڕاڵیزمت هه‌بێت به‌بێ بونی په‌رله‌مانی دوه‌م، من پێموانیه‌ پێویسته‌ سه‌یری نمونه‌ بکه‌یت و کۆپی په‌یستی بکه‌یت له‌ناو عێراقدا، هەمو شتێک که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ وه‌کو ئه‌وه‌نیه‌ که‌ له‌ دونیادا هه‌یه‌، واتا ئێمه‌ پێویستیمان به‌ سیستمێکه‌ بۆ خۆمان و هی خۆمان بێت، ئێمه‌ مۆدێلێکی فیدڕاڵیمان هه‌یه‌ له‌ عێراقدا، ئه‌م وڵاته‌ پێویستی به‌ په‌رله‌مانی دووه‌م و ده‌ستوور هه‌یه‌ چوونکه‌ باڵانسێکی زیاتر ده‌داته‌ ژینگه‌ سیاسیه‌که‌، ده‌بێت په‌یوه‌ندیه‌کانمان رێکبخه‌ینه‌وه‌ له‌نێوان هه‌مو لایه‌نه‌کاندا".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ده‌ستووری عێراق بوه‌ته‌ مینۆی ڕێستۆرانتێک، به‌دڵی خۆت خواردن هه‌ڵده‌بژێریت و شیرینی و خواردنه‌کانی دیکه‌ که‌ پێتخۆش نییه‌ پشتگوێیان ده‌خه‌یت، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی دەبێتە هۆی بونی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا، بەبێ ئەنجومەنی فیدڕاڵیش دەکرێت سیستمی فیدرالیزم لە عێراق جێبەجێ بکرێ".

قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: "کێشەکە لە دەستووری عێراق و زارەوەکانی ناو دەستوور نییە؛ پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە؛ ئایا پێکهاتەکانی عێراق دەتوانن و دەیانەوێ پێکەوە بژین؟ پێویستە گفتوگۆی ڕاستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عێراقەوە هەبێت و ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە عێراق دەرخەری ئەوەن کە کێشەکان سیاسین و پێویستە گفتۆگۆی ڕاشکاوانە و راستگۆیانە لەبارەی داهاتوی عێراقەوە بکرێن".

جێگری سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ڵێت: "من وەکوو کوردێک هەست دەکەم کە سزای سیاسی دەدرێین، چوونکە لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەرانمان چەند مانگێکە دواکەوتووە و بایکۆت لە بەشێک لە کوردستان بەردەوامە".

News Code 222535

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha