بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێوڕەسمێکدا و بە فەرمی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕادەستی حزبەکە کرایەوە و دواتر بارەگاکە پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک کرا.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بە فەرمی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتیمان وەرگرتووەتەوە و لەسەر داوای سەرۆک (مەسعوود) بارزانی بارەگاکەمان وەکوو دیارییەک پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک کرد".
ئاشکراشی کرد کە لە ڕۆژانی داھاتوودا، بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و باڵەخانەی نوێی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە شارەکە دەکرێتەو و ڕایگەیاند: "کار و چالاکییە سیاسییەکانی پارتی وەکوو ھێزە سیاسییەکانی دیکە لە کەرکووک، بەردەوام دەبێت".
شاخەوان عەبدوڵا وتیشی: "بوونی پارتی لە شاری کەرکووک، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە و نەتەوەکان لە شارەکە بەھێزترد دەکات، ھەروەھا پارێزگاری لە پێکھاتەکانی شارەکە دەکات".
بڕیاربوو لە ئابی ئەمساڵدا پارتی بارەگاکانی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام لە 27ـی ئابدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر رێگەی سەرەکی شارەکە و هەولێریان داخست و لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدا و ڕایانگەیاند دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک.
Your Comment