بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم رۆژانەدا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەردوو حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکەین و بە هۆکاری دواخستن و دابەشنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان دەزانین و تۆمەتی سەریشیان ئەوە دەبێت."
موسەننا ئەمین، کە هاوکات پەرلەمانتاری ئەو حیزبەشە لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "سکاڵاکە لە دیراسەکردندایە و بە زووترین کات لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە بە ناوی حیزب یان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەیدەینە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق."
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی ۲۰۲۳-۲۰۲۴-۲۰۲۵، لە ۱۲ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە ۲۶ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک ۱۹۸.۹ تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە ۱۶ تریلیۆن دینارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەوە، پارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەش نەکراوە.
Your Comment