ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر  شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

بەشی عێراق و هەرێم کوردستان- وەزیری دارایی عێراق بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی گوتووە، هەرێمی کوردستان شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە داهاتەکانی نێوخۆ و ئەو پارانەی بۆی نێردراوە ۸ ترلیۆن و ۶۱ ملیار دیناری بەردەست بووە. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەغدا تەنیا ۲ ترلیۆن و نیو دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوێنێ ۹ـی ئەیلوول، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق راپۆرتێکی خستووەتەڕوو، کە بەگوێرەی راپۆرتەکەی بەردەستیان گوتویانە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۸ ترلیۆن دینار پارەی بەردەست بووە، ئەویش بەو پارەیەی بۆی نێردراوە کە بە قەرز پێیدراوە، لەگەڵ داهاتی نەوتی و نانەوتی.

وەزارەتی دارایی عێراق گوتوویەتی، هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا تاوەکو ۲۵-۳-۲۰۲۳ کە هەناردەی نەوت پێش ئەو ماوەیە بەردەوام بووە، داهاتی نەوتیی ۳ تریلیۆن و ۲۰۰ ملیۆن دینار بووە.

 هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی شەش مانگی نانەوتیی هەرێمی کوردتان نزیکەی تریلیۆنێک و ۹۴۵ ملیار دینار بووە. هاوکات نزیکەی ترلیۆنێک و ۶۰۰ ملیار دیناری لە بانکەکانی رافیدەن و رەشید وەکوو قەرز وەرگرتووە. هەر لەو ماوەیەدا بە دوو جار نزیکەی ۹۹۸ ملیاری لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە وەرگرتووە؛ هەمان کات ۳۱۸ ملیار دیناری لە بانکی بازرگانیش وەرگرتووە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، ئەو بە ژمارە و یاسا کاردەکات و ئەگەر هەرێمی کوردستان لەکاتی گەڕانەوە بۆ حیسابات و پاکتاوکردن نەتوانێت بیسەلمێنێت هێندە پارەی پێویستبووە لەو شەش مانگەدا، ئەوە قەرزداریش دەبێت.

 لای خۆیانەوە هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی بەردەستی وەزارەتی دارایی عێراق رەت‌کردووەتەوە؛ ۸ـی ئەم مانگە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ۲۰۲۳، شایستەی ۱۶ ترلیۆن و (۴۹۸) ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە (۱) تریلیۆن و (۳۷۵) ملیار دینار. بەڵام لە ۱-۱-۲۰۲۳ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی (۲) تریلیۆن و (۵۹۸) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە ۴۰۰ ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ۱۱و ۱۲ـی ساڵی ۲۰۲۲، لەکاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تاوەکو مانگی هەشتی ساڵی ۲۰۲۳ بڕی ۱۱ ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە".

 گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق داهاتی نانەوتیی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە ۳۲۰ ملیار دینار هەژمار کردووە، ئێستاش بڕیاریانداوە ۵۰۰ ملیار بە قەرز بنێرن، بەڵام ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە: "هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە ۱ تریلیۆن و (۳۷۵) ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە".

 لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ۲۵ـی ئاداری ئەمساڵ هەناردەکراوە و دواتر راگیراوە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە ۲۵-۶-۲۰۲۳ـەوە تاوەکو ئێستا رۆژانە تێکڕا بڕی ۸۵ هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو رێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە نێوخۆییەکاندایە، لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچووی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووە و یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان ‏و گواستنەوەی نەوتەکە".

 گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کورددستان لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، "لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشانداوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی رادەست بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە، کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لەناو ‏شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە".

ئەمڕۆ ۱۰ـی ئەیلوولە و تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە دابین‌کردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە و حکومەتەکە بە پابەند نەبوون بە رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات. حکوومەتی ناوەندیش هەرێمی کوردستان بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات.

News Code 222101

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha