هەرێمی کوردستان ئەبێت ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات تا شایستەداراییەکانی هەرێمی پێ‌دابین بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەلی حەمە ساڵح لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق وتی: بەشی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە دوو هۆکار ڕادەست نەکراوە: یەکەم ئەوەیە کە تاوەکوو ئێستاکە یاساکە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێویستە ڕێنمایی وەزارەتی دارایی بۆ دەرکرێت و دووەم ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە.

کوردپرێس:

بابەتی بوودجە لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بۆتە یەکێک لە گرنگترین و ئاڵۆزترین بابەتەکان کە هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکەن. هەڵوێست و لێدوانی زۆر و جیاواز و هەندێکجاریش دژ بەیەک کە لەلایەن ڕەوتە سیاسییەکانی  هەرێم و بەغداوە لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە کە مووچەی فەرمانبەران و پشکی بوودجەی هەرێمی کوردستانی خستۆتە حاڵەتێکی ناشەفافەوە. لای خۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاندووە چیدی هاووڵاتیان نابێت داوی ڕوونکردنەوەی پرسی بوودجە و مووچە لە حکوومەتی هەرێم بکەن، بەڵکوو پرسی بوودجە کەوتۆتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی عێراق. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاند، پابەندە بە یاسای بودجە و ڕادەستی کردنی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا و بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، هەولێر ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەست کردنی داهاتەکانی گومرگی هەرێمی کوردستانیش ڕاگەیاندووە. سەرەڕای ئەمانەش، هەواڵی نافەرمی سەبارەت بە ئەگەری ڕادەست نەکردنی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەولێرەوە بۆ بەغدا لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە. هەروەها جەمال کۆچەر، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان قبووڵی نەکردووە کە لە ڕۆژی ۱۸ی هەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت و داوای لە بەغدا کردووە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حیسابی حکوومەتی هەرێم و هەرێمی کوردستان خۆی مووچەی فەرمانبەرانی پێبدات.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و چالاکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە جێبەجێ نەبوونی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و هەروەها بابەتی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: یاسای بوودجەکە دەرچووە بەڵام تاوەکوو ئێستاکە یاساکە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێویستە ڕێنمایی وەزارەتی دارایی بۆ دەرکرێت، ئاخر مەرحەلەیەتی کە لە ڕۆژانی ئایندەدا دەکرێت. بەپێی ئەوەی کە لە یاسای بوودجەکەدا هاتووە هەرێمی کوردستان ئەبێت ۴۰۰هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و لە بەرامبەردا شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. من پێم­وایە بە تێپەڕبوونی کات ئەم گرفتە چارەسەر ئەبێت.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئامادەیە سەرجەم داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی بەغدا بکات. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لە یاسای بوودجەدا هاتووە کە پێویستە هەرێمی کوردستان ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت و هەروەها نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕادەست بکات. ئێستا ئەم پرسیارە گەورەیە دێتە ئاراوە، کێشەکە چییە و بۆچی یاسای بوودجە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە؟ لەمبارەوە عەلی حەمە ساڵح وەڵامی پرسیاری کوردپرێسی دایەوە و وتی: لە ئێستادا گرفتەکە ئەوەیە کە ئەم ۴۰۰ هەزار بەرمیلە دانراوە کە هەرێم تەسلیمی بەغدای بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێگای تورکیا داخراوە ڕەنگە عێراق ۱۵۰ هەزار بۆ ۱۸۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی بیەوێت بۆ پاڵاوتن بەڵام لە نەتیجەدا ئەبێت عێراق کۆی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتەکە وەرگرێت و لە بەرامبەردا پێداویستییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێ­دابین بکات.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک بوو لە ڕووداوە یاساییە گرنگەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجامدا، هەرێم ڕووبەڕووی بۆشایی یاسایی بووەوە. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی حکوومەت بۆ حکومەتێکی کاربەڕێگکەر، نەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەموو ئەمانە ئەو پرسە سەرەکییانەن کە گۆڕەپانس سیاسیی هەرێمی کوردستانیان لە هەموو پرسە سیاسی و ئابووری و یاساییەکاندا خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی. ئێستاش پرسی مووچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێم لە بوودجەی عێراق بۆتە خواست و تەوەری سەرەکی هەرێمی کوردستان؛ عەلی حەمە ساڵح لەبارەی دۆخی ئێستا و نەبوونی پەرلەمانی کوردستان بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: لە ۲۰۱۳وە لە پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بوودجە نەبووە بۆیە پەرلەمانی کوردستان هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە پڕۆسەی بوودجە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمە هەر ڕێوشوێنکی یاسایی و ئیدارییە دوای پەسەند کردنی لە پەرلەمان لە ماوەی ۱۵ ڕۆژدا سەرۆک کۆمار واژۆی دەکات پاشان دەینێرێت بۆ بڵاو کردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعدا دوای ئەوەش وەزارەتی دارایی ڕێنماییەکان دەرئەکات و ڕێنماییەکانیش تەنها بۆ هەرێم نییە، ئەم ڕێنماییە داراییانە بۆ خەرج­کردنی کۆی بوودجەیە بۆیە من پێم­وایە لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەم گرفتانە چارەسەر ئەبێت.

 

News Code 221903

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha