کەركووک شاری پێکەوە ژیانه به ناسنامەی كوردستانی/ پێویستە بە حوکمی جیران بوونمان لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای مافەکانی جیرانێتی ڕێکبکەوین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس باسی زەروورەتی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و تورکیا لەسەر مافەکانی جیرانیەتی دەکات و سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاش و ئامادەکاریی یەکێتی بە تایبەت لە شاری کەرکووک دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانی لە دوای هەڵبژاردنی ڕابردوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە حازرییدایە بەتایبەتی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان کە تایبەتمەندییان هەیە.

کوردپرێس:

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ کوردپرێسدا کۆمەڵێک تەوەری گرینگی پەیوەست بە ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و تورکیا وەکوو دوو وڵاتی دراوسێی هەرێمی کوردستان شرۆڤە کردووە، دەقی دیمانەکە لە درێژەدا بخوێننەوە.

 

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەرنامەی یەکێتیی لە کەرکووک:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژرادنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایبەتی ئەو پارێزگایانە کە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانن، بە دڵنیاییەوە بەردەوام لە ئامادەییدایە و دەبێت بزانن کە یەکێتی حزبێکی سیاسییە کە کارەکانی بەردەوامە و فەرقی هەیە لەگەێ چەند ڕۆشنبیرێک کە کۆ دەبنەوە و لیستێک بۆ هەڵبژاردن پێشکەش دەکەن لە ماوەی چەند ڕۆژێک پێش ئینتیخابات.

یەکێتیی نیشتمانی لە دوای هەڵبژاردنی ڕابردوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە حازراییدایە و هەوڵی ئەوە دەدات کە بەتایبەتی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان کە تایبەتمەندییان هەیە و جیاوازن لە پارێزگاکانی ناو سنووری هەرێمی کوردستان هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە لیستێکی هاوبەش دابەزێنن چوونکەلیستێکی جیاجیا دەنگێکی زۆری کوردی ڕەنگە بە فیڕۆ بدات. سیستەمی ژماردنی دەنگەکان و کورسییەکان بەو شێوەیە کە هەیە پسپۆڕەکان لێکی دەنەوە کە کام شێوە لە کار کردن سەرکەوتووە و لە کوێوە ئەتوانن باشترین دەنگ بەدەست بێنن.

تا ئەم لەحزە یەکێتیی نیشتمانی، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان 10 لایەنی تری کوردی و گرووپی کوردی کۆ کردۆتەوە لە بەرەیەکدا و لەگەڵ پارتیش لەسەر ئەم مەوزۆعە لە گفتوگۆداین و مومکینە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی کۆ ببنەوە لەسەر مەسەلەی کەرکووک و خانەقین زۆر جێگای تر گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە لیستێکی هاوبەش باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین و ئەمە دیارە وەکوو لە ڕابردوودا هەمیشە لە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بێت یان ئەنجومەنی پارێزگاکان بێت کورد ئیسباتی کردووە کە زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووکیش کوردن و کەرکووک شارێکی عێراقییە بە ناسنامەی کوردستانی و لەگەڵ کورد لەو شارەدا عەرەب و تورکمان و کریستیان و پێکهاتەکانی تریش دەژین و پێویستە ئەم ڕێککەوتنانە و لایەنەکان خەبات بکەن لە پێناو کورسی زیاتر بۆ خۆیان بەڵام ئەمە دوژمنایەتیی نییە بەڵکوو خوسوومەتە یەعنی کێبڕکێیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و یەکێتیی نیشتمانیش هەوڵ دەدات.

جاروبار ئێمە ئەبیستین دەنگی ناساز لە برادەرانی تر بەڵام ئێمە ڕای لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەنگی ئەندامێکی سەرکردایەتیی حەسێب ناکەین بەڵکوو بۆ ئێمە وتەبێژ چی ئەڵێت ڕای ڕەسمی لایەنە سیاسییەکان دێتە ئەژمار و هیوادارین پەیوەندیی ئێمە و پارتی بەرەو باشتر بوون بچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا، تەنانەت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش.

 

 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان:

ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دیارە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و لەلایەن مەحکەمەی دەستووری دەنگی بۆ درا کە ئەم پەرلەمانە شەرعیەتی نەماوە و درێژکردنەوەکەی نایاساییە، چۆن پەرلەمانی کوردستان وایلێهات؟ من نامەوێت ئەمە ئیزافە بکەم چوونکە ئێمە بەتەمای کۆبوونەوەین و پێویستە لە ناوەختا وەکوو کەلەشێری ناوەخت نەخوێنین بەڵکوو هەوڵی ئەوە بدەین لایەنەکان ڕابکێشین بۆ ڕێککەوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشێوەیەک کە ڕێزی لێبگیردرێت ئەو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنێکی پاک و بێ کێشە بێت.

 ئەوەی پەیوەندیی بە پەرلەمانی کوردستانە سەرۆکی هەرێم پێشتر 18ی 11ی دەست نیشان کردبوو بەڵام پاش ئەوەی کە درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی لەقەڵەمدرا لەلایەن مەحکەمەی دەستوورییەوە و کۆمیسیۆنی بێ لایەنی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانیش هەڵوەشایەوە، ئەمڕۆ دەبێت هەڵبژاردنێک بکرێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای بێ لایەنی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت و کۆمیسیۆنی باڵای عێراق 18ی 12 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەیە لە هەموو عێراق و لە 7ی 1 کاتەکەی تەواو دەبێت، ئەگەر کاتی تەواو ببێت و خەڵکی نوێ بێت ئەی لە 7ی 1 کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە کە دەکاتە 18ی 2 ڕەنگە زوو بێت بۆ ئەو کەسانە ئەگەر نوێ بووبن بە ئەندامی کۆمیسیۆنەکە و تەئخیری تەکنیکی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن دەبن. بۆیە من پێم وایە ئەمەیان دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم قسە بکەن کە ئەم مەوزووعە بە شێوەیەک بگونجێندرێت. چوونکە 18ی 2 لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکان لە قەزای پێنجوین، چۆمان، مێرگەسوور، زاخۆ، درێژایی سنووری تورکیا بەفربارانە لە هەرێمی کوردستان و مەسەلەی هاتوچۆ و  گەیاندن و ڕۆشتن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کارێکی ئاسان نییە بەتایبەتی ئەگەر بەفرێکی زۆر ببارێت بۆیە پێویستە ئەوەش لە نەزەردا بگیردرێت ئەوجا کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی داهاتوو دیاری بکرێت.

 

پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و بەتایبەت لەگەڵ پارتی:

بۆ پەیوەندی لەنێوان یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکەی نێوانیان ناکۆکییەکی لەمێژینەیە و ئەوانە هەریەکەیان هەوڵ دەدەن بن بە بەدیلی مێژوویی ئەوی تریان. لە پێشتر ناکۆکی و شەر هەبوو شەڕێک بەناویش بووە؛ نە پارتی بە یەکێتی لەبەین چووە و نە یەکێتی بە پارتی لەبەین چوو، بۆیە پێکەوە کار کردنیان کارێکی حەتمییە و مەحکوومن بە بەیەکەوە کار کردن و غەیری یەکتری ئەلتەرنەتیڤیان نییە. هیچ حکوومەتێک لە هەرێمی کوردستان ناتوانرێت دابمەزرێت لە ئەمڕۆدا بەبێ یەکێتی و بێ پارتی.

ئەوەی پارتی ئێستا دەیکات و وابزانێت کە لە ڕێگای پێکهاتەکان و لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ناتەمیس بە تەقەلوبێکی زۆرەوە بتوانێت پەنچا زائید یەکی کورسییەکان تەئمین بکات ئەمە کارێکی موستەحیلە و پێویست ناکات کات بە فیڕۆ بدەین و پارتی و یەکێتی زۆر شەڕی یەکتریان کردووە و پێویست ناکات بیر لە شەڕ وەکوو چارەسەرێک بۆ کێشەی نێوان هەردوو لایەن بکەنەوە بەڵکوو دەبێت هەوڵی ئەو بدەن کە یەکتری قبووڵ بکەن و لە دەرگای سەرەکی بێنە ژوورەوە نەک لە پەنجەرەکانەوە و یەکتری ئەزییەت نەدەن.

 

جوغرافیا ئینکارە و بۆیە دەبێت لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر مافەکانی جیرانیەتی ڕێکبکەوین

ئەوەی کە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ لەگەڵ جیرانەکانمان ئەکید ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هەروەها سنوورێکی درێژیشمان لەگەڵ تورکیا هەیە هەموو سنووری عێراق و تورکیا کەوتۆتە ناو هەرێمی کوردستان بۆیە مافی جیرانێتی و بەپێی ڕیعایەت کردنی تەقالیدی دیپلۆماسی و ئەمنییەتی سنوورەکان هەوڵی ئەوە دەدەین کە بەلای کەمی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەردوو وڵات پەیوەندییەکی باش بن. ئەگەر ئەم وڵاتانەش لە بڕوبیانوودان و هەوڵ دەدەن بەهانەی جیاجیا پەیدا بکەن بەبێ ناوەڕۆک بۆ ئەزییەت دانی هەرێمی کوردستان زەرەر دەکەن چوونکە ئەم جوغرافیە قابیلی ئینکار نییە و ناگۆڕدرێت و ئێمە هەر جیران دەمێنین دەبێت ئەو جیرانەتییە ڕێک بخەین بە شێوەیەکی باش و قبووڵ کردنی یەکتر و ئیحترامی موتەبادیل یەعنی ڕێز گرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندیی هاوبەش زۆر باشترە لەوەی کە هەوڵی ئەوە بدەین هەریەکەمان لەوی دی هەڕەشە بکات. دەبێت تواناکانمان تەواوکەری یەکتر بن بۆ ئیستیقرار و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئەورووپا و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێم وایە دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرام و بەرنامەی ڕزگار کردنی عێراق لە ڕەژێمی سەدام حسێن.

 دەیان ساڵ پێکەوە هەم کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم تورکیا  لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق هاوکارییان کرد بەڵام نەتوانرا نە لە شەڕی چەند ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و نە دوای ئەوەش عێراق نەڕووخێندرا.

دیارە یارمەتی دانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر ڕووخاندنی ڕەژێمی سەدام حسێن و ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ئەم مەوزووعە و ڕێز لە کارەکانیان دەگرین بەڵام ئەمڕۆ کارێکی نادروستە کە هەرێمی کوردستان ئیتیهام بکرێت کە سەربە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە یان سەربە هەر وڵاتێکی ترە، بەڵکوو هەرێمی کوردستان دۆستی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە لە پڕۆسەی ڕزگار کردنی عێراق هاوکارییان کردین و لە   کاتی پێویست هەوڵ دەدەا پەیوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و ئەو پەیوەندییانە پارێزراون، بەڵێ ڕاستە لەنێوان وڵاتەکانی جیاجیا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مومکینە ناکۆکی هەبێت و هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نییە لەم ناکۆکییانە. خراپیشە داوای لێبکرێت ببێتە بەشێک لەم ناکۆکییانە، بەڵکوو دەبێت ببێتە کارتێک بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییەکان. ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بۆتە بەهانە. بەڵکوو هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و پێوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا زۆر بەرەو پتەو بوون و باشتر بوون دەچێت. ڕێز گرتن لە سیادەی عێراق ڕێز گرتنە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێز گرتنە لە جیرانەکانی کە هەریەکەمان مافی جیرانمان لەسەرە.

News Code 221895

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha