ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا کاتی زیاتری پێویستە

بەشی جیهان- ئەلکساندر مەک‌کیوور، شارەزا لە پرسەکانی سووریا ڕایدەگەیەنێت ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریادا هاتووە بەس نییە و تا ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان کاتێک زیاتر پێویستە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڕانکارییەکان لە سووریا پاش ئەو هەنگاوەی وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی و تورکیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی سووریا هەڵیان گرتووە، بە گوتەی شارەزایان، دەتوانێت ببێتە هۆی چارەسەر بوونی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە. ئایندەی کوردەکانی سووریاش لە دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا، گرنگە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کوردەکانی سووریا کە لە دانوستانەکانی پێشوویاندا لەگەڵ دیمەشق کە بە نێوەندگیریی ڕووسیا ئەنجام درا و ئەنجامێکی نەبوو، ئێستا بە پێی هەندێک ڕاپۆرت، هەوڵ دەدەن لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کەڵک وەربگرن بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەشار ئەسەد. ئەلکساندر مەک‌کیوور شارەزا و چاودێری پرسەکانی سووریا، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپرێسدا، پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ سووریا گرنگ، بەڵام بە ناتەواو وەسف دەکات.

 

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەریی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ سووریا بەسەر کوردەکانەوە وتی: پێموایە هێشتا زووە لەسەر کاریگەریی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەسەر دۆخی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد لە سوریا لێدوانێک بدەم . کورد لە ئێستادا پەیوەندی بە ئیماراتەوە دەکات بۆ ئەوەی کە ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق بدۆزێتەوە. بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئیماراتیەکان شوێن ئەم دۆسیەیە دەکەون یان تەنانەت ئایا بەشار ئەسەد گوێ لە قسەکانیان دەگرێت یان نا.

شارەزای پرسەکانی سووریا، هێرشی بەردەوامی درۆنەکانی تورکیای بۆ سەر کوردەکانی سووریا بە جێگرەوەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی ئەنقەرە لە دژی ئیدارەی خۆسەری کورد زانی و زیادی کرد: پێموایە هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا جێگەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییە بەرفراوانەکانی ئەم وڵاتەی لەدژی کوردەکان گرتۆتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە، لە ئێستادا، نە ئەمریکا و نە ڕووسیا ئامادە نین گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکەن تاکوو ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات. ئەم هێرشانە بۆ تورکیا تێچووی کەمترە و لە هەمان کاتدا هێزەکانی تورکیا ناخاتە مەترسییەوە و گوشارێکی زۆریش لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات دروست دەکات.

 

مەک‌کیوور بە دووری دەزانێت کە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاسایی ببێتەوە و دەڵێت: سەبارەت بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی نێوان ئێران، تورکیا، ڕووسیا و سووریا سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا، دەبێت بڵێین کە زۆر شت پێویستە ڕووبدات تاکوو ئەم بابەتە بگاتە ئەنجام.  تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی داهاتووی تورکیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هێشتا بابەتی گرنگ سەبارەت بەم پرسە هەیە.

 

ناوبراو لەبارەی هۆکاری دوور بوونی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە کوردپرێسی وت: بەشار ئەسەد داوا لە تورکیا دەکات هێزەکانی لە سووریا بباتە دەرەوە بەڵام تەنانەت ئەگەر تورکیا ئەم کارەش ئەنجام بدات ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە تورکیا لە سووریا داگیری کردوون بەرەو سنوورەکانی تورکیا بەڕێ دەکەون. تورکیاش نایەوت ئەم ڕووداوە ببینێت، بۆیە من وا دەزانم کە: "ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا کاتی زیاتری پێویستە".

News Code 221418

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha