تورکیا مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دیاری کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکوومەتی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکەن بۆ باس کردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەکە بە ڕۆژنامەی «العربی الجدید»ی قەتەری راگەیاندووە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، دوای وەستانی نزیکەی 40 ڕۆژ.

ڕۆژی 25ی ئادار تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت، دوای ئەوەی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس ئەنقەرەی پابەند کرد بە پێدانی قەرەبوو بە بەغدا، بەهۆی پێشێل کردنی ڕێککەوتنی بۆری ساڵی 1973 بە ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی حکوومەتی هەرێم بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق .

ئەو بۆرییە نەوتییە کە لە ناوچەی کەرکووکی عێراقەوە تا بەندەری جەیهان درێژدەبێتەوە، تاکە ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانە لە هەرێمی کوردستان.

بەهجەت ئەحمەد، پسپۆڕی کاروباری نەوت، دووپاتی کردەوە، هۆکاری سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بوونی کۆمەڵێک مەرجە بۆ تورکیا.

ئەو پسپۆڕە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "تورکیا ڕەتی دەکاتەوە لە ئێستادا هەناردە کردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق دەستبەرداری بڕی قەرەبووی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار نەبێت لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریسەوە کە بەسەریدا سەپێنراوە.

ڕوونیشی کردەوە، "مەرجێکی دیکە بۆ تورکیا داواکارییە بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتەی لە هەرێمەوە هەناردە دەکرێت بە نرخی پێشوو 19 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش لەلایەن حکومەتی عێراق و بە تایبەتی کۆمپانیای سۆمۆ ڕەت دەکرێتەوە".

هێمای بۆ ئەوەش کرد کە: "تورکیا هێشتا لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە، کە ڕێگەی پێدەدات نەوتی هەرێم بە ئەنقەرە بفرۆشێت بە نرخێکی کەمتر، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە پووچەڵ بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ نادەستوریبونی نەوتی هەرێم.

حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 4ی نیساندا ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کرد کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوت، بەڵام هێشتا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاوێژکار و پسپۆڕی پسپۆڕی نەوت، گۆڤەند شێروانی ڕایگەیاندوە، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی "سۆمۆ" ڕێککەوتووە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنەوەی کڕینی نەوتی هەناردەکراو لە هەرێمەوە، کە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، جگە لەوەش بۆ 80 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک.

ئەو شارەزایە وتوویەتی "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە و تەنیا هەندێک ڕێکاری ڕۆتینی ئاسایی ماوە".

ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە لە ئەگەری بەردەوام‌بوونی وەستانی هەناردە کردن تا کۆتایی ئەمساڵ کە گریمانەیەکی دوور لە چاوەڕوانییە، ئەوا کۆی زیانە داراییەکان لە ٨ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت.

News Code 221361

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha