یەکێتی نیشتمانی مووچەخۆرانی سلێمانی وەک کارتی گوشار بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەکار دەهێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، یەکێتی مووچەخۆرانی سلێمانی وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی سێشەممە 26-4-2022، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەلەفزیۆنی ڕووداوی رایگەیاند: "هەر هەنگاوێک بۆ چارەسەری مووچە بنرێت وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان پشتگیری دەکەین، بەڵام پێموایە تەنیا بەو هەنگاوە کۆتایی بەو دۆخە سیاسیی و ئابوورییەی سلێمانی نایەت".

لیزا فەلەکەدین دەڵێت، "لەنێو لیژنەی باڵای ئابووری نوێنەری دەسەڵاتی سلێمانیشی تێدایە کە خۆیان بەو بڕیارە رازی بوون، دەمێک بوو ئەوان داوای لامەرکەزیی داراییان دەکرد، ئێستا ئەو لامەرکەزییە 100% لە سلێمانی هەیە و دەردەکەوێت گرفت لە بەڕێوەبردنی سلێمانی هەیە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان گرفتی پێدانی مووچە لە سلێمانی بە گوشارێکی سیاسیی ناو برد و گوتی: "تاوەکوو مانگی یەکی ئەمساڵ هیچ گرفتێکی مووچە لە سلێمانی نەبوو و ئەوەی ئێستا دروستبووە گوشاری سیاسییە بەهۆی دۆخی سیاسی لە عێراق، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەک لەو بابەتانەیە کە لە پێناویدا مووچەخۆرانی سلێمانی وەک کارتێکی گوشار بەکار دەهێنرێن".

لیزا فەلەکەدین پێیوایە، یەکێتی نایەوێت ئەو دۆخەی لە سلێمانی بۆ مووچەخۆران دروستبووە چارەسەر بکرێت و دەڵێت: "دەسەڵاتی یەکێتی لە سلێمانی نە روونکردنەوە بۆ لیژنەکانی پەرلەمان دەدات و نە رێگە دەدات ئەنجوومەنی پارێزگا کارەکانی بکات و تەنانەت وەڵامی 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگاش نادەنەوە، کە داوای روونکردنەوەیان کردبوو، ئەوەش پێماندەڵێت ناشەفافییەک هەیە لەو بابەتەدا."

News Code 5831

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha