بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: بە فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و لەسەر داوای مەسروور بارزانی بە برووسکەیەک مەکتەبی سیاسی پارتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەولێر- سلێمانی هەڵەبجە- کەرکووک- گەرمیان و مەکتەبی سیاسی و هەموو لقەکانی پارتی ئاگادارکراون چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی رووداو نەکەن.
ئەم فەرمانە حزبییەی پارتی رۆژی 7ی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە "ماوەیەکە تەلەفزیۆنی رووداو موراعاتی ئەمنی نەتەوەیی ناکات، هەندێک بابەت دەوروژێنێ لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە دەبێت هەڤاڵان خۆیان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو بپارێزن، تا ئەو کاتەی کەناڵەکە بە رەفتارەکانیدا دەچێتەوە".
بەپێی زانیارییەکان درەو، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەزیرەکانی پارتی قەدەغەکراوە قسە بۆ کەناڵی رووداو بکەن.
ئەم بڕیارانەی مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە کە خاوەنی کەناڵی رووداوە.
لە دوای دروست کردنی کەناڵی رووداوەوە، چەندجارێکە نێچیرڤان بارزانی دەکەوێتە ژێر فشاری مەسعوود بارزانی مامی، بەپێچەوانەی میدیا فەرمییەکانی پارتییەوە، رووداو رێگا بە تێپەڕبوونی بۆچوونی بەشێک لە نەیارانی سیاسی پارتیش دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی دروستکردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرچاوەی داهاتی کەناڵەکە دەبەسرێتەوە بە پارتییەوە و پارتی داوای دەستوەردان دەکات لە بەڕێوەبردنی کەناڵەکەدا.
Your Comment