بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق خستەڕوو و ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپشت بەستن بە مادە دەستووریەکان نەوت و گاز موڵکی گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا، هەروەک حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە نەخشەکێشان بۆ ستراتیژی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و گاز بەشێوەک زۆرترین سوودی بۆ ھاوڵاتیان بێت.
ئەوەش هاتووە، ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان، جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی مادە دەستورییەکان دەکەینەوە، بەشێوەیەک بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵیزم و مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد پارێزراوبێت. جەخت لەسەر مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان دەکەین، بەتایبەت کە حکومەتی هەرێم پەرە بە چاکسازی گشتگیر بدات کە پشتیوانی خەڵک بۆ سیاسەتەکانی دەستەبەر بکات و پێداچونەوە و چاکسازی لە کەرتی وزەدا بکات.
بزووتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە کێشەی نەوت و غاز لە نێوان عێراق و هەرێم وتارێکی نەوشیروان مستەفای وەک نەخشەرێگای چارەسەری کێشەکان پێشناز کردوە، لەو وتارەدا نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە دەڵێت: "نابێ کورد بەھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ گوشارێکی ناوەکی و دەرەکیدا دەستھەڵگرێ لە مافەکانی خۆی، مافی خۆبەخاوەنزانینی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان لەوانە نەوت و غاز و ئاو، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ئەم گرێبەستانە ئەوەیە لە تاریکی دا و لە ژوری داخراودا بێ ئاگاداری خەڵکی کوردستان ئەنجامدراوە. بۆئەوەی حکومەتی ھەرێم لەم لایەنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەھێزبێ، ئەبێ پشتئەستور بێ بە پشتیوانی خەڵک، بۆئەوەی پشتیوانی خەڵک بەدەستبھێنێ ئەبێ لە ھەمو ھەنگاوەکانی لە رۆشنایی دا و بە ئاشکرا کاربکات".
بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لە 15 ساڵی رابردوو و دوای دەرچواندنی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، دروستنەکردنی کۆمپانیای نیشتیمانی و سندوقی داھاتە نەوتییەکان، گەندەڵی و بەھەدەردانی سامان، نەبونی شەفافیەت و زانیاری پێویست لەبارەی داهاتی نەوت؛ متمانەی هاوڵاتیانی بە دۆسیەی سامانە سروشتیەکان لاواز کردوە، هەر ئەم فاکتەرەش وایکردوە خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لە سیاسەت و داھاتی نەوت بڕوانن. بۆ رەوینەی گومان و چارەسەری کێشەکان پێویستە سیاسەتی نەوتی ھەرێم شەفاف بێت و داھاتەکەشی بخرێتە خزمەتی باشکردنی ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک".
Your Comment