300 چەکداری هەڵاتووی داعش دەستبەسەر کراونەتەوە

بەشی سووریا- هەسەدە رایگەیاند، توانیویانە 300 چەکداری داعش دەستبەسەر بکەنەوە کە لە زیندانی غوێران هەڵاتبوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆژی لەبارەی دوایین زانیارییەکان لەسەر ئەو ئاڵۆزییەی چەند رۆژێکە لە حەسەکە دروستبووە رایگەیاند: توانیویانە ژمارەیەک لەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکە هەڵاتبوون دەستبەسەربکەنەوە و هەشت چەکداریش لە رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون، دەشڵێن: "سەربازێکی ئێمەش شەهید بووە."

لە راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، "هێزەکانمان ئەمڕۆ کاژێر 5ـی بەیانی چوونە سەر باڵەخانەیەک کە چەکیشی تێدابووە، 300 چەکداری داعشیان دەستبەسەر کردووەتەوە. ئۆپەراسیۆنەکانمان بەپێی پلانێکی وردی ئەمنی بەردەوام دەبێت. لە گەڕەکەکانی حەسەکە بەدوای هەموو ئەو چەکدارانەوەین کە دوای ‌هێرشی سەر گرتووخانەکە هەڵاتوون."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا هەسەدە ئاماژەی بەوە داوە، "لەبەر هەبوونی خەڵکی سڤیل لەنێو گەڕەکەکان و شانە نووستووەکانی داعش تێیاندا، هێزەکانمان بە وریاییەوە بەدوای چەکدارەکاندا دەگەڕێن، لە شەڕی هێزەکانمان بۆ دەستبەسەرکردنەوەی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش 8 چەکدارمان لێ کوشتوون، هەروەها شەڕڤانێکی ئێمەش شەهید بووە."

بۆ ماوەیەک ئاگربەستێک راگەیێندرا، بۆ ئەوەی خواردن و پێداویستیی سەرەتایی بگاتە نێو زیندانەکە، لەبەر ئەوەی بارمتەی هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی سڤیلیش لەنێو زیندانەکە هەن، هەسەدە ئاگربەستەکەی قبووڵ کردووە.

هێزەکانی هەسەدە بەردەوام پشکنینی ئەو گەڕەک و کۆڵانانە دەکەن کە گوماندەکرێت چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش تێیاندا خۆیان حەشار دابێت. فڕۆکەی هاوپەیمانانیش بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە و چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

News Code 4838

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha