بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بیلال وەهاب، لێکۆڵەری پرسە کوردییەکان لە ئەنستیتۆی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: دۆخی ئێستای کوردەکانی عێراق لە نێوان خۆف و هیوادا هەڵواسراوە و هۆشداری دەدات لەبارەی پاشهاتی ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەوان کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دۆخی سیاسی و سەربازیی ئێستای ناوچەکە.
ناوبراو بە ماڵپەڕی ئەلکترۆنیی مۆنیتۆر-ی ئەمریکیی وتووە تەنگەژەی کۆنە و نوێی زۆر لەسەر ڕێگای هەرێمی کوردستاندا کە کاریگەریی لەسەر ئێستا و داهاتووی ئەم ناوچەیە دەبێت.
بیلال وەهاب لەبارەی تەنگەژە نوێکانی بەردەم هەرێمی کوردستان دەڵێت: دوو تەنگەژەی سیاسیی بەردەم هەرێمی کوردستان بریتین لە: مەرگی سیاسەتوانانی دیار و کۆنی کورد وەکوو جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا سەرکردەکانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و دەسەڵات کەوتنە دەست نەوی تازەی حزبە سیاسییەکان.
ناوبراو ئاماژەشی دا بە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە بنەماڵەی تاڵەبانی و جەختی کردەوە ئەم کێشەیە لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بنەماڵەی بارزانیش بوونی هەیە.
شرۆڤەکارەکەی ئەنستیتۆی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی گرژییە خانەوادەییەکان و گۆڕینی ڕێدۆز لەو بنەماڵانەدا پاش مەرگی گەورە سیاسییەکان وتی: بەگشتی ئەم نەوە نوێیە تەعامولی ئەرێنیی کەمتری لەگەڵ خەڵک هەیە و لە جیهانبینی سیاسیی خۆیاندا توندڕەون و هاوشێوەی سیلیبریتی ڕەفتار دەکەن.
ناوبراو ئامادەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کە تێڕوانینێکی تەواو جیاوازی بۆ پرسی کورد هەیە بە یەکێکی دیکە لە تەنگەژەکانی بەدەم هەرێمی کوردستان وەسف دەکات. بە ڕای بیلال وەهاب هێرشی مووشەکی بۆسەر هەولێر تەنگەژەیێکی دیکەیە.
لێکۆڵەری پرسە کوردییەکان ئاماژەشی دا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو وڵاتە داناوە و جەختی کردەوە ئەگەری دووبارە کردنەوەی ئەم ڕووداوە لە عێراق کوردەکان و سەرکردەکانیانی زۆر نیگەران کردووە.
Your Comment