ئەمریکا ئاگاداری کاریگەریی ڕووخێنەری پەکەکە لەسەر هاوکێشەکانی کوردستانی سووریایە  

بەشی سووریا- سیاسەتوانێکی سەربەخۆی کوردی سووریا دەڵێت: ئەمریکا ئاگاداری پێوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە-یە و هەروەها ئەوەش دەزانێت کە ئەم پێوەندییە چ کاریگەریێکی نەرێنیی لەسەر دۆخی کوردستانی سووریا دروست کردووە.

«وەلید حاجی عەبدولقادر» سیاسەتوانی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا وتی: نابێت لەبیری بکەین کە ئەو سیاسەتەی بایدن ئەمڕۆ لە سووریا جێبەجێی دەکات هەمان سیاسەتەکانی سەردەمی ئۆبامایە کە بایدن هەوڵ بۆ بەئەنجام گەیاندنی دەدات.

ناوبراو درێژەی دا: هەڵبەت هێشتا زووە کە لەبارەی سیاسەتەکانی بایدن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێک بڵێین بەڵام ئەوەی کە لەم ماوەیەدا بینیومانە سیاسەتی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاسەتەکانی ترەمپ لەناوچەکەدا و لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی ئۆبامایە.

وەلید حاجی عەبدولقادر زیاتر ڕایگەیاند: ئەوەی کە لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەناوچەکەدا دەوترێت زۆر وردبینانە نین. بەڕای من ئەمریکا دەیهەوێت بەشێک لە هێزە زەوینییەکانی خۆی لە ئەفغانستان یان عێراق و سووریا و دیکەی ناوچەکانی جیهان بکشێتەوە و لەبری ئەوانە بنکە دەریای و ئاسمانییەکانی لەناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.

ئەم سیاسەتوانە کوردە جەختی کردەوە: کشانەوەی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا کێشەی زۆر دروست دەکات. بەر لە هەموو شتێک دەبێت ئەم پرسیارە بکەین کە پێوەندیی پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و ڕووسیا لەسەر چ بنەمایێکە و ئەوان چ ڕۆڵێک لە کوردستانی سووریا دەگێڕن؟ من چەندین جار گوتوومە ئێستا دۆخەکە پەیەدە کونترۆڵی دەکات وەکوو خەڵاتێکە کە لە ساڵی 2012دا لەنێوان حکوومەتی ناوەندیی سووریا و جەمیل بایەک و لاهور شێخ جەنگی و هێزەکانی دیکەدا درایە ئەم حیزبە تا وەکوو پارێزەری بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی سووریا ئەمانەتداری بێت.

وەلید حاجی عەبدولقادر ڕاشیگەیاند: بێ گومان کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کاریگەریی لەسەر دانوستانی کوردی-کوردی دەبێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتا و هەندێک کەس وەکوو ئاڵدار خەلیل بوێر دەبنەوە و وتەی نادروست لەبارەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد دەڵێن و ناکۆکییەکان قووڵتر دەکەن و بۆ نموونە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کە لەژێر کونترۆڵی حکوومەتی ناوەندیدایە هێرش دەکەنە سەر ئەنجومەنی نیشتمانی تاکوو بەو شێوەیە نیشان بدەن کە ئەوان و حکوومەتی ناوەندی دۆستی یەکن.

ناوبراو لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە: بە هەمان شێوە کە بایدن ئاماژەی پێدا ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی خۆی لەناوچەکەدا چۆڵ ناکات بەڵکوو زیاتر بۆ بەهێزتر کردنی بنکە دەریایی و ئاسمانییەکانی خۆی هەوڵ دەدات و لەبارەی کوردستانی سووریاش دەتوانین بڵێین کە ئەمریکا بەتەواوی ئاگای لە پێوەندیی پەیەدە و پەکەکە هەیە دەزانێت کە پیاوەکانی پەکەکە لەناو پەیەدە لەوان ئاڵدار خەلیل و مەحموود بەرخوەدان و کسانی تر چ کاریگەریێکی نەرێنییان لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستانی سووریا هەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3074

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha