چوار مەرجی گەڕانەوەی پارتی دیموکرات بۆ کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک/گەرمیانی پارتی، ئاماژە بەوەدەکات پارتی چوار مەرجی داناوە بۆ گەڕانەوەی بۆ کەرکووک لەوان کشانەوەی هێزی سەربازی لە کەرکووک و جێگیر کردنی پێشمەرگە لە دەوروبەری شارەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکووکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گەرمیانی پارتی دەڵێت: "پارتی بۆچوونی خۆی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووک، چوار خاڵمان داناوە بۆ ئەو مەبەستە، خاڵی یەکەم پەیوەندی بە دۆسیەی سەربازیەوە هەیە، کە پێشمەرگە و سوپا بەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری، ئەو هێزانە لەدەرەوەی شارەکان جێگیربکرێن و ناوەندێکی هەماهەنگیان لە کەیوەن هەبێت."

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنیش گفتوگۆ بەردەوامە و وەفدێکیان ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدایە، وتی "دەبێت ناو کەرکووک ڕادەستی پۆلیسی محەلی بکرێت کە پێکهاتەکەی خەڵکی شارەکەیە، هەروەها خاڵە پشکنینەکانیش بسپێردرێنە کاروباری خاڵە پشکنینەکان، دۆسیەی سیاسیش، دەبێت بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانیش چۆڵ بکرێن، بەربەست لەبەردەم ئاڵای کوردستانیشدا دانەنرێت، ناکرێت جۆرەها ئاڵا ناو کەرکووک هەبێت و ئاڵای کوردستان قەدەغە بێت، دەبێت حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و سوپا و پۆلیسی فیدراڵیش ببرێنە دەرەوەی شار، پاشان دەبێت پارێزگاری سەپێنراویش لاببرێت و پارێزگارێکی کورد دابنرێت کە سەیری هەموو لایەنەکان وەکوو یەک بکات."

دەربارەی ئەوەی ئایا مەرجەکانی پارتی قورس نین یاخود بە حکوومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێن، کەمال کەرکووکی وتی "گەر حکوومەت حکوومەت بێت، دەبێت پابەند بێت بەدەستوورەوە، بەپێی دەستوور نابێت سوپا ناو شارەکان بێت و دەستوەردان لەکێشەی نێوان لایەنەکان بکات، ئێستا کەرکووک بووەتە سەربازگەیێکی گەورە، جۆرەها هێزی تێدایە، خەڵک دەکوژرێت و دەڕفێنرێت، شارەکە تەعریب دەکرێت."

سەبارەت بەهۆکاری پاڵپشتی کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارتی گەلی تورکمانی، کە هەمیشە گەڕانەوەی ئەو حیزبەی بۆ کەرکووک کردووەتە مەرجی دانوستانەکانی، بەپرسەکەی پارتی دەڵێت "پارتی گەلی تورکمان وەکوو هەر پارتێکی تر، مۆڵەتی کارکردنی هەیە، لە 16 ی ئۆکتۆبەر بارەگا و ماڵیان داگیرکراوە، ئێمە مەبەستمان تەنها ئەو پارتە نیە، مەبەستمان هەموو حیزبێکی سیاسیە، کە دەبێت ئازادانە کاری خۆی بکات."

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی، دەربارەی کاری ژوورە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وتی "ئێمە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانانمان ئاگادار کردووەتەوە، عێراق لە دوو ڕیانێکی مەترسیداردایە، یان پابەندبوون بە دەستوور، یان عێراق بەرەو هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدار دەڕوات."

لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکووکی ئاشکرای کرد لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکرا کردنی دەست پشت ئەو مووشەکانە پێکهێنراوە کە لەچەند هەفتەی ڕابردوو بە ئاراستەی هەولێر دانرابوون و هێزە ئەمنیەکان دەستیان بەسەردا گرتن، وتی "داعش هێزێکی تیرۆرستیە، جۆرەها کاری تیرۆریستی دەکات، بەڵام بۆ ساروخەکان کە دانرابوون بە ئاراستەی هەولێر، گومانمان لەوان نیە، ئەوانەی دایانناون، حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانانیش دەزانن پاڵپشتیەکەیان لەکوێیە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2313

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha