جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە بەندە بە بارودۆخی ئۆجەلانەوە

بریکاری یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: "جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە بەندە بە مەرج و بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانوە، پێویستە پێگەی سەرۆک ئاپۆ بە فەرمی بناسرێت، ئەو لیژنانەی کە بەپێی ئەم یاسایە پێکدەهێندرێن، پێویستە لەگەڵ سەرۆک ئاپۆدا دابنیشن و ئەم یاسایە لە ژێر هەماهەنگیی ئەودا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم دینچ پارێزە لە نووسینگەی یاسایی سەدە و بریکاری یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی وڵات، دەربارەی ڕەهەندە یاسایی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی پڕۆژە یاسای "یاسای چوارچێوە" هەڵسەنگاندنی گرنگی کردووە.

لە قسەکانیدا دینچ وەک پارێزەرێک سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: هەرچەندە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخەنە سەر شانی، بەڵام مەرج و دەرفەتی پێویستی بۆ فەراهەم ناکرێت، تەنانەت تاوەکو ئێستاش سەرەتاییترین مافە یاساییەکانی بەندکراوێک لە ئیمرالی جێبەجێ ناکرێن، بۆ نموونە، لە ماوەی ئەم نزیکەی دوو ساڵەی دواییدا تەنها سێ جار دیداری پارێزەران ئەنجامدراوە، دیدارە بنەماڵییەکانیش تەنها لە جەژنەکاندا و بە شێوازێکی زۆر سنووردار بوون، لەژێر ئەم مەرجانەدا گێڕانی ڕۆڵێکی لەم شێوەیە ئەستەمە.

سەبارەت بە بایەخی یاسایی ئەم پڕۆسەیە، مەزڵووم دینچ وتی:تاوەکو ئێستا زۆربەی سەرهەڵدان ڕاپەڕینەکانی کورد بە لەسێدارەدان یان کۆمەڵکوژی کۆتاییان دەهات؛ بەڵام ئەمە یەکەمین جارە کە ئەم ڕاپەڕینەی کورد ئەمڕۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگەی دانوستانەوە بەرەو چارەسەری دەچێت، دەرکردنی ئەم یاسایەش لەم ڕووەوە هەنگاوی یەکەمە و گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئێمە هیوادارین ئەم پرۆسەیە زیاتر پەرە بستێنێت.

بریکاری یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەردەوامیی قسەکانیدا بەبیری هێنایەوە کە لە هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەرێتیی کاتێک باسی ئەم پرۆسەیە دەکرێت، دەوترێت کە ئەم کۆمارە لەلایەن کورد و تورکەوە دامەزراوە؛ لە دامەزراندنیدا کوردیش هەبوون و پایەیەکی ئەم کۆمارە کورد بوو، بەڵام ئەم پایەیەی، سەد ساڵە نکۆڵی لێ دەکرێت، بە کەم سەیر کراوە و لە دەرەوەی کۆمار و لە دەرەوەی یاسادا هێڵدراوەتەوە، کورد بە تەواوی لە دەرەوەی یاسا هێڵدراوەتەوە؛ هیچ وشەیەکی کوردی یان کوردبوون لە هیچ یاسایەکدا بوونی نییە، مافەکانیان بە تەواوی بەربەست کراون و لە دەرەوەی یاسا جێهێڵدراون.

جەختیش دەکاتەوە، گەلی کورد ئیتر ئەستوونێکی سەرەکیی ئەم کۆمارەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش کورد دەبێتە بەشێک لە سیستمێکی یاسایی و کۆمارێکی دیموکرات، بەم شێوەیە لە سەرتاسەری تورکیادا چارەسەرییەکی دیموکراتی دێتە ئاراوە.

بەبڕوای پارێزەرەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاریگەریی ئەم چارەسەرییە تەنها بە تورکیاوە سنووردار نابێت؛ بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکە و لەسەر هەر سێ بەشەکەی تری کوردستاندا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت، ئەمەش نەک تەنها بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە؛ چونکە ئەمڕۆ ناوەندی شەڕی سێیەمی جیهانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام، ئەم چارەسەرییە ئاشتی، ئارامی و دیموکراسی بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

دینچ سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە “یاسای چوارچێوە” دەپرسێت ئایا دەتوانین بڵێین ئەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ڕەهەندەکانی پرسی کورد بەسە؟ نەخێر، بەس نییە؛ چونکە لە دەستەواژە و زمانەکەیدا چەندین خاڵ هەن کە جێگەی ڕەخنەن، لە کاتی دەرکردنی ئەم یاسایەدا، چ لە خودی یاساکە و چ لە پاساو و هۆکارەکانیدا، زیاتر زمانێکی ئەمنی بەرجەستە بووە و ئەم کێشەیە هێشتا وەک بابەتێکی ئەمنی سەیر کراوە.

مەزڵووم دینچ  پێوایە کە یاساکە بۆ چارەسەری هەنگاوێکی ئەرێنییە کە هەرچەندە وشەی کورد لە ناو یاساکەدا نەهاتووە و ئەمەش کەمکوڕییەکی گەورەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و دیموکراتبوونی تورکیایە، ئەگەر ئەم پێناسەیە بە ڕاستەوخۆ بکرایە و یاساکە لەسەر ئەم بنەمایە ئامادە بکرایە، بێگومان کاریگەریی زیاتر و باشتری دەبوو.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بریکاری یاسایی ئۆجەلان باسی لەوە کرد، وەک هەنگاوی یەکەم، دەرکردنی ئەم یاسایە هەنگاوێکی مێژووییە؛ بەڵام ئەوەی هەرە بنەڕەتییە، خستنە بواری جێبەجێکردن و پراکتیزەکردنیەتی، هەرچەندە ڕاگەیەندرا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پرسی چۆنیەتی جێبەجێکردنی لە پراکتیکدا پرسێکی سەرەکییە.

مەزڵووم دینچ دووپاتی دەکاتەوە کە سەرەکیترین دانوستانکار و ئەکتەری لایەنی کورد، سەرۆک ئاپۆیە، ئەو کەسەی دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات و بیخاتە بواری پراکتیکەوە هەر خۆیەتی، دەشڵێت: گرنگترین هەنگاو کردنەوەی ڕێگایە لەبەردەم سەرۆک ئاپۆدا، هەرچەندە لە یاساکەدا پێگەی ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دیاری نەکراوە، بەڵام دەرگاکە بۆ پێناسەکردنی پێگەکەی بە کراوەیی جێهێڵدراوە.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ژێر بارودۆخی قورسی زینداندا مەحاڵە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، هەرچەندە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخەنە سەر شانی، بەڵام مەرج و دەرفەتی پێویستی بۆ فەراهەم ناکرێت، چونکە کەسێک لە ناو زینداندا بێت ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، چارەسەری سەرەکی، ئازادیی سەرۆک ئاپۆیە، پێویستە ئیتر لەم بارەیەوە هەنگاو بنرێت.

بنەمای یاسایی ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، سەبارەت بە “مافی هیوا” ئامادەیەم ئەم بڕیارە لە سەرووی یاساکانی تورکیاوەیە، دەبێت یاسای ناوخۆیی لەسەر ئەم بنەمایە هەموار بکرێتەوە و ڕێگای ئازادیی سەرۆک ئاپۆ بکرێتەوە، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی یاساییەوە کاتی هاویشتنی ئەم هەنگاوانە هاتووە و تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە ئیتر لەم بوارەدا هەنگاوی خێرا بنرێت.

مەزڵووم دینچ ڕەخنە لە پۆلێنکردن و جیاکاریکردنی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی لە ناو “یاسای چوارچێوە”دا گرت، بەڵام هاوکات دەرکردنی یاساکە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و ئەرێنی دەنخاند و وتیشی: پرسی گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی لە یاساکە بێبەش کراون، خراوەتە ژێر دەستپێشخەریی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK) کە دەتوانێت بە هەڵسەنگاندنەکانی، ڕێگا بۆ گەڕانەوەیان بکاتەوە، مەبەست لە گەڕانەوەی ئەم کەسانە دانیشتن نییە لە ماڵەوە، بەڵکو بەشداریکردنە لە سیاسەتی دیموکراتیک و بەڕێوەبردنی خەبات لە ڕێگەی سەرەوە؛ بۆیە پێویستە دەرفەت و ژینگەیەکی ئەمنی گونجاو فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی دوای گەڕانەوەیان دووبارە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن نەبنەوە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەم یاسایە تەنها سەرەتایەکە و بەس نییە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاریی قووڵتر لە بواری ئازادیی بیروڕا و خۆڕێکخستندا بکرێت، چونکە پرۆسەی دیموکراتبوون ناتوانرێت بۆ ئینسافی دەسەڵاتداران جێبهێڵدرێت و بەرپرسیارێتیی پەرلەمان و هەموو لایەک دوای ئەم یاسایە زیاتر بووە.

مەزڵووم دینچ ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کورد و سیاسییەکان بە هەماهەنگیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت، ئەو کەسەی کە ئەم پرۆسەیە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە سەرۆک ئاپۆیە، دەرفەتی ئەوە فەراهەم دەکرێت کە هەموو کەسێک بتوانێت بگەڕێتەوە و بەشداری لە خەباتی دیموکراتیکدا بکات.

هاوکات مەزڵووم دینچ جەختی لەوە کردەوە، جێبەجێکردنی “یاسای چوارچێوە” بەندە بە مەرج و بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانوە، پێویستە پێگەی سەرۆک ئاپۆ بە فەرمی بناسرێت، ئەو لیژنانەی کە بەپێی ئەم یاسایە پێکدەهێندرێن، پێویستە لەگەڵ سەرۆک ئاپۆدا دابنیشن و ئەم یاسایە لە ژێر هەماهەنگیی ئەودا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر سەرۆک ئاپۆ لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە بهێڵدرێتەوە، جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش مەحاڵ دەبێت، پێویستە ڕێگا لەبەردەم دیدارەکانی پارێزەران و بنەماڵەییەکاندا بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەش دینج وتی: دوای تێپەڕین بۆ قۆناغی دووەم، دەبێت ڕێگا بۆ سەرۆک ئاپۆ بکرێتەوە کە بتوانێت لەگەڵ پارێزەران، خێزانەکەی، ڕاگەیاندنەکان، ئەکادیمیستان و سیاسییەکاندا دیدار ئەنجام بدات، پێویستە ئەمە بە خێرایی بکرێت، دووبارەی دەکەمەوە، چارەسەری بنەڕەتی، ئازادیی سەرۆک ئاپۆیە، ئازادیی سەرۆک ئاپۆ، چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشە هەنووکەیییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

News ID 227728

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha