ئایا تورکیا بەڕاستی ئامادەی ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ کورد؟

یاسای نوێی پەرلەمانی تورکیا گرنگترین هەنگاوی یاسایییە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی چوار دەیەی ڕابردووی پەکەکە؛ بەڵام ئایندەی ئەم پرۆسەیە نەک لە پەسەندکردنی یاساکەدا، بەڵکوو لە ئازادکردنی ئۆجەلان، مافە سیاسییەکانی کورد و شێوازی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەنقەرە دیاری دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەسەندکردنی یاسای نوێ لە پەرلەمانی تورکیا دەربارەی داماڵینی چەک و گەڕاندنەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ناو کۆمەڵگە، لە ڕوانگەی ژمارەیەک لە شارەزایان و دیپلۆماتکارانەوە دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک لە ناکۆکیی چەند دەیەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورددا؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنەکان دەری دەخەن کە ئەم یاسایە زیاتر لەوەی بە مانای چارەسەری تەواوی پرسی کورد بێت، چوارچێوەیەکی یاسایییە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە و سەرکەوتنی، بەندە بە شێوازی جێبەجێکردن و هەنگاوە سیاسییەکانی دواتری ئەنقەرەوە.

پەرلەمانی تورکیا لە ۱۰ی ئابدا بە ۴۶۸ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ۸۸ دەنگی نەخێر، یاسای «پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی»ی پەسەند کرد. ئەم یاسایە ڕێگەیەکی یاساییی مەرجدار بۆ داماڵینی چەک، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەیی و گەڕانەوەی هەزاران ئەندامی پەکەکە دابین دەکات و بۆ هەندێک لە زیندانیان کە تەنیا بە ئەندامبوون لەم گرووپەدا سزادراون و دەستیان لە تاوانی قورسی تێرۆریستیدا نەبووە، ئەگەری ڕاگرتنی سزا و سوودمەندبوون لە پشتیوانییە یاسایییەکانی ڕەچاو کردووە.

«ئەسڵی ئایدینتاشباش»، شارەزای تورکیا و سیاسەتی دەرەوە لە دامەزراوەی بڕووکینگس، ئەم گۆڕانکارییەی وەک «ساتەوەختێکی مێژوویی» و گرنگترین یاسای پەسەندکراو لە تورکیادا لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا وەسف کردووە. بە وتەی ئەو، ئەم یاسایە دەتوانێت زەمینەی کۆتاییهێنانی تەواو و فەرمی بە یاخیبوونی چەکداریی پەکەکە بڕەخسێنێت و لەم ڕوانگەیەوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ کورددا دروست دەکات.

ئایدینتاشباش هەروەها بڕوای وایە کە ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت دەستکەوتێکی ژیۆپۆلیتیکیی گرنگ بێت بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ چونکە لە کۆتاییی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتەواییدا، کورد لە هێزێکی بەردەوام دژبەرەوە دەبێتە بەشێک لە هاوپەیمانیی سیاسیی ناوخۆییی تورکیا. لە ڕوانگەی ئەوەوە، زیادبوونی ڕۆڵی کورد لە سیاسەتی ناوخۆیی لە بەرامبەر سازشکردن لەگەڵ دەوڵەتدا دەتوانێت هاوکاریی ئەنقەرە بکات تا نیگەرانییەکانی خۆی دەربارەی پارچەبوونی یان ناسەقامگیری لە سووریا و عێراقدا کەم بکاتەوە.

بەڵام «دۆغا ئەرالپ»، مامۆستای یاریدەدەری لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان لە کۆلێژی ئاڵا و ئەرکانی هێزەکانی دەریاییی ئەمریکا، پاڵنەرەکانی ئەنقەرە زیاتر لەوەی بەهۆی پرۆسەیەکی دیموکراتیک بزانێت، بەهۆی ژمێرکارییە ژیۆپۆلیتیکی و واقعی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. ئەو دەڵێت تورکیا لە هەوڵدایە بۆ بوون بە دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوچەیی و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا لە چوارچێوەی ئەم ژمێرکارییانەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. بە بڕوای ئەرالپ، ئەنقەرە بۆ جێگیرکردنی ڕۆڵی ناوچەییی خۆی و مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە ژینگەی دەوروبەریدا، پێویستی بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کورددا هەیە.

ئەرالپ جەختی لەسەر ڕۆڵی گۆڕانکارییەکانی سووریا لە خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی تورکیا و پەکەکەش کردووەتەوە. لە دیدی ئەوەوە، دەستپێکردنی قۆناغی نوێ لە سووریادا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی ۲۰۲۴دا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕینی ڕوانگەی ئەنقەرە بووە. تورکیا بۆ جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لە سووریادا پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر هەیە و ئەم بابەتەش پێویستی بەوەیە کە هێزەکان و گرووپە کوردییەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکەوە لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی سووریادا پێگەیەکی پێناسەکراو بدۆزنەوە.

ئەو جەختی کردووەتەوە کە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا ناتوانرێت تەنیا بە دەستکەوتی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی تورکیا بزانرێت و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا لە شێوەگرتنی ئەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبووە. بە وتەی ئەرالپ، لە بارودۆخێکدا کە پەکەکە لە تورکیادا چەکەکانی بنێتە لایەک، ئەم ئەگەڕە هەیە کە هێزەکانی پەیوەندیدار بەوەوە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لە نەزمی سیاسیی نوێی سووریادا چالاکی بکەن.

«جێمس جێفری»، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا و عێراق و توێژەر لە دامەزراوەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێزیک، ئەم گۆڕانکارییە بە ئامادەیییەک دەزانیت بۆ سەقامگیریی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو پەیوەندییە نوێیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کوردی لە هەندێک لایەنەوە هاوشێوەی پێگەی کوردی عێراق لە پێکهاتەی سیاسیی ئەم وڵاتەدا هەڵسەنگاندووە و بڕوای وایە مۆدێلێکی وەها دەتوانێت هاوکاریی ئاشتی، سەقامگیری و یەکپارچەییی سیاسیی زیاتر لە ناوچەکەدا بکات.

جێفری لە هەمان کاتدا ئەگەری داوە کە ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ کورددا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆی لە ناوخۆی تورکیادا کەڵک وەربگرێت. بە وتەی ئەو، پەسەندکردنی یاساکە بە پشتیوانیی بەرفراوانی پەرلەمان دەتوانێت دەرفەت بداتە ئەردۆغان کە لە ئایندەدا بۆ گۆڕانکارییەکانی یاسای بنەڕەتی یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەوڵ بدات و زەمینەی بەردەوامبوونی ئامادەییی خۆی لە دەسەڵاتدا دوای ساڵی ۲۰۲۸ دابین بکات. ئەرالپ خۆشی ئەم ئەگەرەی هێناوەتە ئاراوە و وتوویەتی پرۆسەی ئێستا دەتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە «ڕێگە بۆ جۆرێک لە سەرۆککۆماریی هەتاهەتاییی ئەردۆغان» بکاتەوە، هەرچەندە جێفری جەختی کردووەتەوە کە ئەم بەشە لە هەڵسەنگاندنەکەی تەنیا بۆچوون و خەمڵاندنێکە.

بەپێچەوانەی ئەمەوە، گرنگترین گومان دەربارەی چارەنووسی ئەم پرۆسەیە لەلایەن خودی پەکەکەوە هێنراوەتە ئاراوە. سەرکردایەتیی ئەم گرووپە لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ياست نوێکە ڕایگەیاندووە کە ئەم پەسەندکراوە هەڵگری «هەڵە و کەمبوودیی جددی»یە و تەنیا بابەتەکە داماڵینی چەکی کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پرسی کورد قسە بکات. لە دیدی سەرکردەکانی پەکەکەوە، هەر ئەم ڕوانگەیە دەری دەخات کە پرسی کوردی هێشتا بە شێوەیەکی گشتگیر لە چوارچێوەی یاساییی نوێدا سەرنجی نەدراوەتێ.

پەکەکە هەروەها جەختی لەسەر ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی ئەم گرووپە کردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە بەبێ ئازادکردنی ئەو، بەشێکی گرنگ لە بڕگەكانی یاساکە ڕەنگە لە کردارییدا بێ‌کاریگەر بمێننەوە. ئۆجەلان لە ساڵی ۱۹۹۹وە لە زیندانی تورکیادایە و لە شوباتی ۲۰۲۵دا لە پەکەکە داوای کرد خەباتی چەکداری کۆتایی پێ بهێنن و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندرێتەوە.

بەڵام شارەزایەکی پرسی کورد لە واشنتۆن بڕوای وایە یاسای نوێ ناچێتە سەر ڕەگ و ڕیشەی پرسی کوردی و زیاتر وەک بابەتێکی پەیوەندیدار بە «گرووپی تێرۆریستی» پێناسەی دەکات. بە وتەی ئەو، ئەم ڕوانگەیە ناکۆکە لەگەڵ هۆکارەکان و داواکارییانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا پەکەکەی بەرەو خەباتی چەکداری پاڵ پێوە ناوە و لە ئەنجامدا ناتوانرێت تەنیا بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیوەندیدار بە داماڵینی چەک، پرسی کوردی بە چارەسەرکراو دابنرێت.

ئەرالپ هەروەها جەختی لەسەر لەرزۆکیی ئەم پرۆسەیە کردووەتەوە و وتوویەتی دانوستانەکانی نێوان ڕێکخراوی زانیاریی تورکیا و ئۆجەلان ڕۆڵی گرنگیان لە پێشبردنی هەبووە، بەڵام پرۆسەی بەردەست هێشتا بەرەوڕووی نادیاری و بێ‌متمانەییی توند بووەتەوە. بە وتەی ئەو، ئەم پرۆسەیە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی گۆڕاوی سووریا و ژمێرکارییە لەناکاواکانی ئەکتەرە ناوچەیییەکان، لە بەرامبەر هەوڵە ئەگەرییەکان بۆ تێکدان یان شکستهێنان زۆر زیانپێگەیشتووە.

ئایدینتاشباش هەروەها بە ئاماژەدان بەم لەرزۆکییە، جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان کردووەتەوە و وتوویەتی پاراستنی پشتیوانیی گشتی لە پرۆسەی ئاشتی بەندە بە کات و هەنگاوە خێراکانی ئەنقەرەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەرفەتی بەردەست بۆ جێگیرکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی سنووردارە و دەوڵەتی تورکیا دەبێت پێش ئەوەی گۆڕانکارییە سیاسی یان ئەمنییەکانی ناوچەکە دووبارە کەشی بێ‌متمانەیی بەهێزتر بکن، هەنگاوی کرداریی زیاتر بنێت.

لە کۆبەنددا، هەڵسەنگاندنی شارەزایان دەری دەخات کە یاسای پەسەندکراو لە ۱۰ی ئابدا دەبێت زیاتر لە هەموو شتێک وەک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە دابنرێت، نەک ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چارەسەری پرسی کوردی. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بە ئاستی پابەندبوونی ئەنقەرە بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، ئایندەی پێگەی سیاسیی کورد لە تورکیادا، چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەروەها شێوازی یەکلاکردنەوەی ئەرکی گرووپە کوردییەکان لە سووریادا. لەم ڕووەوە، ئەگەرچی پەسەندکردنی یاساکە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە ڕێگەی کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی چوار دەیەی تورکیا و پەکەکەدا ئەژمار دەکرێت، بەڵام قۆناغی بڕیاردهەر ئێستا قۆناغی جێبەجێکردن و گۆڕینی داماڵینی چەکە بۆ سازشێکی سیاسیی بەردەوام.

News ID 227717

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha