ئەردۆغان: سوپای تورکیامان لەشەڕکردن لەگەڵ پەکەکە ڕزگار کرد

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە جەنگی سوپا لەگەڵ پەکەکە ڕزگار کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "برایەتی" بنەمای مانەوەی تورکیایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، شەوی ۱۴ـی ئابی ۲۰۲۶، لە پارکی میللەت لە ئەنقەرە، لە ئاهەنگی ۲۵ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە خۆی دامەزرێنەرییەتی، گوتارێکی پێشکێشی ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی کرد.

ئەردۆغان گوتی، جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی ۱۹۸۴ـەوە بووە هۆی ئازارێکی گەورە بۆ تورکیا و سامانی گەنج تێکدا، بەڵام ئێستا بە هەوڵی "هاوپەیمانیی جمهوور" و پشتیوانیی پەرلەمان، ئەو پرسە بەرەو کۆتایی دەچێت.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گەورەترین سەرمایەی تورکیا "برایەتیی" نێوان پێکهاتەکانە و گوتی: "ئەوەی بۆ هەزار ساڵە ئێمەی لەم جوگرافیایەدا بە پێوە هێشتووەتەوە، ئەو برایەتییەیە کە لە ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەر لەم خاکەدا دەنگی بانگ و قورئان کز بێت، بزانن برایەتیشمان لاواز دەبێت."

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەدەی تورکیا" لەسەر بنەمای ئەم برایەتییە بونیات دەنرێت و هیچ کەسێک نابێت نیگەرانی داهاتوو بێت، چونکە هەموو هەنگاوەکانیان بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتووە لە تورکیایەکی بێ شەڕ.

ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت رێگری لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و گوتی: "هەندێک کەس دەیانەوێت مێشکی خەڵک تێکبدەن و کێشەکان بەبێ چارەسەری بهێڵنەوە، چونکە ئەگەر تیرۆر نەمێنێت، ئەوان بێکار دەمێننەوە و ئەو زۆنگاوەی لێی دەخۆنەوە، وشک دەبێت. تەنیا ئەو کەسانە لە نەمانی تیرۆر خەمبار دەبن کە پلانیان لەسەر تورکیا هەیە و ۴۰ ساڵە سوود لەم برینە دەبینن."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆغان وێنەیەکی گەشبینانەی بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان کێشا و رایگەیاند، ئێستا گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە روو لە ناوچەی سووری دیاربەکر دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.

ئەردۆغان گوتی، ئێستا لە چیاکانی دێرسم چیدیکە بۆنی بارووت نایەت، بەڵکو بۆنی گوڵ و گوڵزار دێت؛ هەروەها لە چیاکانی جیڵۆی جۆلەمێرگ چیدیکە دەنگی گوللە نایەت، بەڵکو هەڵپەڕکێ و دیلان دەکرێت.

News ID 227706

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha