«ئەوین عەباسی» وێنەگرێکی کورد لە ڕیزی ٤١ فینالیستی پێشبڕکێی جیهانی LensCulture

«ئەوین عەباسی»، وێنەگر و هونەرمەندێکی داهێنەر و خەڵکی بانە، بە کاری وێنەییەکی بە ناوی «چوونەژوورەوە قەدەغەیە» گەیشتە قۆناغی کۆتایی یەکێک لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وێنەگری لە جیهان، LensCulture ٢٠٢٦، و ناوی خۆی لە نێو ٤١ وێنەگری باشترین ئەم پێشبڕکێ جیهانییە تۆمار کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی LensCulture هەموو ساڵێک بە بەشداریی وێنەگرە بەناوبانگەکانی جیهان بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش سەدان هەزار وێنە لەلایەن وێنەگرانی ١٢٤ وڵات و ٥ هەرێمی جیهانەوە لەم پێشبڕکێیەدا بەشدار بوون.

دوای چەندین قۆناغی هەڵسەنگاندن و داوەری، تەنها ٤١ بەرهەم توانیویانە بگەنە قۆناغی کۆتایی (Finalist) ئەم ڕووداوە بەناوبانگە؛ کە کاری وێنەیی «چوونەژوورەوە قەدەغەیە»ی ئەوین عەباسییش لە نێو ئەو بەرهەمە هەڵبژێردراوانەدا بوو.

بەشداریی وێنەگرێکی کورد لە نێو فینالیستەکانی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییە، دەستکەوتێکی بەهادار بۆ کۆمەڵگەی وێنەگری و هونەری وڵات و پارێزگای کوردستان دادەنرێت و نیشانەی توانایی و بەهرەی هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە لە ئاستی جیهانیدا دەدات.

پێشبڕکێی LensCulture یەکێکە لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وێنەگری و بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی لەلایەن دەستەیەکی داوەری پێکهاتوو لە بەڕێوەبەرانی مۆزەخانە و گەلەرییەکان، کیورەیتەرەکان و سەرنووسەرانی میدیای پسپۆڕی بواری وێنەگری لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵدەبژێردرێن.

News ID 227678

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha