بۆچی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و کورد هێشتا دوورە دەستە؟

لە کاتێکدا هیوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی زیاد دەکات، هەندێک شرۆڤەکار پێیان وایە ناکۆکی لەسەر مافە سیاسی و ناسنامەییەکانی کورد هێشتا گرنگترین بەربەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا پرۆسەی نوێی گفتوگۆ نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی کورد جارێکی تر هیوای کۆتاییهێنان بە یەکێک لە درێژترین ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زیاد کردووە، هەندێک شیرۆڤەکار باوەڕیان وایە بەربەستی سەرەکی ئاشتی نە کەمی دەرفەتە، بەڵکوو پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی باڵادەست لە تورکیایە. لەم ڕوانگەیەوە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە بۆچی ئاشتی بە ئەنجام ناگات، بەڵکو ئەوەشە بۆچی بەردەوامبوونی ململانێ بۆ دەوڵەتی تورکیا هێشتا کاریگەری و سوودی سیاسی هەیە.

نزیکەی سەدەیەک بەسەر سەرهەڵدانی «پرسی کورد» لە تورکیا تێپەڕیوە؛ کێشەیەک کە لە ماوەی ئەودا ناسنامە، زمان و داواکارییە سیاسییەکانی کورد چەندین جار نکۆڵییان لێ کراوە. لەم نێوانەدا، دەوڵەتی تورکیا چەکدانانی تەواوی پەکەکە بە مەرجی پێشەکی هەر جۆرە پێشکەوتنێک لە پرۆسەی ئاشتی دەزانێت، لە کاتێکدا بزووتنەوەی کورد لەسەر پێویستی ناساندنی فەرمی مافە سیاسی، کولتووری و ناسنامەییەکانیان جەخت دەکاتەوە. بۆشایی نێوان ئەم دوو ڕوانگەیە تاکوو ئێستا بووەتە هۆی دەیان ساڵ ململانێ، هەزاران کوژراو و وێرانکارییەکی فراوان لە ناوچە کوردنشینەکان.

بە باوەڕی نووسەر، کێشەی سەرەکی تەنها «کوردەکان» نین، بەڵکوو ناتوانی دەوڵەتی تورکیایە لە پەسەندکردنی جیاوازیی نەتەوەیی و ناسنامەیی لە چوارچێوەی کۆماری ئەو وڵاتەدا. لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، سیاسەتەکانی یەکسانسازی زمانی و کولتووری، لەوانەش کارزاری «هاووڵاتی، بە تورکی قسە بکە» لە دەیەی ١٩٢٠، لەسەر نکۆڵیکردنەوە لە ناسنامەی نەتەوەییەکانی دیکە (غەیرە تورک) دامەزراون.

لەم چوارچێوەیەدا، داواکاریی کوردەکان تەنها وەک داواکارییەکی مافی هاووڵاتیبوون سەیر ناکرێت، بەڵکو لە ڕوانگەی بەشێکی گرنگی پێکهاتەی سیاسی تورکیاوە، هەڕەشەیەکە بۆ سەر بنەماکانی دەوڵەت ـ نەتەوەی ناوەندگەر، یەکێتی نیشتمانی و تەواوی خاکی وڵات. بۆیە هەندێک داواکاری وەک فێربوون بە زمانی دایک یان ناساندنی فەرمی ناسنامەی کوردی، زۆرجار نەک وەک داواکارییەکی دیموکراتیک، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی تێدەگەیەنرێت.

نووسەر ئاماژە بە پرۆسەی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ دەکات و وەبیریدێنێتەوە کە پەکەکە لەو ماوەیەدا ئاگربەست ڕاگەیاند، هێزەکانی لە خاکی تورکیا دەرهێنا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لە پەیامەکانی خۆیدا لەسەر چاکسازییە دیموکراتییەکان و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردان جەختی کردەوە.

بەڵام بە وتەی ئەو، دەوڵەتی تورکیا هاوکات درێژەی بە دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد دا، پڕۆژە ئاوەدانسازیە مشتومڕلەسەرەکانی لە ناوچە کوردنشینەکان درێژەپێدا و لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠١٥ پرۆسەی ئاشتی ڕاگرت؛ هەنگاوێک کە بووە هۆی دەستپێکردنەوەی ململانێی فراوان و وێرانکردنی بەشێک لە شارە کوردنشینەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.

لەم ڕوانگەیەوە، شکستی پرۆسەی ئاشتی تەنها شکستی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سنوورداربوونی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی تورکیا بوو لە پەسەندکردنی هاوبەشێکی سیاسیی یەکسان بۆ کوردەکان.

بە باوەڕی نووسەر، بەدیهاتنی ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە چاکسازییە بنەڕەتییەکان هەیە؛ لەوانە ناساندنی فەرمی ناسنامەی کوردی لە دەستووری وڵات، دڵنیابوون لە فێرکردن بە زمانی دایک، کۆتاییهێنان بە سیستەمی پارێزەری گوندەکان و پشکنینی کارکردی دەوڵەت لە دەیان ساڵی ڕابردوو.

بەڵام ئەم چاکسازییانە دەتوانن هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی تورکیاش بگۆڕن. هاوپەیمانی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بەشێکی گرنگی پایەی سیاسی خۆیان لەسەر گوتاری نەتەوەپەرستی بنیاد ناوە و چارەسەری سیاسیی کێشەی کورد دەتوانێت پێگەی حیزبە پشتیوانەکانی مافەکانی کوردان لە سیاسەتی تورکیا بەهێز بکات.

بۆیە، نووسەر پێی وایە دەوڵەتی تورکیا زیاتر لەوەی بەدوای ڕێککەوتنێکی سیاسی بێت، جەخت لەسەر چەکدانانی تەواو و بێ مەرجی پەکەکە دەکاتەوە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە قبووڵکردنی چەکدانان بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، لە ڕوانگەی زۆرێک لە لایەنگرانی بزووتنەوەی کوردییەوە، بە مانای گەڕانەوە بۆ قۆناغێک دەبێت کە بەکارهێنانی زمانی کوردی و تەنانەت دەربڕینی ناسنامەی کوردیش بەربەست و سنووری فراوانی لەبەردەمدا بوو.

نووسەر هەروەها  لێکیدەداتەوە کە پەکەکە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، سەرەڕای گوشارە سەربازییەکان، دەستبەسەرکردنی ڕێبەران، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان، توانیویەتی پێکهاتەی ڕێکخراوی خۆی بپارێزێت و ئەمڕۆ تۆڕێکی فرە نیشتمانی لە عێراق، سووریا و ئەورووپا هەیە.

لە هەمان کاتدا، نووسەر هۆشداری دەدات کە دەستپێکردنەوەی شەڕ، دەرئەنجامی زۆر قورسی بۆ هەموو لایەنەکان دەبێت. بە باوەڕی ئەو، شێوازی شەڕیش بە بەراورد لەگەڵ دەیەکانی پێشوو گۆڕاوە و بەکارهێنانی فراوانی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان، ئۆپەراسیۆنی تایبەت، هێرشی ئاسمانی و گوشارە ئابوورییەکان دەتوانن قەبارەی زیانەکان زیاد بکەن.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە تایبەت کراوە بە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا. نووسەر پێی وایە ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا و هێزە ڕۆژئاواییەکانی دیکە لە بەرامبەر کێشەی کورد، زۆربەی کات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە جیوپۆلیتیکییەکان هەڵسوکەوتیان کردووە.

بە باوەڕی ئەو، ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ، ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە بەڕێوەبردنی کۆچبەری، ئاسایشی هەرێم و ڕێڕەوی وزە، وای کردووە وەڵامە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی هێزە کوردییەکان، زۆربەی کات لە ئاستی ڕاگەیەنراوە سیاسییەکاندا بمێننەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، نووسەر بەو  ئەنجامە دەگات  کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردەوە ئەم پەیامەی بۆ ئەنقەرە ناردووە کە کێشەی کورد هێشتا دەتوانرێت بە ڕێگای ڕوانگەی ئەمنییەوە بەڕێوە ببرێت.

لە کۆتاییدا، نووسەر جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری بەردەوامی کێشەی کورد تەنها ئەو کاتە دەگونجێت کە تورکیا بەرەو قبووڵکردنی جیاوازیی نەتەوەیی، چاکسازییە دیموکراتییەکان و یەکسانی مافەکانی هاووڵاتیان بجووڵێت.

بە باوەڕی ئەو، تا کاتێک داواکارییە ناسنامەیی و سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی ئەمنی پێناسە بکرێن، ئاسۆی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام هەروا بە ناڕوونی دەمێنێتەوە و داهاتووی ئەم پرۆسەیە زیاتر لە هەر شتێک بەسراوە بە ئیرادەی سیاسیی دەوڵەتی تورکیا بۆ قبووڵکردنی گفتوگۆ و چاکسازی.

News ID 227580

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha