ئەگەری گەڕانەوەی پ.ک.ک بۆ چالاکیی سەربازی

لە بارودۆخێکدا کە داهاتووی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پ.ک.ک بە ناڕوونی ماوەتەوە، موراد قەرەیلان بە خستنەڕووی بەشێک لە توانای سەربازیی ئەم گرووپە ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئەم توانایانە سەرچاوەی لە هەڵبژاردنی سیاسییەوە گرتووە. ئەم هەڵوێستە، بە گوتەی چاودێران، هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە پ.ک.ک دانوستانەکان لە پێگەی لاوازییەوە ئەنجام نادات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گومانەکان دەربارەی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی نێوان حکوومەتی تورکیا و پ.ک.ک، لێدوانە نوێیەکانی موراد قەرەیلان، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپە، و هەروەها شیکاریی ئەلیزا مارکوس، نووسەر و توێژەری پرسەکانی پ.ک.ک، جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆ سەر ئەم پرسیارە ڕاکێشایەوە کە ئایا لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، ئەم گرووپە دەتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر بژاردەی سەربازی؟

موراد قەرەیلان لە گوتارێکدا کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە پ.ک.ک هێشتا خاوەنی توانای سەربازیی بەرچاوە کە تا ئێستا بەکاری نەهێناون. ئەو وەک بەشێک لەم توانایانە، ناوی لە درۆنەکان، درۆنی خۆکوژیی ڕێنوێنیکراو بە ڕیشاڵی تیشکی، شەڕی تونێلەکان و توانای بەئامانجگرتنی ژێرخانە ئابوورییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان لە مەودایەکدا تا ٨٠٠ کیلۆمەتر هێنا.

قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە خۆپاراستنی ئەم گرووپە لە بەکارهێنانی ئەم توانایانە نەک لەبەر لاوازیی سەربازی، بەڵکوو بڕیارێکی سیاسییە بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ئاشتی. ئەو هەروەها هۆشداریی دا کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، توانای شەڕکەریی پ.ک.ک دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا چەند هێندە ببێتەوە.

ئەم لێدوانانە، ئەو گێڕانەوە باوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە پ.ک.ک-ی بەهۆی داڕمانی توانای سەربازییەوە بە ناچاربوو بۆ چوونە ناو پرۆسەی ئاشتی دەزانی. لە ڕوانگەی سەرکردەکانی ئەم گرووپەوە، دانوستانەکان نەک لە پێگەی لاوازییەوە، بەڵکو لە پێگەی پاراستنی توانای ڕێگری و بەرپەرچدانەوەوە پێش دەخرێن.

ئەلیزا مارکوس، نووسەری دوو کتێب دەربارەی پ.ک.ک، بە ئاماژەکردن بەم هەڵوێستانە نووسیویەتی: «بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە چاوەڕێی خۆبەدەستەوەدانی پ.ک.ک-یان دەکرد، ئەم گرووپە جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە هێشتا دەتوانێت شتی چاوەڕواننەکراو بکات و هێشتا بژاردەی شەڕ لەسەر مێزەکە دەبینێت.» بە گوتەی ئەو، ئەگەرچی پێدەچێت ئەم پەیامە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەنقەرەدا دروست نەکات، بەڵام بۆ ئەکتەرەکانی ناوچەکە و لایەنگرانی پ.ک.ک هەڵگری ئەم پەیامەیە کە ئەم گرووپە هێشتا خۆی بە بێبەش لە توانای سەربازی نازانێت.

ئەم هەڵسەنگاندنانە لە بارودۆخێکدا دەخرێنە ڕوو کە پرۆسەی ئاشتی هێشتا لەگەڵ بێبەهایی و بێمتمانەیی دوولایەنەدایە و زۆرێک لە چاودێران هۆشداری دەدەن کە شکستی دووبارەی دانوستانەکان دەتوانێت زەمینە بۆ گەڕانەوەی توندوتیژی خۆش بکات. لە کەشێکی لەم شێوەیەدا، جەختکردنەوەی سەرکردەکانی پ.ک.ک لەسەر پاراستنی توانای سەربازی، دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی هێزی چاوپێکەوتن و دانوستان (چەنەلێدان) و ناردنی پەیامی ڕێگریکردن بۆ حکوومەتی تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

کەریم فرانسچی، توێژەر و چاودێری پرسەکانی کوردیش بە ئاماژەکردن بە لێدوانەکانی موراد قەرەیلان، هۆشداریی دا کە نابێت کۆتاییهاتنی پێکدادانە چەکدارییەکان بە یەکلاکەرەوە و مسۆگەر دابنرێت. بە گوتەی ئەو، جەختکردنەوەی سەرکردەکانی پ.ک.ک لەسەر پاراستنی تواناکانی سەربازی ئەم پەیامە دەگەیەنێت کە لە ئەگەری شکستهێنانی دووبارەی پرۆسەی ئاشتی و گەڕانەوەی زەخت و گوشارە سەربازییەکان، ئەم گرووپە هێشتا بژاردەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی لەبەردەستدایە. فرانسچی پێیوایە ئەم هەڵوێستانە زیاتر لەوەی نیشانەی ئامادەکاری بن بۆ شەڕ، هەوڵێکن بۆ پاراستنی هێزی ڕێگریکردن و بەهێزکردنی پێگەی پ.ک.ک لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەنقەرە.

بە گشتی، لێدوانەکانی موراد قەرەیلان، شیکردنەوەی ئەلیزا مارکوس و هەڵسەنگاندنی کەریم فرانسچی نیشانی دەدەن کە ئەگەرچی پ.ک.ک لە قۆناغی ئێستادا جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ڕێڕەوی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی دەکاتەوە، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدات ئەم پەیامەش بگەیەنێت کە خاوەنی توانای گەڕانەوەیە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. لەم ڕوانگەیەوە، داهاتووی پرۆسەی ئاشتی نەەک تەنها بە ویستی سیاسی ئەنقەرە و پ.ک.ک، بەڵکوو بە توانای هەردوولا لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی شکستەکانی ڕابردوو بەستراوەتەوە.

News ID 227525

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha