بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری پۆلیتیکۆ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گۆڕانی ڕوانگەی ئەورووپا بەرامبەر بە تورکیا لە بواری بەرگریدا نووسیویەتی، دوای دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، پرسی کورد کە ساڵانێک بوو یەکێک لە هۆکارەکانی گرژیی نێوان ئەنقەرە و هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ بوو، ئێستا بە دەگمەن لە کۆبوونەوەکانی ئەم هاوپەیمانێتییەدا دەورووژێنرێت؛ گۆڕانکارییەک کە بە گوتەی دیپلۆماتکارانی ناتۆ، ڕێگای هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئەورووپا و تورکیای خۆشتر کردووە.
گۆڤاری پۆلیتیکۆ لە لێواری بەڕێوەچوونی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد: لەگەڵ زیادبوونی گومانەکان بەرامبەر بە پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئەورووپا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، وڵاتانی ئەوروپی زیاتر لە ڕابردوو چاویان بڕیوەتە توانای سەربازی و پیشەسازیی بەرگریی تورکیا. لەم نێوەندەشدا، کەمبوونەوەی گرژییەکان لەسەر پرسی کورد وەک یەکێک لە هۆکارە ئاسانکارییەکانی ئەم پرۆسەیە دەنرخێنرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیاری ساڵی ڕابردووی پەکەکە بۆ دانانی چەک، یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ناکۆکی نێوان تورکیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی تا ڕادەیەکی زۆر لەناو بردووە. ئەگەرچی یەکێتی ئەورووپا و تورکیا هەردوولا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک لە پایتەختەکانی ئەورووپا ڕەخنەیان لە ڕووبەڕوبوونەوە بەربڵاوەکانی ئەنقەرە لەگەڵ گرووپ و دامەزراوە کوردییەکان دەگرت کە تۆمەتبار دەکران بە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا.
پۆلیتیکۆ لە زاری سێ دیپلۆماتکاری ناتۆوە دەنووسێت کە تورکیا لە ڕابردوودا بەردەوام پرسی پەکەکەی لە کۆبوونەوەکانی ئەم هاوپەیمانێتییەدا دەورووژاند، بەڵام ئێستا پرسی کورد بە دەگمەن لە کۆبوونەوەکانی ناتۆدا وتووێژی لەسەر دەکرێت؛ گۆڕانکارییەک کە وەک یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی لێکخشانی نێوان ئەنقەرە و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا دادەنرێت.
ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە لە بارودۆخێکدا کە ئەمریکا بەشێک لە پابەندبوونە ئەمنییەکانی خۆی لە ئەورووپا کەمکردووەتەوە، وڵاتانی ئەوروپی زیاتر لە هەمیشە پێویستیان بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ، تواناکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، پیشەسازییە بەرگرییە گەشەسەندووەکان و پێگەی جیۆپۆلیتیکی تورکیا هەیە.
سەرەڕای ئەمەش، پۆلیتیکۆ دەنووسێت کە هاوکاریی نزیکتر لەگەڵ تورکیا هێشتا لەبەردەم کۆسپ و تەگەرەدایە. دۆخی مافەکانی مرۆڤ، کارکردنی دیموکراتیانەی حکومەتی تورکیا، پەیوەندییە نزیکەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕووسیا و چین، و ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا، لە ڕیزی نیگەرانییە سەرەکییەکانی وڵاتانی ئەوروپی دەمێننەوە.
بە گوێرەی ئەم گۆڤارە، سەرەڕای ئەم سەرنج و تێبینییانە، گوشارەکانی سەرچاوەگرتوو لە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لە ناتۆ و پێویستیی ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا، ئەورووپای بەرەو هاوکاریی بەرگریی بەربڵاوتر لەگەڵ تورکیا پاڵ پێوە ناوە و پرسی کورد چیتر وەک ڕابردوو وەک ڕێگرێکی جیددی لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولادا سەیر ناکرێت.
گۆڤاری پۆلیتیکۆ
Your Comment