بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆیتەرز و ئەلمۆنیتەر لە ڕاپۆرتەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە، حکوومەتی سووریا بە ڕاگەیاندنی لیستی ۷۰ ئەندامی دەستنیشانکراو لەلایەن سەرۆککۆمار ئەحمەد ئەلشەرعەوە، پێکهاتەی پەرلەمانی ڕاگوزەری (ئینتیقالی) کە لە ۲۱۰ ئەندام پێکدێت تەواو کرد؛ پەرلەمانێک کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. ئەگەرچی دەستنیشانکردنی ژنان و هەندێک لە نوێنەرانی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان وەک هەوڵێک بۆ زیادکردنی هەمەجۆریی سیاسی نیشان دەدرێت، بەڵام دوورخستنەوەی تەواوەتیی کەسایەتییە نزیکەکان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەردەوامیی ڕەخنەکان لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیدا، هێشتا سێبەر دەکێشێت بەسەر شەرعییەتی ئەم پرۆسەیەدا.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی پێکهێنانی پەرلەمانی ڕاگوزەری سووریا، حکوومەتی ئەم وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە ناوی ئەو ۷۰ نوێنەرەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرعەوە دەستنیشانکراون، بەمەش پێکهاتەی ۲۱۰ کەسیی "مجلس الشعب" (ئەنجومەنی گەل) تەواو بوو. بە گوتەی محەمەد تەها ئەلئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، یەکەم دانیشتنی ئەم پەرلەمانە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
ئەم پەرلەمانە لە بارودۆخێکدا دەستبەکار دەبێت کە سیستمی سیاسیی نوێی سووریا لەسەر بنەمای دەستووری کاتی، پێکهاتەیەکی سەرۆکایەتی-تەوەرەی هەیە و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان لە بەراورد لەگەڵ سیستمە پەرلەمانییەکاندا سنووردارە. حکوومەت بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی پێویستی بە متمانەی پەرلەمان نییە، بەڵام پەرلەمان دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و پەسەندکردنی بەند و یاساکانی دەبێت و لە ماوەی ۳۰ مانگدا ڕاسپێردراوە بۆ داڕشتنی یاسای نوێی هەڵبژاردن، تاوەکو زەمینە بۆ سازکردنی یەکەم هەڵبژاردنی گشتی پاش قۆناغی ڕاگواستن خۆش بکات.
هەوڵدان بۆ نیشاندانی هەمەجۆریی زیاتر
ئەحمەد ئەلشەرع پێشتر بەڵێنی دابوو کە پشکی دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار بەکاربهێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی هەڵبژاردنە ناڕاستەوخۆکانی ساڵی ڕابردوو. لە نێوان ئەو ۷۰ ئەندامە دەستنیشانکراوەدا، ۱۵ ژن هەن کە ژمارەی ژنانی ناو پەرلەمان لە شەش کەسەوە بۆ ۲۱ کەس زیاد دەکات؛ هەنگاوێک کە لە ڕوانگەی چاودێرانەوە، وەک وەڵامێکە بۆ ڕەخنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کەمیی پشکی ژنان لە پێکهاتەی سیاسیی نوێی سووریادا.
هەروەها چەند کەسایەتییەکی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە نێوان دەستنیشانکراوەکاندا دەبینرێن؛ لەوانە عەبدولحەکیم بەشار لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە)، لەیس ئەلبەلعوس لە پێکهاتەی درۆزییەکان، گابریل موشێ گاوریە چالاکوانی ئاشووری-مەسیحی، لارا قەدیس پارێزەری ئەرمەنی لە حەلەب و ڕۆزینا لازقانی ئەکتەری ناسراوی تەلەفزیۆنی سووریا. بە دەستنیشانکردنی دوو نوێنەری عەلەویش، ژمارەی نوێنەرانی ئەم پێکهاتەیە بۆ پێنج کەس بەرز بووەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارێزگای سوەیدا بەهۆی بەردەوامیی دۆخی ئەمنیی ئەو پارێزگایە دواخراوە. ئەم ناوچەیە لە هاوینی ڕابردووەوە و پاش پێکدادانی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکانی درۆزیدا، هێشتا بە تەواوەتی نەکەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشقەوە.
ڕەخنەکان لە چڕبوونەوەی دەسەڵات
هەرچەندە حکوومەتی سووریا پێکهێنانی پەرلەمان وەک هەنگاوێک لە ڕێڕەوی ڕاگوزەری سیاسی و زیادکردنی بەشداریی نیشتمانی وەسف دەکات، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە میکانیزمی هەڵبژاردنی نوێنەران هێشتا هەژموونێکی بەرفراوانی بۆ سەرۆکایەتی هێشتووەتەوە.
دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە ناوچەییەکانەوە هەڵبژێردران؛ دەستەگەلێک کە لەژێر چاودێریی لیژنەی دەستنیشانکراوی سەرۆککۆماردا کاریان دەکرد. حکوومەت ئەم شێوازە بۆ بارودۆخی سەرچاوەگرتوو لە زیاتر لە دەیەیەک شەڕ، ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی و نەبوونی ئاماری دروستی دانیشتوان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام چالاکوانانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ئەم میکانیزمە دەکرێت سەربەخۆیی پەرلەمان و فرەیی سیاسی لاواز بکات.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشتر نیگەرانیی خۆی لە درێژەپێدانی پرۆسەی پێکهێنانی پەرلەمان دەربڕیبوو و وەک هۆکارێک بۆ زیادبوونی ناڕوونی لە پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسیی سووریادا ناوزەدی کردبوو.
کوردەکانی نزیک لە هەسەدە هێشتا لە دەرەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتن
لە کاتێکدا حکوومەت هەوڵی داوە ئامادەیی هەندێک کەمینە لە پەرلەماندا زیاد بکات، پێکهاتە نوێیەکە غایبێکی گەورەی هەیە؛ هیچ کام لە کەسایەتییە نزیکەکان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نێوان ئەو ۷۰ ئەندامە دەستنیشانکراوەدا نابینرێن.
ئەم بابەتە لە ڕوانگەی شرۆڤەکارانەوە نیشانەی بەردەوامیی کەمبوونەوەی هەژموونی سیاسیی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاە لە پێکهاتەی نوێی دەسەڵاتدا. تاقە نوێنەری دیاری کوردی دەستنیشانکراو، عەبدولحەکیم بەشارە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە)؛ ڕەوتێک کە ڕکابەری سیاسیی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە ئەژمار دەکرێت.
دوورخستنەوەی نوێنەرانی نزیک لە هەسەدە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئەم هێزانە پاش پێکدادانی بەرفراوان لەگەڵ سوپای سووریا لە مانگی کانوونی دووەمدا (یەنایەر)، بەشێکی گەورەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستدا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێگەی ئەوانی زیاتر لە جاران لاواز کرد. ئەگەرچی پاش ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا، پرۆسەی تێکەڵبوونی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای سووریادا دەستی پێکردووە و هەندێک لە فەرماندەکانی ئەم هێزە لە پێکهاتەی سەربازیی دیمەشقدا بەرپرسیارێتییان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئەم پرۆسەیە تا ئێستا نەبووەتە هۆی بەشدارییەکی کاریگەری ئەوان لە دامەزراوە سیاسییەکاندا.
ئەولەویەتەکانی پەرلەمانی نوێ
شارەزایان پێیان وایە پەرلەمانی ڕاگواستن ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵێنگاریی ئاڵۆز دەبێتەوە. داڕشتنی یاسای هەڵبژاردن، پەسەندکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە دادپەروەریی گواستنەوەیی، لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و هەروەها پێداچوونەوە بەو پێشێلکارییانەی لە ماوەی قۆناغی ڕاگواستندا کراون، لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەم دامەزراوەیە ئەژمار دەکرێن.
سەرباری ئەمانەش، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی تایفی، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، لە ئەولەویەتەکانی دیکەن کە سەرکەوتنی حکوومەتی ئەحمەد ئەلشەرع لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە بەدیهێنانیانەوە.
بە گشتی، پێکهاتە نوێیەکەی پەرلەمان ئەوە نیشان دەدات کە دیمەشق هەوڵی داوە بە زیادکردنی ئامادەیی ژنان و هەندێک لە کەمینەکان، وێنەیەکی گشتگیرتر لە سیستمی سیاسیی پاش ئەسەد پێشکەش بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامیی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیدا، سنوورداربوونی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و دوورخستنەوەی تەواوەتیی نوێنەرانی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەوە دەسەلمێنن کە پرۆسەی ڕاگوزەری سیاسیی سووریا هێشتا لە لایەنی بەشداریی ڕاستەقینە و نوێنەرایەتیکردنی هەموو ڕەوتە سیاسی و نەتەوەییەکاندا ڕووبەڕووی ئاڵێنگاریی جدی دەبێتەوە.
Your Comment