بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تیرۆریستیی ئەمریکای لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی تەممووزی ١٤٠٥، بۆ سەر چەند شوێنێک لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بە توندی ئیدانە کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە ڕایگەیاندووە: ئەم هێرشە دڕندانانەی کە دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراویی ئێرانیان کردە ئامانج، پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕگەی ٤ لە ماددەی ٢ی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەروەها پێشێلکارییەکی ڕوونی بڕگەی یەکەمی یادداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەپێندراوە کە لە مێژووی ٢٨ی حوزەیرانی ١٤٠٥دا واژۆ کراوە. هاوکات، ڕژێمی داگیرکەر و ئاپارتایدی زایۆنیستییش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هێرشی کردە سەر لوبنان، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای بڕگەی یەکەمی یادداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مافی ڕەوای ئێران بۆ بەرگری لە خۆی بەپێی ماددەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی توانایەوە بەرگری لە سەروەری، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات دەکات. وەشاندنی لێدانە بەرگرییەکانی هێزە چەکدارە بەهێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بەو ئامانجانەی سەر بە هێزە دەستدرێژیکارەکانی ئەمریکان، لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام دراون. ئاشکرایە کە بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە لە ئەستۆی ڕژێمی دەستدرێژیکار و پەیمانشکێنی ئەمریکا و ئەو لایەنانەدایە کە بە هەر شێوازێک بێت، هاوکاریی ئەمریکایان کردووە لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە سەرپێچی و دەستدرێژییانە دژ بە ئێران.

لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە: لەم پێناوەدا، دووبارە جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوونی سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکرێتەوە کە دەکەونە کەناراوەکانی باشووری کەنداوی عەرەبی بە بنەمای حوسنی هاوسێیەتی، هەروەها ڕێزگرتن لە بنەمای بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی کە ڕێگری دەکات لەوەی لایەنە دەستدرێژیکارەکان خاک و پێداویستییەکانی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرش و دەستدرێژکاری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەزارەتی کاروباری دەرەوە، هەروەها داوا لە ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم دامەزراوە بەرپرسە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکات کە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە زەقەی بنەما و یاسا سەرەکییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ئەمریکاوە بێدەنگ نەبن، و ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆیان لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکەن.

News ID 227430

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha