نەشناڵ ئینترێست: ئەحمەد ئەلشەرع پێویستی بە هێزە کوردییەکانە

گۆڤاری "نەشناڵ ئینترێست" هۆشداری دەدات کە وەلانانی هێزە کوردییەکان، سووریا جارێکی دیکە دەکاتەوە بە حەشارگەی داعش. ئەم گۆڤارە ئەمریکییە جەخت دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەرجی پێشوەختەیە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع و ئەو بە بێ هێزە کوردییەکان ناتوانێت کۆنترۆڵی داعش و دزەکردنی گرووپەکانی تر لە سووریادا بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئەمریکیی "نەشناڵ ئینترێست" لە شیکارییەکدا هۆشداری دەدات کە دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع، بە پێچەوانەی سیاسەتی ناوەندگەرای خۆی، هێشتا بۆ جێگیرکردنی ئاسایشی سووریا پێویستی بە هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە. نووسەرانی وتارەکە پێیان وایە دوورخستنەوە یان تێکەڵکردنی ڕواڵەتیی ئەم هێزانە، بۆشاییەکی ئەمنیی مەترسیدار دروست دەکات کە دەبێتە هۆی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش، زیادبوونی دزەکردنی گرووپە دەرەکییەکان و گەڕانەوەی نائارامی بۆ سووریا.

ئەم وتارەی نەشناڵ ئینترێست کە لە لایەن "جۆنا برۆدی"، "جەیران ئۆزجان" و "ڕەنا گابەر"ەوە نووسراوە، دەڵێت: پڕۆژەکەی ئەحمەد ئەلشەرع بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا، بە بێ بەشداریی ڕاستەقینەی هێزەکانی سووریای دیموکرات تووشی شکست دەبێت. بەپێی نووسینی ئەم گۆڤارە، ئەحمەد ئەلشەرع پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا بەڵێنی دابوو کە بە بنیاتنانەوەی سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان، دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری سووریادا جێگیر بکات؛ بەڵام سیاسەتەکانی ئێستای دیمەشق، بەتایبەت سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە پێچەوانەی ئەم ئامانجەوە دەشکێتەوە.

بۆشایی ئەمنی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا

نووسەران ئەوە وەبیر دەهێننەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ڕۆڵی سەرەکییان لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعشدا گێڕا، هەزاران ئەندامی ئەم گرووپەیان دەستبەسەر کرد و تۆڕی هەواڵگریی بەرفراوانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە شاراوەکانی داعش دروست کرد. بەڵام پاش تێکهەڵچوونەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەم هێزانە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستدا و لە ئەنجامدا، کۆنترۆڵی ئەمنی لەسەر بەشگەلێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لاواز بوو. بە بڕوای نووسەران، ئەم دۆخە دەرفەتێکی گونجاوی بۆ داعش، گرووپە توندڕەوەکان و دزەکردنی دەرەکی ڕەخساندووە.

داعش جارێکی تر هێز کۆدەکاتەوە

ئەم ڕاپۆرتە هۆشداری دەدات کە داعش، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٩دا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەدەستدا، بەڵام هەرگیز لەناو نەچوو و ئێستا بارێکی دیکە خەریکی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیەتی. بەپێی لێدوانەکانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق، ژمارەی چەکدارانی داعش لە ماوەی یەک ساڵدا لە نزیکەی دوو هەزار کەسەوە بۆ زیاتر لە دە هەزار کەس زیادی کردووە. هەروەها لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ هەزار بەندکراو و ئەندامانی بنەماڵەکانی سەر بە داعش، لەو کەمپانەی کە پێشتر لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەپارێزران، ڕایانکردووە. بەپێی وتارەکە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٣٠ هێرشی داعش لە سووریادا تۆمارکراوە کە بەشێکی زۆریان لە ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا بوون.

نیگەرانی لە گەشەسەندنی دزەکردنی دەرەکی

نووسەران سەرەڕای پرسی داعش، هۆشداریش دەدەن لە زیادبوونی چالاکیی گرووپە دەرەکییەکان. بە وتەی ئەوان، پاش پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەشێک لە سنوورەکانی عێراق، گرووپە چەکدارە دەرەکییەکان لەو ناوچانەدا جێگیر بوون و هەندێک وڵاتیش هەوڵیان داوە ئەم دەرفەتە بۆ بنیاتنانەوەی پێگەی خۆیان لە سووریادا بەکاربهێنن.

بۆچی دیمەشق پێویستی بە هێزە کوردییەکانە؟

بە بڕوای نووسەران، گرنگترین خاڵی بەهێزی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەزموونی مەیدانی و هەواڵگریی ئەوانە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا؛ توانایەک کە سوپای نوێی سووریا هێشتا لێی بێبەشە. ئەم شیکارییە جەخت دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی تەواوی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەتوانێت نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار چەکداری ڕاهێنراو بۆ سەر پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی سووریا زیاد بکات، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە توندڕووەکانی تردا دەبێت. هەروەها نووسەران پێشنیاز دەکەن بەشێک لە هێزە کوردییەکان لە وەزارەتی بەرگری و بەشەکەی تریان لە وەزارەتی ناوخۆی سووریادا دابمەزرێن، تا توانای هەواڵگری و ئەمنیی ئەوان بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر بەکاربهێنرێت.

ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکان

وتارەکە ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەگەرچی سەرەتایەکی ئەرێنی بوو، بەڵام هێشتا زۆربەی بابەتە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکراون. لە نێوان ئەم ناکۆکییانەدا دەکرێت ئاماژە بە ژمارەی ئەو تیپە سەربازییانە بکرێت کە بڕیارە تێکەڵ بکرێن، پێگەی فەرماندە کوردەکان و داهاتووی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە). بە وتەی نووسەران، هەرچەندە پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە زیاتر دوا بکەوێت، ئەگەری هەرەسهێنانی ئاگربەست و گەڕانەوەی تێکهەڵچوونەکان زیاتر دەبێت.

نووسەران داواش لە دەوڵەتی ئەمریکا دەکەن کە هاوکاریی هاوکاتی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بپارێزێت و هەر جۆرە یارمەتییەکی سەربازی یان هەواڵگری بۆ دیمەشق، مەرجدار بکات بە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی ٢٩ی کانوونی دووەم. بە بڕوای ئەوان، ئەگەر واشنتۆن هێزە کوردییەکان پێش تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵکردنەکە بە تەنیا جێبهێڵێت، نائارامی لە سووریادا توندتر دەبێت.

نەشناڵ ئینترێست لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەحمەد ئەلشەرع بۆ بەدیهێنانی بەڵێنی جێگیرکردنی ئاسایشی سووریا، ناچارە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیی وڵاتدا بەشدار بکات. لە ڕوانگەی نووسەرانەوە، سڕینەوە یان خستنە پەراوێزی ئەم هێزانە نەک تەنها ئاسایشی سووریا بەهێز ناکات، بەڵکوو دەکرێت زەمینە بۆ گەڕانەوەی داعش و زیادبوونی چالاکیی قاعیدە و گرووپەکانی تر بڕەخسێنێت؛ ئەو مەترسییانەی کە بە بڕوای ئەوان، هێشتا بە تەواوی لەناو نەچوون.

News ID 227465

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha