کورد هەنگاوی بۆ ئاشتی هەڵگرتووە و چاوڕێی وەڵامی ئەردۆغانە

سەرکردە و شرۆڤەکارانی کورد دەڵێن ئێستا کە په‌که‌که‌ چەکی داناوە، نۆرەی حکوومەتی تورکیایە تا بە چاکسازیی سیاسی و یاسایی، متمانە لەدەستچووەکە سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا حکوومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە کە پاکێجێکی یاسایی نوێ بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشکەش دەکات، زۆرێک لە سیاسی و شرۆڤەکاران پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە هەر شتێک زیاتر بەندە بە ئاستی ئامادەیی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی سیاسی و یاسایی. کوردەکان دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهاتنی چالاکیی چەکداریی ئەم گرووپە، ئێستا چاوەڕێی ئەوەن حکوومەتیش هەنگاوی کردەیی هاوشێوە بنێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بەم زووانە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، کە دەکرێت دوای مانگانێک لە وەستان، دانوستانەکانی نێوان حکومەت و پەکەکە وارد قۆناغێکی نوێ بکات.

پرۆسەی ئێستای ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە و بە دەستپێشخەریی دەولەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستی پێکرد. ئەو پێشنیاری کرد کە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئەگەری بانگهێشتکردنی ئەم ڕێکخراوە بۆ داماڵینی چەک، بتوانێت لە ئازادیی مەرجدار بەهرەمەند بێت.

دوای ئەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە چالاکیی چەکداریی خۆی بهێنێت. ئەم ڕێکخراوەش لە کۆنگرەی خۆیدا لە ئایاری ٢٠٢٥ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا. لە بەردەوامیدا، گرووپێک لە هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکانیان ڕادەست کرد و لەناویان بردن، چەند مانگێک دواتریش ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە سەرجەم هێزەکانی لە خاکی تورکیا کێشاوەتەوە.

سەرباری ئەم هەنگاوانە، پرۆسە سیاسییەکە لەو کاتەوە تا ئێستا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە.

پاکێجی یاسایی نوێ؛ وەرچەرخان یان هەنگاوێکی ڕواڵەتی؟

چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی تورکیا دوای کۆبوونەوەی ناتۆ لە سەرەتای تەممووزدا، ڕەشنووسی چوارچێوە یاساییە نوێیەکە پێشکەشی پەرلەمان بکات. جەیلان ئاکچە، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیمۆکراسیی گەلان (دەم پارتی)، پێی وایە ئەم پاکێجە یاساییە دەکرێت ببێتە دەسپێکی کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتی.

ئەو دەڵێت دەبێت ئەم چوارچێوەیە وەک "خانەی بنەڕەتی" (Stem cell) کار بکات؛ واتە زەمینە خۆش بکات بۆ چاکسازییەکانی دواتر لە یاساکاندا و لادانی ئەو جیاکارییە مێژووییانەی دژ بە کورد کراون. بە وتەی ئەو، دەم پارتی لە جیاتی چاوەڕوانیکردن لە حکومەت، لە شارە جیاوازەکاندا کۆبوونەوە، گردبوونەوە و وۆرکشۆپ ساز دەکات بۆ کۆکردنەوەی داواکارییەکانی خەڵک سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە پێویستەکان.

کێ دەبێت هەنگاوی یەکەم بنێت؟

بە بڕوای گۆنول تۆل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی تورکیا لە دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار لە نێوان حکومەت و دەم پارتیدا هەیە؛ ڕێککەوتنێک کە پێدەچێت جۆرێک لە لێخۆشبوون (عەفو) بۆ ئەندامانی پەکەکە لەخۆ بگرێت. بەڵام کێشە سەرەکییەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە. حکومەتی تورکیا خوازیاری تەواوبوون و پشتڕاستکردنەوەی تەواوی داماڵینی چەکی پەکەکەیە پێش هەر هەنگاوێکی سیاسی، لە کاتێکدا لایەنی کوردی پێی وایە چاکسازیی سیاسی و دەستەبەرکردنی گرەنتییە یاساییەکان دەبێت هاوشان یان تەنانەت پێش کۆتاییهاتنی تەواوی پرۆسەی چەکداماڵینەکە جێبەجێ بکرێن.

ئەسڵی ئایدینتاشباش، توێژەر لە دامەزراوەی برۆکینگز، پێی وایە کوردەکان نزیکەی سەرجەم ئەو هەنگاوانەی بۆ دروستکردنی متمانە پێویست بوون ئەنجامیان داوە و ئێستا نۆرەی حکومەتی تورکیایە. بە وتەی ئەو:

ئۆجەلان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی قبووڵ کرد؛

پشتگیریی لە تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی پێکهاتەی نوێی سووریادا کرد؛

کۆتاییهاتنی سەردەمی خەباتی چەکداریی ڕاگرت؛

لە ڕوانگەی ئەم شیکەرەوەیەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەردۆغان یاسای گەڕانەوە پەسەند بکات، کە ڕێگە بەو ئەندامانەی پەکەکە دەدات کە پێشینەی بەشداریکردنیان لە کردەوەی توندوتیژیدا نییە، بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. ئەو هۆشداری دەدات ئەگەر ئەم یاسایە پێش پشووی هاوینی پەرلەمان پەسەند نەکرێت، متمانەی گشتی بە پرۆسەی ئاشتی زیانی پێدەگات.

لەلایەکی دیکەوە، ئەلیزا مارکوس، توێژەری پرسی کورد و نووسەری کتێبی "ڕاپەڕینەوە و شۆڕش"، پێی وایە تەنها پێدانی لێخۆشبوون بە هێزەکانی پەکەکە بەس نابێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. بە وتەی ئەو، داواکارییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کورد ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

بەفەرمی ناسینی ناسنامەی کوردی لە دەستووردا؛

دەستەبەرکردنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان؛

ئازادیی چالاکیی سیاسیی کورد؛

و یەکلاکردنەوەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان.

بە بڕوای مارکوس، ئەگەر ئامانجی حکومەت تەنها بەفەرمیکردنی کۆتاییهاتنی چالاکیی سەربازیی پەکەکە بێت نەک چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئەم پرۆسەیە ناتوانێت بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بڕوات.

داواکردنی گرەنتییە یاساییەکان

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پێشتریش جەختی لەوە کردبووەوە کە ئەم پرۆسەیە بەبێ گرەنتیی یاسایی و سیاسی بەردەوام نابێت. بە وتەی ئەو، ئەگەرچی حکومەتی تورکیا چیتر بوونی کورد ئینکار ناکات، بەڵام هێشتا هیچ پێگەیەکی یاسایی یان دەستووریی دیاریکراوی بۆ پێناسە نەکردوون.

هەنگاوە متمانەسازەکان؛ ئەڵقەی ونی پرۆسەی ئاشتی

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە حکومەتی ئەردۆغان دەتوانێت بە چەند هەنگاوێکی هێمایی، کەشی متمانە بەهێزتر بکات، لەوانە:

گەڕاندنەوەی ئەو سەرۆک شارەوانییە کوردانەی کە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ٢٠١٦ دوورخرانەوە؛

ئازادکردنی سیاستەوانانی کورد وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش؛

و جێبەجێکردنی بنەمای "مافی ئومێد" کە دەرفەتی پێداچوونەوە بە ئازادکردنی مەرجداری عەبدوڵا ئۆجەلان دەڕەخسێنێت.

بەڵام حکوومەت تا ئێستا هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە هەنگاوانە نیشان نەداوە و ئەردۆغانیش ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردووەتەوە کە باس لە ئەگەری ئازادکردنی مەرجداری ئۆجەلان دەکەن. لە هەمان کاتدا، لایەنگرانی دەم پارتی لە شارە کوردییەکانی تورکیا بەردەوامن لە سازدانی گردبوونەوە بۆ داواکردنی ئازادکردنی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

نیگەرانی لە دواکەوتنی زیاتر

جەنگیز چاندار، نوێنەری دەم پارتی کە یەکێکە لە کەسایەتییە دێرینەکانی پرۆسەکانی ئاشتی لە تورکیا، هۆشداری دەدات کە دواکەوتن لە پێشکەشکردنی چوارچێوە یاساییەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پرۆسەکە. ئەو دەڵێت ڕای گشتیی کورد و بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی تورکیا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئەم پاکێجە پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینی پەرلەمان، واتە تا کۆتایی تەممووز، پەسەند بکرێت. بە وتەی چاندار، هەرچەندە هێشتا وردەکارییەکانی ئەم پاکێجە ڕوون نین و هەموو گوتوبێژەکان لە ئاستی پێشبینیدان، بەڵام پرۆسەی ئاشتی واردو قۆناغێک بووە کە گەڕانەوە لێی زۆر قورسە و درەنگ یان زوو ڕێڕەوی خۆی بەردەوام دەکات.

پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە ئێستا واردو هەستیارترین قۆناغی خۆی بووە. لە لایەکەوە، حکومەت جەخت لەسەر تەواوکردنی پرۆسەی چەکداماڵین و کۆتاییهاتنی فەرمیی چالاکیی پەکەکە دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەوتی سیاسیی کوردی داوای چاکسازیی پێکهاتەیی، گرەنتیی یاسایی و بەفەرمی ناسینی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد دەکات. سەرکەوتن یان شکستی ئەم پرۆسەیە، لە هەر شتێک زیاتر، بەندە بە ناوەڕۆکی پاکێجە یاساییەکەی حکومەت و ئاستی ئامادەیی ئەنقەرە بۆ تێپەڕاندنی ڕوانگەی تەنها ئەمنی و چوونە ناو قۆناغی چاکسازیی سیاسییەوە.

 

گۆڤاری نیو ڕیجن

 

News ID 227436

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha