لە سەرەتای ساڵەوە ١٣٤ ئەندامی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٣٤ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەرئەنجامی ئەو بەرنامانەی پێیان دەوترێت "قەناعەتپێکردن و گەڕاندنەوە" و هەروەها ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان، خۆیان ڕادەست کردووە. بە وتەی ئەم وەزارەتخانەیە، زۆربەی ئەم کەسانە پاش خۆڕادەستکردن دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا، ١٣٤ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی پێیان دەوترێت "قەناعەتپێکردن و گەڕاندنەوە" و لە پاش چالاکییە هەواڵگری و ئەمنییەکان، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کردووە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەم وەزارەتخانەیەدا هاتووە کە ئەم کەسانە لە دەرئەنجامی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی یەکەکانی هەواڵگریی فەرماندەیی جەندەرمە، پۆلیسی تورکیا و فەرمانگەی دژەتێرۆر ناسراونەتەوە و هان دراون بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە نێو ئەو کەسانەی خۆیان ڕادەست کردووە، دوو کەسیان لە لیستی داواکراوانی ئاستی "خۆڵەمێشی" و کەسێکیش لە لیستی "زەرد"دان؛ ئەمەش ئەو پۆلێنکارییەیە کە حکومەتی تورکیا بۆ پلەبەندیی کەسانی داواکراو لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکەوە بەکاری دەهێنێت.

ئەم وەزارەتخانەیە هەروەها ڕایگەیاند کە ١١٥ کەس لەوانەی خۆیان ڕادەست کردووە، بە بڕیاری دادگا تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان دەستبەسەر کراون، ١٤ کەس بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کراون و ڕێکارە دادوەرییەکانیش بۆ دۆسیەی پێنج کەسی دیکەیان هێشتا بەردەوامە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا جەختی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئۆپراسیۆنەکانیان دژی ئەو گرووپانەی کە لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و یەکڕیزیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دروست دەکەن، بەردەوام دەبن.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئەوە وەبیر هێنراوەتەوە کە تورکیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا داناوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە کەوتووەتە ناو تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ حکومەتی تورکیادا؛ ئەو تێکهەڵچوونانەی کە تا ئێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەو پرۆسەیەش دەکات کە پێی دەوترێت "تورکیای بێ تیرۆر" و دەڵێت پەکەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، کشانەوەی هێزەکانی لە خاکی تورکیا دەستپێکردووە؛ هەنگاوێک کە چەند مانگێک پاش دەستپێکردنی پرۆسەی دانانی چەک لە باکووری عێراق ئەنجام درا. بە نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، پرۆسەکە ئێستا کەوتووەتە قۆناغی کشانەوەی هێزەکان و پەکەکەش لە ڕێوڕەسمێکدا لە عێراق، بەیاننامەیەکی دەربارەی ئەم پرۆسەیە بڵاوکردبووەوە.

News ID 227470

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha