بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامەکەیاندا کە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی ١٤ ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ناوی پاشەکەوت، لێبڕین، خۆگونجاندن، دابەشنەکردنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە، دەیان تریلیۆن دیناری مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان بردووە و تا ئێستاش ئامادە نین بۆیانی بگەڕێننەوە.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن کە وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وڵاتدا بێتە دەنگ و ڕایدەگەیەنن: ''داواکارین سەرجەم ئەو نابەرپرسانەی ڕۆڵیان لە پاشەکەوتکردن و نەدان و لێبڕینی مووچەدا هەبووە دەستگیربکەن و ڕادەستی دادگایەکی دادپەروەریان بکەن، هاوکات دەستبگیرێت بەسەر سەرجەم ماڵ و موڵکی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا و مافی فەرمانبەرانی هەرێم لەو پارانە بگەڕێنرێتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، دەستەی ناڕازییەکان جەختیان کردووەتەوە کە چاوەڕێی بڕیاری بوێرانە و هەڵمەتی یەکلاکەرەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و لێپرسینەوە لە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
Your Comment