٣٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١٣:٥٢
ئاوارەیی بەردەوامی کوردانی سووریا

لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٨ مانگ بەسەر پێکهێنانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و ڕێککەوتنی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەزاران ئاوارەی کورد بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی، ئامادەیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، بوونی مینی چێندراو و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکانیان، هێشتا لە گەڕانەوە بۆ سەرێکانی و گرێ سپی بێبەشن.

کوردپرێس: بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "ئامارجی"، حەوت ساڵ دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە باکووری سووریا و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس، زۆربەی کوردانی سەرێکانی هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەرچەندە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڵێنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی دابوو، بەڵام بە گوتەی دانیشتووان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەردەوامیی ئامادەیی گرووپە چەکدارەکان، گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە، نائەمنی و وێرانکاریی بەربڵاوی خانووبەرە، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم بەڵێنە تا ئێستا بێئاکام بمێنێتەوە.

سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی نوێ لە سووریا، بەڵام قەیرانی ئاوارەیی هەزاران کوردی دانیشتووی سەرێکانی و گرێ سپی هێشتا بەردەوامە.

سوپای تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "کانیی ئاشتی" و بە هاوکاریی ئەو گرووپانەی کە بە "سوپای نیشتمانیی سووریا" دەناسرێن، کۆنترۆڵی نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باکووری سووریا گرتە دەست. ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس و بەشێکی زۆری دانیشتووانی کوردی ناوچەکەی ناچار کرد ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

زەکی حاجی، یەکێک لە دانیشتووانی سەرێکانی کە دوای حەوت ساڵ بۆ یەکەمجار گەڕاوەتەوە بۆ سەر ماڵەکەی، دەڵێت کاتێک چووەتە ناو ماڵەکەی، ڕووبەڕووی خێزانێکی خەڵکی حەلەب بووەتەوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ماڵەکەیان لە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کڕیوەتەوە. ئەو دەڵێت بۆ وەرگرتنەوەی ماڵەکەی ناچار بووە بڕە پارەیەک بەو خێزانە بدات، بەڵام دوای چوونە ژوورەوەی، بۆی دەرکەوتووە کە سەرجەم کەلوپەلە بەنرخەکانی ماڵەکەی، لەوانەش پەنێلەکانی وزەی خۆر دزراون، پەنجەرەکان شکێنراون و بەشێک لە باڵەخانەکەش ئاگر تێبەردراوە.

هەرچەندە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو پێکهاتەی سەربازیی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریادا تێکەڵ کراون، بەڵام بە گوتەی دانیشتووان، کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی سەرێکانی هێشتا لە دەستی ئەو گرووپانەدا ماوەتەوە. زۆربەی ماڵەکانی کوردان هێشتا لەلایەن کەسانی غەیرەبۆمییەوە داگیرکراون و گەڕانەوەی خاوەنە ڕاستەقینەکان زۆرجار پێویستی بە پێدانی بڕە پارەیەک هەیە کە لە نێوان دوو هەزار بۆ چەند هەزار دۆلاردایە؛ ئەمە لە کاتێکدا هیچ دامەزراوەیەکی کاریگەر نییە بۆ لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکارییانە. هاوکات، ئامادەیی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو شاردە بەردەوامە و بازگەکانی سوپای تورکیا لە شوێنە جیاجیاکانی سەرێکانی هێشتا چالاکن.

بە گوتەی دانیشتووان، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا پێکهاتەی دیموگرافیی سەرێکانی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە. لە ئێستادا تەنها ژمارەیەکی کەم لە کورد لە شارەکەدا ماونەتەوە، و زۆربەی خێزانە ئاشووری و ئێزدییەکانیش هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ گەڕەک و گوندەکانی خۆیان. چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەم پرۆسەیە بە بەشێک لە پڕۆژەی گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچانەدا دەزانن کە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی سەر بە تورکیادان.

لە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، جەخت لەسەر گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان کرابووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی ڕایدەگەیەنێت کە بوونی ناکۆکی لە دانوستانەکانی نێوان هەردوولادا، هاوشان لەگەڵ ئەو ڕێگرییانەی کە بەهۆی دەور و نەخشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتەوە دروستبوون، پرۆسەی گەڕانەوەیان تووشی دواکەوتنی جدی کردووە.

یەکێکی دیکە لە گرنگترین ڕێگرییەکان، پیسبوونی بەربڵاوی ناوچە سنوورییەکانە بە مینی چێندراو و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان. بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێی، لیژنەیەکی هاوبەش لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان پێکهێنراوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە کاتێکی زۆری دەوێت. لە پاڵ مەترسیی مینەکاندا، بڵاوبوونەوەی چەک، ناسەقامگیریی ئەمنی و ئامادەیی گرووپە چەکدارەکان هێشتا وەک ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەیەکی ئارام و بەردەوامی دانیشتووانەکەدا ئەژمار دەکرێن.

لەکاتێکدا دانوستانە سیاسییەکان بەردەوامن، دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی سەرێکانی هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکانی پارێزگای حەسەکەدا دەژین. سەرەڕای کەمیی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان، گەرمای تینی هاوین و بارودۆخی دژواری ئابووری، زۆربەی خێزانە ئاوارەکان هێشتا هیوادارن ڕۆژێک بێت بتوانن بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و بە گەرەنتیی ئەمنی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام تا ئەو کاتەی ناوچەکان لە مینی چێندراو پاک نەکرێنەوە، ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان نەگەڕێندرێنەوە و گەرەنتییە ئەمنییە پێویستەکان دابین نەکرێن، ئاسۆی بەدیهاتنی ئەم گەڕانەوەیە هێشتا بە ناڕوونی دەمێنێتەوە.

News ID 227457

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha