بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەپۆلی دەستگیرکردنەکان و کردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە بەغدا، ڕاپۆرتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمریکا پشتگیرییە ئابوورییە بەرفراوانەکانی بۆ عێراق بەستووەتەوە بە سەرکەوتنی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی لە شەڕی دژ بە گەندەڵیدا.
دەزگای "ستاندەر" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە دۆسیەی عێراق، لە دیدارەکانیدا لە بەغدا بە زەیدی ڕاگرتووە کە بەبێ ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی سەرچاوە داراییەکان و ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، ئەمریکا ناتوانێت ئاستێک لە هاوکاری پێشکەش بکات کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە باراک هاوکات بەڵێنی بە حکومەتی بەغدا داوە ئەگەر ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکان دژی کەسایەتی و تۆڕە سەرەکییەکانی گەندەڵی بگەنە ئەنجام، واشنتۆن نەک هەر پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکات، بەڵکوو بەشێکیش دەبێت تێیدا و بەشداری دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمریکا لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، سندوقێکی هاوبەش بە بەهای ٤٠٠ ملیار دۆلار بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی عێراق دادەمەزرێنێت؛ سندوقێک کە ئامانجەکەی گواستنەوەی ژێرخانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی عێراقە بۆ قۆناغێکی نوێ.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، واشنتۆن بەڵێنی ئەوەشی داوە کە لەپێناو پشتگیریکردنی ئابووریی عێراق، ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە دەرەوەی پشکی ئاسایی فرۆشتنی نەوت لە ئۆپێک بۆ پاڵپشتی ئابووری عێراق تەرخان بکرێت؛ بابەتێک کە جێبەجێکردنی بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی حکومەتی بەغدا لە ڕاوەدوونان و کۆنترۆڵکردنی دۆسیەکانی گەندەڵیدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی گەندەڵییەوە، دەیەوێت هەژموونی ئێران و گرووپە سەر بەو وڵاتە سنووردار بکات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی سیاسی لە عێراقدا خۆش بکات؛ بەشێوەیەک کە ئەو پارتانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی، ئیتر نەتوانن لە ڕێگەی پارە و دەسەڵاتەوە کاریگەری لەسەر ئیرادەی گشتی دروست بکەن.
لێکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە تەنها لە عێراقدا سنووردار نابن، بەڵکو دەتوانن کاریگەری لەسەر هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دروست بکەن؛ بەشێوەیەک کە بەپێی بانگەشەی ڕاپۆرتەکە، سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکان و تۆڕەکانی هەژموون، دەرفەتی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە گشتییەکان و بەردەوامیی مۆدێلەکانی ئێستای دەسەڵات کەم دەکاتەوە.
Your Comment