پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا بەبێ بەشداریی تورکیا مەحاڵە

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە لێواری وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکیدایە و داوای بەهێزکردنی ناتۆ، لادانی سنووردارکردنەکانی سەر هاوکارییە بەرگرییەکان لەگەڵ تورکیا و بەشداریی تەواوی ئەنقەرەی لە دەستپێشخەرییە ئەمنییەکانی ئەورووپادا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانیی ناتۆ کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە سازکردنی ئەم کۆبوونەوەیە پێش لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووز لە ئەنقەرە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەبێتە زەمینەسازی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هاوپشتی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیمانەدا.

ئەردۆغان ئاماژەی دا بە شەڕەکان، تێرۆریزم، قەیرانەکان و کۆچی نایاسایی لە سەر سنوورەکانی ناتۆ و گوتی ئەورووپا و ناوچەی ئەتڵەسی چوونەتە ناو قۆناغێک لە ناسەقامگیری و چەمک و ڕێبازە ئەمنییەکانی ڕابردوو چیتر وەڵامدەرەوەی دۆخی ئێستا نین.

ئەردۆغان هەروەها بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی غەززە و لوبنان، ئەو ڕووداوانەی بە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی پێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان زانی و جەختی کردەوە کە لە دۆخێکی وەهادا، پاراستنی هێزی بەربەستنی ناتۆ و یەکڕیزیی نێوان هاوپەیمانان گرنگییەکی زۆرتر بەدەست دەهێنێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: "تورکیا بە بوونی زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتر سنووری وشکانی لەگەڵ ناوچە قەیراناوییەکاندا، هێزێکی سەربازیی بەهێز، توانای سەربازیی مۆدێرن و پیشەسازیی بەرگریی پێشکەوتوو، زیاتر لە حەوت دەیەیە کە پشکێکی گرنگی لە دابینکردنی ئاسایشی ناتۆدا هەیە." ئەو زیادی کرد کە تورکیا لە ئەرکەکانی ناتۆدا ئامادەییەکی چالاکی هەیە و ئەزموونی خۆی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەییەکاندا لەگەڵ هاوپەیمانانی دیکەدا بەش دەکات.

ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند کە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە لەلایەن وڵاتانی ئەندام و تەنانەت ڕای گشتیی جیهانیشەوە پێشوازییەکی بەربڵاوی لێکراوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئەنجامگەلێک کە لە پاڵ بەهێزکردنی ڕۆحی هاوپشتی لە ناو ناتۆدا، خەم و نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی سەرجەم ئەندامانیش ڕەچاو بکات.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەوەی کە تورکیا ماوەیەکی درێژە لە دژی تێرۆریزم دەجەنگێت، گوتی وڵاتێک کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی تێرۆریزم بووەتەوە و ئێستاش بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بەو دیاردەیە هەوڵ دەدات، چاوەڕوان دەکات هاوپەیمانەکانیشی لەم بوارەدا پاڵپشتیی زیاتری ئەنقەرە بکەن. ئەردۆغان جەختی کردەوە کە بەدیهاتنی ئەم ئامانجە پێویستی بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەرپرسیارێتییەکان هەیە لە ناو ناتۆدا، لەگەڵ لادانی ئەو کۆسپانەی کە لەسەر ڕێگەی بازرگانی و هاوکارییەکانی پیشەسازیی بەرگریدان.

ئەردۆغان هەنێش تڕانەی لە پەراوێزخستنی تورکیا لە هەندێک پڕۆگرامی ئەمنیی ئەورووپادا گرت و ڕایگەیاند کە لادانی تواناکانی بەرگریی ئەم وڵاتە بە هۆکاری سیاسی، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی کیشوەری ئەورووپادا نییە.

ناوبراو داوای لە نوێنەرانی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد کە پشتگیری لە ئامادەیی تورکیا لەو پڕۆگرامە بەرگرییانەدا بکەن کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە ڕادەگەیەنرێن، و گوتیشی وەلاوەنانی تواناکانی بەرگریی تورکیا بە هۆکاری سیاسی، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد کە لە لووتکەی ئەنقەرەدا، پێشهاتەکانی پێوەست بە ئۆکرانیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو و فەلەستین تاوتوێ دەکرێن. بە گوتەی ئەردۆغان، تورکیا لە پاڵ قەتەر، پاکستان و وڵاتە دۆستەکانی دیکەدا، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنێکی بەردەوام.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر لوبنانی بە کارێکی تێکدەرانە و ئیستفزازی وەسف کرد و داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد کە ڕێگە نەدەن ئەم جۆرە هه‌نگاوانە پرۆسەی سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕەگی سەرەکیی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی فەلەستینە و تا ئەو کاتەی داگیرکاری و فراوانخوازیی ئیسرائیل بەردەوام بێت، دەستڕاگەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام مەحاڵ دەبێت. ئەردۆغان زیادی کرد کە تاکە چارەسەری ڕاستەقینە، پێکهێنانی دوو دەوڵەتە و دەبێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و یەکپارچەیی خاکی فەلەستین لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ پێکبهێنرێت.

News ID 227459

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha