لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٨ مانگ بەسەر پێکهێنانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و ڕێککەوتنی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەزاران ئاوارەی کورد بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی، ئامادەیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، بوونی مینی چێندراو و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکانیان، هێشتا لە گەڕانەوە بۆ سەرێکانی و گرێ سپی بێبەشن.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەرێکانی، بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر هەڕەشەکردنی چەکدارەکان لە ئاوارەکان لەو شارەدا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ئەو کۆسپانەی لەبەردەم گەڕانەوەی دانیشتووانەکەدا هەن، زیاتر کردووە.
وتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاند، ناوی نزیکەی ۱۴ هەزار خێزان کە ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن تۆمارکراوە و رادەستی حکومەتی سووریا کراوە.