ژمارەی دەستگیرکراوانی هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق بەرز بوویەوە

هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی بەردەوامە و تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا، دەیان کەسایەتی سیاسی و کارگێڕی کەوتوونەتە دەست هێزە ئەمنییەکان.

کوردپرێس: بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق، ئاماری دەستگیرکراوان گەیشتووەتە ٦٧ کەس، کە بریتین لە پەرلەمانتاران و سیاسییەکان، فەرمانبەرانی پلەباڵا، خاوەن کۆمپانیا و وەبەرهێنەران. ئەم کەسانە بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، بەهەدەردانی سامانی گشتی، دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکراون.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمە تەنیا سەرەتایە. لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا، پلان دانراوە ٢٠٠ کەسایەتی دیکەی حکومی و حزبی دەستگیربکرێن. ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە ستراتیژییەکی ٦ مانگی بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، هێزە تایبەتەکان و دەزگای دژە تیرۆر لە ناوچەی سەوز و شەقامە سەرەکییەکانی بەغدا بڵاوەیان پێکراوە. سەرچاوەکان دەڵێن: رێکارە ئەمنییەکان هێندە توندن، رێگری لە چوونە دەرەوەی هیچ تۆمەتبارێک بۆ دەرەوەی عێراق دەکرێت، ژمارەیەک لە داواکراوان هەوڵی هەڵاتنیان داوە یان خۆیان حەشارداوە، بەڵام هەموو دەروازەکان لەژێر چاودێریدان.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە یەکەم لێدوانیدا جەختی کردەوە، "ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە. حکومەت بەرپرسیارە لە پاراستنی ماڵی گەل و چیتر بەرامبەر گەندەڵی بێدەنگ نابین. دەبێت دەوڵەت خاوەنی هێز و یاسا بێت و رێگە نادەین گەندەڵکاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بمێننەوە."

دوێنێ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان راگەیاند، ٤٧ تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.

لە نێو دەستگیرکراوندا؛ زیاد جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکەی عالیە نوسەیف، هەن.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد دەستیان بە رێکارە توندەکانیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان بۆ سامانی گشتی بردووە.

 یەکشەممە ٢٨ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا.

عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن ناسراو بە "حووتی نەوت"، لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٦ بە تۆمەتی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیر کرا. لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی یەکجار زۆری پارەدا گرت سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری نەختینە بوون و بەشێکیان لە ژێر زەوی و لەناو باخەکانی شاردرابوونەوە. جگە لەوەش دەست بەسەر دەیان ڤێلا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا.

News ID 227446

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha