بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاراس تاڵەبانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پاش ناردنی سڵاو بۆ ”حزبەکانی زۆنی سەوز"، ئاماژەی بەوە کردووە: ”هیوادارم بەدەم پێشنیارەکەی پارتییەوە بچن بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئیتر شەڕەکە ببەنە پەرلەمان، ئەگەر دەتانەوێت خزمەت بە دۆزی کورد بکەن".
هەر لەو نووسینەدا تکای ئەوەی کردووە کە وای بۆ حیساب بکرێت، ”وەک کوردێکی سادە کە دەیەوێت ئەم هەرێمە بمێنێت"، ئەم داواکارییەی کردووە.
ئەم لێدوانەی ئاراس تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گواستنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی بۆ ناو پەرلەمان کردبوو.
پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتێک کۆبوونەوە و پەیامە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەکان بێ ئاکام دەبن، پێویستە گفتوگۆکان لە شەقام و میدیاکانەوە بگوێزرێنەوە سەر مێزی یاسایی، و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵەکەدا بەرپرسیار بن لە دۆزینەوەی چارەسەری بەرهەمدار، بە جۆرێک هەموو لایەک پابەندی بڕیارەکانی پەرلەمان بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''دوای هەڵبژاردنەکان، پارتی چەندین سیناریۆی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێ خستووەتەڕوو، بەڵام سەرەڕای هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەدەنگەوەهاتنی ئەرێنیی پێویست لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەدی نەکراوە.''
پارتی هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم چەقبەستووییە سیاسییە، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا، زیانی گەورە بە ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و سوودی بۆ هیچ لایەک نابێت؛ بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت.
Your Comment