بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە سەدەیەک بەسەر ڕاپەڕینی شێخ سەعیددا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم ڕووداوە هێشتا وەک یەکێک لە پڕکێشەترین بەشەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دادەنرێت. دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا شوێنی نێژرانی شێخ سەعید و ٤٧ کەس لە هاوڕێکانی ئاشکرا نەکردووە، کە دوای دادگاییکردنیان لە دادگا تایبەتەکانی (ئیستقلال) لەسێدارە دران. بنەماڵەی قوربانییان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسییەکانی کورد چەندین جار دژ بەمە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای ڕادەستکردنەوەی شوێنی گۆڕەکان و ڕێگەدان بە سازکردنی ڕێوڕەسمی فەرمییان کردووە.
شۆڕش دەروێش، نووسەر و شرۆڤەکاری سووری، لە وتارێکی تێروتەسەلدا کە لەلایەن "ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی"یەوە بڵاوکراوەتەوە، پێی وایە بە نهێنی هێشتنەوەی گۆڕی ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە، تەنیا بابەتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیاسەتی سڕینەوەی بیرەوەریی مێژوویی کورد؛ چونکە دەوڵەت لەوە دەترسێت ئەم گۆڕانە ببنە هێمای ناسنامەی نەتەوەیی و گرێدانی نەوە نوێیەکان بە مێژووی خەباتی کوردەوە. بەم هۆیەشەوە، ڕاپەڕینی شێخ سەعید وەک ڕووداوێکی زیندوو لە بیرەوەریی سیاسیی کورددا ماوەتەوە و جیاوازیی بۆچوونیش لەسەر ئامانجەکان، ماهییەت و هۆکارەکانی شکستەکەی هێشتا بەردەوامە.
تێپەڕین لە دووانەی "ئاین یان ناسیۆنالیزم"
بە بڕوای نووسەر، گرنگترین ناکۆکی لەسەر ڕاپەڕینی ١٩٢٥، لێکدانەوەی ماهییەتەکەیەتی. گروپێک ئەم ڕاپەڕینە وەک پەرچەکردارێکی ئاینی بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی و سیاسەتە عەلمانییەکانی دەوڵەتی تازەدامەزراوی تورکیا دەبینن و لە درێژەی بزووتنەوە ئیسلامییەکانی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا لێکی دەدەنەوە. لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی تر ئەم ڕووداوە وەک یەکەمین بزووتنەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیی کەرتی کورد بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسی هەڵدەسەنگێنن. بەڵام لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، زۆرێک لە توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ کام لەم دوو گێڕانەوەیە بە تەنیا ناتوانن ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر ئەم ڕاپەڕینە بدەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ڕاپەڕینی شێخ سەعید دەرەنجامی هاوپەیمانیی نێوان نوخبەی نەتەوەیی کورد، ئەفسەرانی سەربازی، ڕێبەرانی هۆزەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان بوو؛ هاوپەیمانییەک کە ئاینی وەک ئامرازێک بۆ جووڵاندنی کۆمەڵگا و نەتەوەییبوونی وەک ئامانجێکی سیاسی بەکارهێنا.
بۆچی ڕاپەڕینەکە بوو بە کارێکی حەتمی؟
نووسەر لەو باوەڕەدایە کە لاوازیی ڕێکخستن، دەستپێکردنی پێشوەختەی ڕاپەڕینەکە و نەبوونی ئامادەیی پێویست، ئەگەرچی ڕۆڵیان لە شکستەکەیدا هەبوو، بەڵام ڕێگربەربەست نەبوون لە دروستبوونی. بە گوتەی ئەو، کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا، سیاسەتی تورککردن، فشارە ئابوورییەکان لەسەر ناوچە کوردنشینەکان و سڕینەوەی قۆناغ بە قۆناغی پێگەی سیاسیی کورد، بارودۆخێکیای دروستکردبوو کە ڕوودانی ڕاپەڕینەکەی کردبووە کارێکی کەم تا زۆر حەتمی و نکوڵینەکراو؛ تەنانەت ئەگەر سەرەتای پێویستیش بۆ سەرکوتکردنی فەراهەم نەکرابێت. لەم نێوەندەدا، نووسەر جەخت دەکاتەوە کە فاکتەری ئابووری کەمتر لە فاکتەرەکانی تر سەرنجی پێدراوە و زۆربەی توێژینەوەکان، تەرکۆزی خۆیان خستووەتە سەر ڕەهەندە ئاینی یان نەتەوەییەکانی ڕاپەڕینەکە؛ لە کاتێکدا کێشە ئابوورییەکان و گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا بەشێکی گرنگیان لە دروستبوونی ئەم نەعرەتەدا هەبووە.
نووسەر لە بەشێکی تری وتارەکەیدا پەرژاوەتە سەر دروستبوونی کۆمەڵەی "ئازادی"، سیاسەتەکانی دەوڵەتی تازەدامەزراوی تورکیا دوای ڕاگەیاندنی کۆماری، دەستپێکردنی پڕۆژەی تورککردن و ڕۆڵی ئەم کۆمەڵەیە لە ڕێکخستنی ڕاپەڕینی شێخ سەعیددا؛ بەشێک کە بە یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی وتارەکە دادەنرێت. نووسەر لەم بەشەدا بەڵگە دەهێنێتەوە کە بەپێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمیی تورکیا، ڕاپەڕینی شێخ سەعید تەنیا پەرچەکردارێک نەبوو بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت یان سیاسەتە دژە ئاینییەکانی دەوڵەت، بەڵکو ڕەگەکانی بۆ ساڵانێک پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکە دەگەڕایەوە؛ ئەو کاتەی نوخبەی کورد هەستی بە نیگەرانی کرد بەرامبەر بە ئاڕاستەی دەوڵەتی نوێی تورکیا و پڕۆژەی نەتەوەسازییەکەی.
دەستپێکی کۆماری و گۆڕانی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کورددا
لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا، ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیا دەستووری نوێی پەسەند کرد و سیستمی کۆماریی ڕاگەیاند. بە هەڵبژاردنی مستەفا کەمال وەک یەکەمین سەرۆک کۆمار، سیاسەتێکی نوێ بۆ دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی تورکیا دەستی پێکرد کە لەسەر بنەمای دروستکردنی تاقە نەتەوەیەکی تورک داڕژابوو و وردە وردە ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی شەڕی سەربەخۆییدا بە کورد درابوون، وەلاندران. نووسەر ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆماریش، نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەرکەوتبوون. لە وتارەکانی مستەفا کەمال و هەروەها لە دەستووری ١٩٢١دا، چەمکگەلێکی وەک "دەوڵەتی تورکیا" و "حکومەتی تورکیا" بەکاردەهاتن؛ چەمکگەلێک کە لە ڕوانگەی زۆرێک لە نوخبەی کوردەوە، گوزارشتیان لە دوورکەوتنەوە لە پێکهاتەی فرەنەتەوەیی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و جووڵە بەرەو دەوڵەتێکی نەتەوەیی تورک دەکرد. بەم هۆیەشەوە، بەشێک لە نوخبەی کورد زۆر زوو تێگەیشتن کە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک چووەتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە تێیدا چیتر بەستەری ئیسلامی و عوسمانی، جێگەی خۆی بۆ ناسنامەی نەتەوەیی تورک چۆڵ دەکرد.
نیگەرانیی نوخبەی کورد لە پڕۆژەی تورککردن
بە گوتەی نووسەر، دوای جێگیربوونی کۆماری، دەوڵەتی تورکیا پڕۆژەیەکی بەرفراوانی بۆ تورککردنی کۆمەڵگا دەستپێکرد. ئەم سیاسەتە تەنیا بە کەرتی ڕۆشنبیری و پەروەردەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو دووبارە نووسینەوەی مێژوو، گۆڕینی ناوە جوگرافییەکان، سڕینەوەی ناوی "کوردستان" لە کتێبە درسییەکان و هەوڵدان بۆ ئینکارکردنی ناسنامەی مێژوویی کوردی لەخۆ دەگرت. هاوکات، دەوڵەت بە پەسەندکردنی یاسایەک بۆ زەوتکردنی بەشێک لە مۆڵک و ماڵی گەورە لە پارێزگا ڕۆژهەڵاتییەکان و نیشتەجێکردنی کۆچبەرانی تورک و موسڵمانانی باڵکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا، کۆشا بۆ ئەوەی پێکهاتەی دانیشتووانی ئەم ناوچانەش بگۆڕێت. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ئەم هەنگاوانە تەنیا چاکسازیی کارگێڕی نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە بەرنامەیەک بۆ تواندنەوەی زۆرەملێی کورد لە ناو ناسنامەی نەتەوەیی نوێی تورکیادا.
لەدایکبوونی کۆمەڵەی "ئازادی"
لە کەشێکی ئاواهیدا، گروپێک لە ئەفسەران، ڕۆشنبیران و ڕێبەرانی کورد، ڕێکخراوێکی نهێنییان بە ناوی کۆمەڵەی "ئازادی" دامەزراند کە دواتر بە "کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد"یش دەناسرا. نووسەر جەخت دەکاتەوە کە پاڵنەرەکانی پێکهێنانی ئەم کۆمەڵەیە، پێش هەر شتێک، سیاسی و نەتەوەیی بوون. ئەندامانی کۆمەڵەکە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە کۆمەڵێک سیاسەتی دەوڵەتی نوێ هەبوو، لەوانە:
ئەگەری ڕاگوێزانی بەکۆمەڵی کورد بۆ ڕۆژاوای ئەنادۆڵ؛
سڕینەوەی ناوی کوردستان لە دەقە پەروەردەییەکاندا؛
تورککردنی ناوی شار و ناوچە کوردنشینەکان؛
گەندەڵی کارگێڕی و نەبوونی دادپەروەری؛
بێبەشبوونی ناوچە کوردنشینەکان لە داهاتی باج و سەرانە؛
دەستێوەردانی دەوڵەت لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کورد؛
جیاکاری دژ بە ئەفسەران و سەربازانی کورد لەناو سوپادا.
بەپشت بەستن بەو بەڵگە مێژووییانەی نووسەر پشتیان پێ دەبەستێت، ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەی ئازادی پێکهاتبوو لە بەرگریکردن لە مافەکانی کورد، کۆتاییهێنان بە جیاکاری، ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەپێدان بۆ ناوچە کوردنشینەکان و لە کۆتاییدا گەیشتن بە خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆیی. نووسەر ئەوەش وەبیر دەهێنێتەوە کە بەپێچەوانەی ئیدیعا فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیا، هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لەسەر پشتگیریی بەریتانیا لەم کۆمەڵەیە شتێک نییە و تەنانەت عیسمەت ئینۆنۆش ساڵانێک دواتر دانی بەوەدا نا کە چەند هەماهەنگییەکی ڕێکخراو لە نێوان ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکە و بەریتانیادا دروست نەببوو.
تەمەنی ڕاستەقینەی کۆمەڵەی ئازادی
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی وتارەکە، پێداچوونەوەیە بە کاتی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئازادیدا. زۆرێک لە سەرچاوەکان، ساڵی ١٩٢٣ بە کاتی پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوە دەزانن، بەڵام بە گوتەی نووسەر، شایەدییدانی هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵەکە نیشانی دەدات کە ئەگەری هەیە کۆمەڵەکە لە ساڵی ١٩٢١ەوە چالاکییەکانی خۆی دەست پێکردبێت. ئەگەر ئەم گێڕانەوەیە ڕاست بێت، پێکهێنانی کۆمەڵەی ئازادی نەک پەرچەکردارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت یان ڕاگەیاندنی کۆماری، بەڵکو وەڵامێک بووە بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کۆچگیری و زیادبوونی نیگەرانیی نوخبەی کورد لە داهاتووی پەیوەندییەکانی کورد و دەوڵەتی ناوەندی.
دابەشبوونە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای کورد
نووسەر لە بەردەوامیدا ئاماژە بە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی لاوازیی بزووتنەوەی کوردی دەکات؛ دابەشبوونی ئاینی و ڕۆشنبیرییەکانی ناو کۆمەڵگای کورد. لە کاتی ڕاپەڕینی کۆچگیریدا، کوردە عەلەوییەکان پێشەنگی خەباتەکە بوون، بەڵام زۆرێک لە کوردە سوننەکان پشتگیرییان نەکردن. لە بەرامبەردا، لە کاتی ڕاپەڕینی شێخ سەعیددا، بەشێک لە عەلەوییەکان بەهۆی نیگەرانی لە باڵادەستیی ڕێبەرانی ئاینیی سوننە و هەروەها ئومێدیان بە سیاسەتە عەلمانییەکانی کۆماری تورکیا، لە هاوڕێیەتییکردنی ئەم ڕاپەڕینە خۆیان پاراست. بە بڕوای نووسەر، ئەم جیاوازییە ئاینی، زمانی و عەشایەرییانە دواتریش سێبەری خستە سەر ڕەوتی ڕاپەڕینی شێخ سەعید و ڕێگربەربەست بوو لە دروستبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان سەرجەم کورداندا.
هەوڵدان بۆ گرێدانی نەتەوەییبوون و ئاین
سەرەڕای ئەم کەرتوبەرتانە، ڕێبەرانی کۆمەڵەی ئازادی کۆشان بۆ ئەوەی لە نێوان ڕەوتی نەتەوەیی کوردی و ڕێبەرانی ئاینیدا یەکێتی دروست بکەن. بەم هۆیەشەوە، لە کۆبوونەوەی ساڵی ١٩٢٤ی کۆمەڵەکەدا، شێخ سەعید وەک ڕێبەری گشتیی ڕاپەڕینەکە هەڵبژێردرا. نووسەر پێی وایە ئەم هەڵبژاردنە نیشانی دەدات کە کۆمەڵەی ئازادی، ئاینی نەک وەک ئامانجی سەرەکی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگا لە خزمەت پڕۆژەیەکی سیاسی و نەتەوەییدا بەکارهێناوە. لەم چوارچێوەیەدا، شێخ سەعید بە ناونیشانی "ئەمیری موجاهیدین" ناسێندرا و وشەی "جیهاد" بۆ بانگەوازی ڕاپەڕین بەکارهات؛ هەنگاوێک کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە، زیاتر لەوەی گوزارشت لە ماهییەتی سەراپا ئاینیی بزووتنەوەکە بکات، هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی پشتگیریی بەرفراوانی کۆمەڵگای نەریتیی کوردستان.
هاوكات، وتارەکە جەخت دەکاتەوە کە نزیکترین هاوکارانی شێخ سەعید تەنیا پیاوانی ئاینی نەبوون. بۆ نموونە، فەهمی بیلال ئەفەندی کە لە چالاکوانانی دیاری کۆمەڵەی ئازادی دادەنرا، مەیلی نەتەوەیی توندی هەبوو و تەنانەت لە هەندێک سەرچاوەدا وەک کەسێک وەسفکراوە کە بڕوایەکی ئەوتۆی بە ئاین نەبووە. ئەم بابەتە، بە بڕوای نووسەر، نیشانی دەدات کە ئامانجی سەرەکیی ڕێبەرانی کۆمەڵەی ئازادی، دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو و بەکارهێنانی توانای ڕێبەرانی ئاینی، بەشێک بوو لە ستراتیژی سیاسییان بۆ کۆکردنەوەی هێزەکان.
ئابووری، کۆمەڵگا و دابەشبوونی ناوخۆییەکان؛ فاکتەرە کەمتر بینراوەکان لە ڕاپەڕینی شێخ سەعیددا
نووسەر لەم بەشەدا هەوڵ دەدات وێنەیەکی جیاواز لە زەمینەکانی دروستبوونی ڕاپەڕینی ١٩٢٥ بخاتە ڕوو. بە بڕوای ئەو، تەرکۆزکردنی توێژینەوە مێژووییەکان لەسەر لایەنە ئاینی یان نەتەوەییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆڵی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیەدا کەمتر سەرنجی پێبدرێت؛ لە کاتێکدا سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی نوێی تورکیا، یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی ناڕەزایەتی بوو لە ناوچە کوردنشینەکاندا.
ئابووری؛ ئەڵقەی ونبوو لە شیکاریی ڕاپەڕینەکەدا
بەپێی ئەم وتارە، لەگەڵ جێگیربوونی کۆماری تورکیادا، دەوڵەتی نوێ سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەهێزکردنی بۆرژوازیی نوێی تورک و ناوەندگەرایی ئابووری داڕشت. ئەم ڕێبازە، وردە وردە پێکهاتەی نەریتیی ئابووریی ناوچە کوردنشینەکانی گۆڕی و زۆرێک لە بەستەرە ئابوورییە مێژووییەکانی کوردستانی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا لەناو برد. لەم نێوەندەدا، ناوچە کوردنشینەکان نەک هەر پشکێکی ئەوتۆیان لە وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری بەرنەکەوت، بەڵکو بازاڕە نەریتییەکانی خۆشیان لەدەست دا. نووسەر پێی وایە هەر ئەم بارودۆخە، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە نێوان خاوەن مۆڵکەکان، عەشایەر، بازرگانان و تەنانەت بەشێک لە گوندنشینانی کورددا دروستکرد و زەمینەی کۆمەڵایەتیی پێویستی بۆ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان فەراهەم کرد.
سنوورە نوێیەکان، ئابووریی کوردستانیان گۆڕی
یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کێشانی سنوورە نوێیەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ سنوورگەلێک کە ناوچە کوردنشینەکانی بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەش کرد. نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە پێش ئەم گۆڕانکارییانە، ئابووریی کوردستان لەسەر تۆڕێک لە ئاڵوگۆڕی ناوچەیی وەستابوو. شارەکانی وەک حەلەب، دیمەشق و بەغدا لە گرنگترین سەنتەرە بازرگانییەکانی کورد دادەنران و کاروانە بازرگانییەکان بە ئازادی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا هاتوچۆیان دەکرد. بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی سنوورە نوێیەکاندا، ئەم تۆڕە ئابوورییە لێک هەڵوەشا. دەوڵەتی تورکیاش ئابووریی ناوچە کوردنشینەکانی لە جیاتی بەستنەوە بە بازاڕە نەریتییەکانەوە، بە بازاڕی ناوخۆیی ئەنادۆڵەوە بەستەوە کە بە گوتەی نووسەر، زیانی بەرچاوی بۆ بازرگانان و ئاژەڵدارانی کورد بەدوای خۆیدا هێنا. وتارەکە بۆ نموونە ئاماژە بە ژیانی خودی شێخ سەعید دەکات کە تا پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکە، ئاژەڵەکانی خۆی لە بازاڕەکانی حەلەبدا دەفرۆشت، بەڵام دوای سەپاندنی سنووردارکردنی سنوورەکان، ئەم شێوازی داهاتە بە توندی کەمی کرد.
گەشەکردنی قاچاخچێتی لە ناوچە سنوورییەکاندا
یەکێکی تر لە دەرەنجامەکانی داخرانی سنوورەکان، فراوانبوونی قاچاخچێتیی کاڵا بوو. نووسەر پێی وایە قاچاخچێتی لە زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا بوو بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکانی دابینکردنی بژێوی ژیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئەم دیاردەیە وەک نیشانەیەک بۆ دروستبوونی ئابوورییەکی نەتەوەیی کوردی ببینرێت؛ بەڵکو قاچاخچێتی زیاتر پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر بە سنووردارکردنی ئابووری و لەبەریەک هەڵوەشانی ڕێڕەوە نەریتییەکانی بازرگانی.
کێ بوو بەشداری لە ڕاپەڕینەکەدا کرد؟
بە بڕوای نووسەر، پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگای کوردیش کاریگەریی هەبوو لەسەر ئاستی بەشداربوون لە ڕاپەڕینەکەدا. بەشێکی سەرەکیی هێزە چەکدارەکانی ڕاپەڕینەکە لەو عەشایەر و گوندنشینانە پێکهاتبوون کە خاوەنی زەوی یان ئاژەڵ بوون. ئەم گروپانە، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ناوەندییان بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شێوازی ژیان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان دەبینی و لە ژێر کاریگەریی کایەی سەرۆک هۆزەکان و ڕێبەرانی ئاینیشدا بوون؛ بابەتێک کە کۆکردنەوەیانی ئاسانتر دەکرد. لە بەرامبەردا، زۆرێک لەو کوردانەی کە دانیشتووی شارەکان یان ئەو گوندانە بوون کە پێکهاتەی عەشایەرییان نەبوو، پاڵنەری کەمتریان هەبوو بۆ بەشداربوون لە ڕاپەڕینەکەدا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەم بزووتنەوەیە ڕێگەچارەیەکی دیاریکراوی بۆ کێشەکانی بژێوی و داواکارییە ئابوورییەکانیان پێشکەش نەدەکرد و زیاتر لەوەی سەرنجی لەسەر پێوەندییە ناوخۆییەکان بێت، دەوڵەتی ناوەندیی دەکردە ئامانج. نووسەر ئەوە دەرهەڵدەهێنجێنێت کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید، بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باوەوە، لە پشتگیریی یەکدەستی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگای کورد بەهرەمەند نەبوو و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش ڕۆڵیان هەبوو لە سنووردارکردنی ئاستی ڕاپەڕینەکەدا.
گرێدانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ڕێبەرایەتیی نەریتی
وتارەکە هەروەها ئاماژە بە پەیوەندیی نزیکی نێوان پێکهاتەی عەشایەری و ئابووریی خۆماڵی دەکات. بەپێچەوانەی هەندێک کۆمەڵگای دەرەبەگی (فیۆداڵی)، زۆرێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان خاوەنی سەروەت و سامانی زەبەلاح نەبوون و وابەستەیی ئابووریی توند لە نێوان ئەوان و خەڵکی ئاسایی هۆزەکەدا نەبوو. هەر ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ئەندامانی هۆزەکان بە متمانەیەکی زیاترەوە شوێن ڕێبەرەکانیان بکەون؛ بەتایبەت کاتێک بانگەوازی ڕاپەڕین لەلایەن کەسایەتییە بەناوبانگە ئاینییەکانی وەک شێخ سەعیدیشەوە پشتگیری دەکرا. بە بڕوای نووسەر، ئەم تێکەڵەیە لە کایەی ئاینی، هاوپشتیی عەشایەری و ناڕەزایەتیی ئابووری، یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی کۆکردنەوەی هێزەکان بوو لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا. نووسەر جەخت دەکاتەوە کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید ناتوانرێت تەنیا بە چەمکگەلێکی وەک "بزووتنەوەی ئاینی" یان "بزووتنەوەی نەتەوەیی" ڕوون بکرێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، فشارە ئابوورییەکان، لەبەریەک هەڵوەشانی پێکهاتەی نەریتیی بازرگانی، گۆڕانی پێوەندییەکانی خاوەندارێتی، ناوەندگەرایی دەوڵەت و ناڕەزایەتیی ناشی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە پاڵ فاکتەرە سیاسی و ناسنامەیییەکاندا، کۆمەڵێک بارودۆخیان هێنایە کایەوە کە ڕوودانی ئەم ڕاپەڕینەی گونجاو کرد.
چۆن ڕاپەڕینی شێخ سەعید هاوکێشە سیاسییەکانی تورکیای گۆڕی؟
نووسەر، لە بەشی کۆتایی وتارەکەدا لە سنوورەکانی مێژووی کورد تێدەپەڕێت و دەچێتە سەر دەرەنجامە سیاسییەکانی ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە سەرانسەری تورکیادا. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەگەرچی ئەم ڕاپەڕینە لە ڕووی سەربازییەوە پشتی شکا، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری نوێی تورکیادا زۆر قووڵتر بوو لە چارەنووسی خودی بزووتنەوەکە. ئەم ڕووداوە، دەرفەتێکی گونجاوی خستە بەردەست مستەفا کەمال بۆ ئەوەی نەیارە سیاسییەکانی خۆی وەلابنێت و سیستمی تاقەپارتی جێگیر بکات.
دەرفەتێک بۆ سڕینەوەی نەیارانی کۆماری
نووسەر پێی وایە کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید، زیاتر لەوەی حکومەتی نوێی تورکیا بلەرزێنێت، بوو بە ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی مستەفا کەمال. لەو سەردەمەدا، بەشێک لە فەرماندە و سیاسییانەی کە لە شەڕی سەربەخۆییدا لە تەنیشتی وەستابوون، وردە وردە لە سیاسەتە ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازەکانی ئەو دوورکەوتنەوە و "حزبی کۆماریی پێشکەوتنخواز"یان دامەزراند. ئەم حزبە کە لە ناوە دیارەکانی وەک کازم کارابەکر، ڕەئوف ئۆربای، عەلی فوئاد جەبەسۆی، ڕەفەت بەلۆ و عەدنان ئادیڤار پێکهاتبوو، داوای سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی ناوەندی، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و ڕادەستکردنی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەکرد. بە بڕوای نووسەر، دەستپێکردنی ڕاپەڕینی کوردان ئەم دەرفەتەی بە دەوڵەت بەخشی کە ئەم ڕەوتە سیاسییە بە هاوسۆزی لەگەڵ ڕاپەڕیوەکان تۆمەتبار بکات و زەمینەی سڕینەوەی فەراهەم بکات.
یاسای "پاراستنی نەزم" و دەستپێکی قۆناغی دەسەڵاتخوازی
حکومەتی عیسمەت ئینۆنۆ، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕاپەڕینەکە "یاسای پاراستنی نەزم" (تقریر سکون)ی لە ئەنجومەن پەسەند کرد؛ یاسایەک کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی دەبەخشی بە دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی نەیاران، داخستنی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان، قەدەغەکردنی چالاکیی پارتەکان و پێکهێنانی دادگا نائاسایییەکان. نووسەر ئەم یاسایە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماری تورکیادا دەزانێت؛ چونکە بە جێبەجێکردنی، کەشی کێبڕکێی سیاسی بە کردەوە لەناو چوو و کۆماری نوێ بەرەو سیستمی تاقەپارتی هەنگاوی نا. بە گوتەی نووسەر، زۆرێک لە نوێنەرانی کوردی ئەنجومەنیش لە ژێر فشاری کەشە ئەمنییەکەدا، دەنگی بەڵێیان بەم یاسایە دا؛ بڕیارێک کە دواتر بوو بە هۆی جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتی ناوەندی.
ڕاپەڕینێک کە بوو بە بیانوو بۆ سڕینەوەی ڕکابەرەکانی مستەفا کەمال
وتارەکە نیشانی دەدات کە دەوڵەتی تورکیا کۆشا بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی شێخ سەعید نەک وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی یان نەتەوەیی، بەڵکو تەنیا وەک ڕاپەڕینێکی ئاینی و "کۆنەپەرستانە" (ارتجاعی) بناسێنێت. ئەم گێڕانەوە فەرمییە، دوو ئامانجی دەپێکا: یەکەم، ڕەوا نیشاندانی سەرکوتی بەرفراوانی کوردەکان و دووەم، تۆمەتبارکردنی نەیارە سیاسییەکانی دەوڵەت بە پشتگیریکردن لە "کۆنەپەرستی". بەم هۆیەشەوە، یەکێک لە بەندەکانی بەرنامەی حزبی کۆماریی پێشکەوتنخواز کە جەختی لەسەر ڕێزگرتن لە ئازادیی بیروباوەڕە ئاینییەکان دەکردەوە، بوو بە دەستاوێژێک بۆ تۆمەتبارکردنی ئەم حزبە بە هاوکاری لەگەڵ ڕاپەڕیوەکاندا؛ تۆمەتێک کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حزبهکە.
ئایا نەیارانی مستەفا کەمال هاوکاریی ڕاپەڕینەکەیان کرد؟
نووسەر بەپشت بەستن بە بەڵگە مێژووییەکان جەخت دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لەسەر هاوکاریی ڕێکخراو لە نێوان ڕێبەرانی ڕاپەڕینی شێخ سەعید و نەیارە سیاسییەکانی مستەفا کەمالدا بوونی نییە. ئەگەرچی ڕێبەرانی کۆمەڵەی "ئازادی" کۆشان لە ڕێگەی هەندێک کەسایەتیی کوردەوە پەیوەندی بە ڕەوتی نەیاری دەوڵەتەوە بکەن، بەڵام ئەم پەیوەندییانە هەرگیز نەبوون بە هاوکاریی کرداری. هەروەها، بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی فەرمیی ئەو سەردەمە، هیچ بەڵگەیەک کە نیشاندەری هەماهەنگی بێت لە نێوان ڕاپەڕینی شێخ سەعید و سوڵتان محەمەدی شەشەم (وەحیدەدین) یان هێزە دەرەکییەکاندا لە بەردەستدا نییە. بە گوتەی نووسەر، نەیارانی مستەفا کەمالیش لە ڕاپەڕینەکە دوورکەوتنەوە؛ چونکە لە لایەکەوە نەدەویست لە تەنیشت جووڵانەوەیەکدا بوەستن کە دەوڵەت بە "کۆنەپەرستانە" دەیناساند و لە لایەکی تریشەوە، لە پشتگیریی ئاشکرا لە بزووتنەوەیەک کە داواکاریی نەتەوەیی کوردی هەبوو، خۆیان دەپاراست.
جێگیربوونی گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەت
نووسەر پێی وایە کە دوای شکستی ڕاپەڕینەکە، گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا سێبەری خستە سەر مێژوونووسیی ئەم ڕووداوە. لەم گێڕانەوەیەدا، ڕاپەڕینی ١٩٢٥ تەنیا وەک پەرچەکردارێکی ئاینی دژ بە چاکسازییەکانی کۆماری ناسێندرا و ڕەهەندە سیاسی، نەتەوەیی و ناسنامەیییەکانی پشتگوێ خران. لە ڕوانگەی وتارەکەوە، ئەم چوارچێوە لێکدانەوەیە، ساڵانێکی زۆر لە بەرهەمە فەرمییەکانی تورکیادا دووبارە کرایەوە و بوو بە هۆی ئەوەی ڕۆڵی کۆمەڵەی "ئازادی"، داواکارییە سیاسییەکانی کورد و زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ڕاپەڕینەکە، کەمتر سەرنجی پێبدرێت.
دەرەنجامەکانی شکستی ڕاپەڕینەکە
نووسەر لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە شکستی ڕاپەڕینی شێخ سەعید، تەنیا بە سەرکوتکردنی بزووتنەوەیەکی کوردی نەوەستا، بەڵکو ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆماری تورکیاشی گۆڕی. دوای ئەم ڕووداوە، دەوڵەت بە خێرایییەکی زیاترەوە بەرنامەکانی نوێکردنەوە و ناوەندگەرایی؛ لەوانە داخرانی خانەقا و تەکێکان، سنووردارکردنی ڕۆڵی دامەزراوە ئاینییەکان، جێبەجێکردنی چاکسازیی پۆشاک، پەسەندکردنی یاسای مەدەنیی نوێ و فراوانکردنی سیاسەتەکانی یەکدەستکردنی ڕۆشنبیریی بردە پێشەوە. بە بڕوای نووسەر، لەم ڕوانگەیەوە، ڕاپەڕینی شێخ سەعید دەبێت وەک یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا سەیر بکرێت؛ ڕووداوێک کە ئەگەرچی بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی خۆی نەگەیشت، بەڵام یارمەتیدەر بوو لە داڕشتنی سیستمی سیاسیی نوێ، جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتی ناوەندی و چڕبوونەوەی سیاسەتەکانی هاوچەشنکردنی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری لە دەیەکانی دواتردا.
وتارەکە لە کۆتاییدا ئەم تێڕوانینە دەخاتە ڕوو کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید ناتوانرێت تەنیا وەک ڕاپەڕینێکی ئاینی یان بزووتنەوەیەکی سەراپا نەتەوەیی سەیر بکرێت. ئەم ڕاپەڕینە دەرەنجامی یەکگرتنی کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی، ناسنامەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو کە لە بێدەرەتانی دروستبوونی کۆماری تورکیادا بە یەکترەوە گرێ دران. نووسەر بە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی کۆمەڵەی "ئازادی"، بەڵگە دەهێنێتەوە کە ئەم ڕێکخراوە لە گۆڕینی ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکانی کورد بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕێکخراو ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا؛ هەرچەندە شکستی ڕاپەڕینەکە، نەەک تەنیا ڕەوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەڵکوو پڕۆسەی جێگیربوونی کۆماری تورکیا و دروستبوونی سیستمی دەسەڵاتخوازی تاقەپارتیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
Your Comment