بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ هێنانەئارای بابەتی دەستپێکردنی بەجێهێنانی ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە سووریا، چەند دیمەنێک بڵاوبوونەتەوە کە نیشانی دەدەن چەکدارە توندڕەوەکانی ناو شاری سەرێکانی، هەڕەشە لەو کەسانە دەکەن کە بە تەمای گەڕانەوەن بۆ ئەو شارە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار، بڵاوی کردەوە: لەسەر بنەمای ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە چەکدارەکان لە یەکێک لە ناوچە گشتییەکانی ناوەندی شاری سەرێکانیدا کۆبوونەتەوە و گوتەی هەڕەشەئامێزیان دژ بەو ئاوارە و هاووڵاتیانە دەربڕیوە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
بڵاوبوونەوەی ئەم دیمەنانە لە کاتێکدایە کە باس و خواست و هەوڵەکان بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان زیادی کردووە؛ ئەم بابەتەش نیگەرانیی زۆری لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ئەو ڕێگرییە ئەگەراییانەی کە دێنە بەردەم گەڕانەوەی هاووڵاتیان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا داواکاریی زۆر خراونەتە ڕوو بۆ دابینکردنی بارودۆخی گونجاو و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتیی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی. ههروهها جەخت لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە و کۆتاییهێنان بە دیاردەی ئامادەیی بەربڵاوی چەکداران لە ناوچەکەدا کراوەتەوە.
Your Comment